riklam

مه‌كته‌بی سیاسی راگه‌یه‌نراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 11:01 AM - 2017-08-26
.

.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی ده‌ڤه‌ری باڵه‌كایه‌تی راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوده‌كاته‌وه‌و تێیدا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌ستدرێژی و سته‌مكردنێك له‌هه‌ڤاڵه‌كانی بێده‌نگ نابێت و ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ به‌زووترین كات دادگایی بكرێن.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌...
ئێواره‌ی دوێنێ (25/8/2017) له‌ گوندی (گونده‌ژوور)ی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی، له‌رووداوێكی نه‌خوازراودا، دوو هه‌ڤاڵی یه‌كێتی به‌ناوه‌كانی (فه‌رمان و لوقمان ئه‌سكه‌نده‌ر) له‌ناو باخ و ڕه‌زی خۆیاندا به‌هۆی هه‌ڵه‌شه‌یی و پابه‌ندنه‌بوون به‌یاساوه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كدار به‌ناهه‌ق شه‌هیدكران و دوو برای تریشیان برینداركران.
له‌كاتێكدا پرسه‌و سه‌ره‌خۆشی ئاڕاسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی (عومه‌ر ئاغای گونده‌ژووری) ده‌كه‌ین، كه‌  له‌بنه‌ماڵه‌ تێكۆشه‌رو نیشتمانپه‌روه‌ره‌كانی ناوچه‌ی باڵه‌كایه‌تی-ین، به‌توندی ئیدانه‌ی ئه‌و ده‌ستدرێژیانه‌ ده‌كه‌ین و به‌ده‌ستدرێژی بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری یاسا و مافی هاووڵاتیانی كوردستانی ده‌زانین.
 ناوچه‌ی باڵه‌كاتی، كه‌ هه‌میشه‌ له‌ شۆڕشه‌كانی گه‌لی كوردستاندا پێشه‌نگ بووه‌ له‌ قوربانیدان و خه‌بات، دوو ساڵه‌ به‌هۆی بوونی باره‌گای ئه‌و هێزه‌ چه‌كدارانه‌وه‌ گوندنیشن و جوتیاره‌كانی رووبه‌روی بۆردومان بوونه‌ته‌وه‌و ڕه‌زو باخه‌كانیان سووتاوه‌و زیانی زۆریان پێگه‌یشتووه‌.
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌به‌رامبه‌ر هه‌ر ده‌ستدرێژی و سته‌مكردنێك له‌هه‌ڤاڵه‌كانی بێده‌نگ نابێت و ده‌بێت ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م تاوانه‌ به‌زووترین كات دادگایی  بكرێن و وه‌ك تاوانبار سزای سه‌رپێچی و تاوانه‌كانیان وه‌ربگرن و ئه‌م كێشه‌یه‌ له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێ.  
 پێمانوایه‌ ئه‌مجۆره‌ ره‌وشه‌ عه‌سكه‌ریه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌كانی به‌شه‌كانی كوردستانه‌وه‌، له‌خزمه‌تی ئاشته‌وایی نیه‌ و له‌گه‌ڵ دۆخی سیاسی  و ئیقلیمی باشووری كوردستاندا ناگونجێ.


راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
26/8/2017

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket