riklam

كونسوڵی گشتی روسیا: خۆشحاڵم بە باشتربوونی تەندروستی سەرۆك تاڵەبانی

kurdistani 04:45 PM - 2013-05-22
كونسوڵی گشتی روسیاو رزگاری عەلی كۆبوونەوە

كونسوڵی گشتی روسیاو رزگاری عەلی كۆبوونەوە

پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ 2013/5/22، لە بارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری هەولێر رزگار عەلی ئەندامی مەكتەبی سیاسی‌و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەئامادەبوونی تەحسین نامیق یاریدەدەری لێپرسراوی پەیوەندییەكانی دەرەوەو ژمارەیەك لە ئەندامان‌و كادیرانی مەكتەبی پەیوەندییەكان پێشوازیكرد لە ڤالێری پۆسپیلۆڤ كونسوڵی گشتی روسیای فیدراڵ لە هەرێمی كوردستان‌و وەفدی هاوڕێی.

لەسەرەتای دیدارەكەدا رزگار عەلی بەپێویستیزانی ئەم جۆرە دیدارو بەسەركردنەوانە بەردەوامییان هەبێت لەپێناو  پتەوتركردنی پەیوەندی نێوان گەلی كوردو گەلانی روسیاو، ئاماژەی بە رۆڵی بەرچاوی هەڤاڵ مام جەلال كرد لە داڕشتنی ئەو پەیوەندییە لە ماوەی رابردوو، هەروەك ئاماژەی بەپێگە گرنگەی روسیای فیدراڵ لە ستراتیژییەتی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست‌و هاوكێشە نێودەوڵەتیەكان.

وتیشی: بوونی گۆنسوڵخانەی گشتی روسیا لە هەولێری پایتخەتی هەرێمی كوردستان ئاماژەیە بۆ پەیوەندییە پتەوەكانی نێوان هەردوولاو، بۆ پتەوتركردنی ئەو پەیوەندییانە پێشنیاریكرد كە بنكەیەكی رۆشنبیری روسیا لە شاری سلێمانی بكرێتەوە بەو پێەی كە شاری سلێمانی پایەتەختی رۆشنبیری كوردستانە.

پاشان رزگار عەلی‌و وەفدی میوان بە گرنگییەوە باسیان لە رەوشی ناوچەكە كردو  هەردوولا هاورابوون لەسەر ئەوەی كە دەبێت قەیرانی سوریا بە رێگەی دیالۆگ‌و گفتوگۆ چارەسەر بكرێت‌و مافی هەموو لایەك دەستەربەر بكرێت، تاكو گەلی كورد لە رۆژئاوای كوردستان بتوانێت لە سایەی حكومەتێكی دیموكراتدا مافە رەواكانی خۆی بەدەست بهێنێت.

هەروەها باس لە پرۆسەی ئاشتی  لە توركیا كراو، رزگار عەلی داوای كرد كە وڵاتی روسیا بە گرنگییەوە بڕوانێتە ئەو پرۆسەیەو پشتگیری لێبكات.

لای خۆشیەوە كۆنسوڵی گشتی روسیای فیدراڵ  لە هەرێمی كوردستان سوپاسی‌و پێزانینی خۆی ئاراستەی لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان كرد بۆ ئەو پێشوازییەو خۆشحاڵی خۆیشی دەربڕی بۆ باشتربوونی تەندروستی فەخامەتی سەرۆك مام جەلال سەرۆك كۆماری عیراق‌و هیوای خواست كە پەیوەندی نێوان گەلی كوردو گەلانی روسیا رۆژ لە دوای رۆژ بەرەوە پێشەوە بچێت.

وتیشی: كاركردنی كۆمپانیای نەوتی گازپرۆمی روسی لە هەرێمی كوردستان ئاماژەیە بۆ باشی پەیوەندیەكانی نێوان هەرێم‌و روسیاو هەروەها پەیوەندییە بازرگانیەكان.

لەكۆتاییدا لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەندییە گشتییەكان داوایكرد كە كۆمپانیا روسییەكان بەپێی بورای خۆیان بەشداری پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستان بكەن.

PUKmedia راگەیاندنی مەكتەبی پەیوەندیيەكان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket