riklam

دانیشتنەكەی ئەنجومەنی نوێنەران راوێژكاری دەبێت

kurdistani 12:52 PM - 2013-05-21
ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق

سەرچاوەیەك لە پەرلەمانی عیراق رایگەیاند دانیشتنە نائاساییەكەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەران بەبێ ئامادەبوونی وەزیری بەرگری بە وەكالەت و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەمنیی تر بەڕێوەدەچێت، هاوپەیمانی كوردستانیش پێیوایە بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی (نصاب قانونی)، دانیشتنەكە دەبێتە دانیشتنێكی راوێژكاری.

سەرچاوەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق وتیشی: ئەو فەرماندە ئەمنییانەی كە بانگهێشتكرابوون بۆ دانیشتنەكە، تائێستا هیچ وەڵامێكیان نەداوەتەوە و پێدەچێت ئامادەی دانیشتنەكە نەبن.

لەلایەن خۆشیەوە ئازاد ئەبوبەكر ئەندامی لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی بە PUKmedia ی راگەیاند كە فراكسیۆنەكەیان ئامادەی دانیشتنەكە دەبێت، هەروەك ئاماژەی بەوەشدا پێدەچێت دانیشتنەكە راوێژكاری بێت، ئەویش بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاساییەوە.

ناوبراو ئاشكراشیكرد كە بەرپرسە ئەمنییە بانگهێشتكراوەكان ئامادەی دانیشتنەكە نابن، ئاماژەی بەوەشدا ئەوانەی بەشداری دانیشتنەكە ناكەن هیچ گرنگییەك نادەن بە خوێنڕژانی عیراقییەكان كە رۆژانە دەبنە قوربانی كردەوە تیرۆریستییەكان.

دوێنێ 20-5 سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە بەیاننامەیەكدا داوای لە پەرلەمانتاران كرد بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر گرژی و ئاڵۆزییەكان و نالەباری دۆخی ئەمنیی وڵات، ئامادەی ئەو دانیشتنە نائاساییە ببن، كە بڕیارە سەعات یەكی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوە بچێت.

پێشتریش سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە (وەزیری بەرگری بە وەكالەت، بریكاری پێشكەوتووی وەزارەتی ناوخۆ، بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری، فەرماندەی ئۆپراسیۆنەكانی بەغدا و دیجلە) بەمەبەستی گفتۆگۆكردن لەبارەی نالەباری دۆخی ئەمنیی وڵات ئامادەی دانیشتنەكە ببن و روونكردنەوەی تەواو بە گەلی عیراق بدەن.

لەلایەكی دیكەوەو لەلێدوانێكی تایبەتدا بۆ PUKmedia پەرلەمانتار سامان فەوزی لەسەر فراكسیۆنی هاوپەیمانی كوردستانی دووپاتیدەكاتەوە كە سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان ئامادەی دانیشتنەكە دەبن، هاوكات هاوڕایە كە بەهۆی تەواونەبوونی رێژەی یاسایی، پێدەچێت دانیشتنەكە راوێژكاری بێت.


PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket