riklam

لەرۆژی پاراستنی شوێنەوارەكانی كوردستان ئەشكەوتی شانەدەر كرایەوە

kurdistani 03:42 PM - 2013-05-04
شانەدەر یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی هەرێم

شانەدەر یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی هەرێم

بە چاودێری‌و بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەراسیمی رۆژی پاراستنی شوێنەوارەكانی كوردستان بەڕێوەچوو.

بەمەبەستی زیاتر گرنگیدان بە پاراستن‌و گەشەپێدانی شوێنەوارە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان، بە دروشمی "رۆژی پاراستنی شوێنەوارەكانی كوردستان‌وبە ناونیشانی شانەدەر یەكەمین میللـەتی گوڵ"  بە ئامادەبونی ژمارەیەك لە نوێنەرو كۆنسوڵی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان‌و شارزایانی بواری شوێنەوارو لێپرسراوانی دەزگاو رێكخراوەكانی شوێنەوار ناسی، لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە، ئەشكەوتی شانەدەر بە رووی گەشتیارانی ناوخۆو بیانیدا كرایەوە كە لەلایەن شوێنەوار ناسانی كوردستان‌و بەریتانیا كار لەسەر پڕۆژەی زۆنی پاراستنی ئەشكەوتی شانەدەر كراوە.

لەو مەراسیمەدا هەریەك لە نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێرو سامان حسێن ئەندامی كۆمەڵەی دۆستایەتی كوردستان – بەریتانیا، لە وتەیەكیاندا بە گرنگیەوە باسیان لە شوێنەوارە دێرینەكانی كوردستان كرد بە تایبەت ئەشكەوتی شانەدەر كە لانكەی شارستانی‌و مرۆڤایەییەو  مێژوویێكی دێرینی هەیە، هەروەها ئاماژەیان بە هەوڵەكانی دەزگاو رێكخراوەكانی تایبەت بە شوێنەواری كرد بۆ پاراستن‌و گەشەپێدانیان.

لە بەشێكی دیكەی ئەو مەراسیمەدا مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش پەردەی لە سەر پەیكەری راڵف سۆلكێ‌ لادا كە شوێنەوارناسێكی ئەمریكیەو سێ‌ پەرتووكی لە سەر مێژووی شارستانیەتی مرۆڤ لە ئەشكەوتی شانەدەر نوسیوە.

لەناو ئەشكەوتی شانەدەریشدا پێشانگایەكی فۆتۆگرافی كرایەوە كە وێنەكان بەڵگەی هەلكۆڵین‌و پاشماوەكانی ژیان بووە لە ناو ئەشكەوتی شانەدەرو ئەو گژو و گیاو گوڵانەی لە دەوری ئەشكەوتەكە بونیان هەیە.

ئەشكەوتی شانەدەر یەكێكە لە شوێنەوارە دێرینەكانی هەرێمی كوردستان‌و كەوتووەتە بناری شاخی برادۆست لە زنجیرە چیاكانی زاگرۆس لە سنوری قەزای مێرگەسوور، لە ساڵەكانی  1951 – 1960  لەلایەن شوێنەوارناسی بە رەگەز ئەمریكی  "راڵف سۆلكی"و تیمەكەی لە زانكۆی كۆڵۆمبیا هەڵكۆڵینی شوێنەواری بە شێوەیەكی زانستی بۆ كراوەو یەكەمین ئیسكە پەیكەری مرۆڤ لەو ئەشكەوتەدا دۆزراوەتەوە كە مێژووەكەیان بۆ  60000 - 80000 هەزار ساڵ بەر لە ئەمڕۆ دەگەڕێتەوە.

ئەشكەوتی شانەدەر  762م  لەسەر ئاستی رووی دەیاوە بەرزەو 3 كیلۆمەتر لە رووباری زێی گەورەوە دوورە.

PUKmedia ئیسماعیل شەمزینی - مێرگەسوور

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket