}

کچە شێوەکارێک: بەپۆرترێت هەستەکان لە روخساری مرۆڤ دەردەخەم

ریپۆرتاژ‌ 09:20 PM - 2021-07-27

.

هونەرمەندی شێوەكار پەرێز شوان خاوەن سەلیقەیەكی جوانی هونەری شێوەكارییە ،سەرەتای وێستگەكانی هونەری لە شارەدێی خەلیفان، لە قوتابخانە بەشداری چەندین پیشانگەی هاوبەشی كردوە،دایك و باوكی پاڵپشتی سەرەكی بوون بۆ ئەوەی لەهونەر بەردەوام بێت،بۆ پەرەپێدانی حەزوو ئارەزووەكانی دەچێتە كۆلێژی هونەرلەهەولێر..  نەبوونی هۆڵ لە خەلیفان بۆنمایش كردنی بەرهەمی هونەرمەندان یەكێكە لە كێشەوگرفتی هونەرمەندانی ناوچەكە..بەچەند پرسیارێك بەسەرمان كردەوە. 

*پێمان باش بوو كورتەیەك لە ژیانی هونەری خۆت بۆ خوێنەرانمان باس بكەیت.

- من پەرێز شوان خەڵكی شارەدێی خەلیفانم لەدایكبووی ساڵی ٢٠٠٠ هەر لە منداڵییەوە خولیاو ئارەزووی هونەری  شێوەكاریم هەبوو لە قۆناغەكانی خوێند بەشداری زۆربەی پیشانگەكان بەشداریم كردوە، هەر ئەو حەزو ئارەزوە وای لێكردم بچمە كۆلێژی هونەر بەشداری چەندین پیشانگەی هاوبەشم كردوە ،یەك پیشانگەی تایبەتم كردۆتەوە،لە ئێستادا قوتابیم لە كۆلێژی ھونەرەجوانەكانی زانكۆی سەڵاحەددین بەشی شێوەكاری.  

* پێش ئەوەی  بچن بۆ كۆلێژی هونەرە جوانەكان ئێوە  چۆن  ئاشنا بوون بە هونەری شێوەكاری ؟

-هەر لە منداڵیەوە حەز و خولیام هەبووە بۆ وێنەكێشان بەڵام نەمتوانیوە گرنگی پێ بدەم و بەردەوام بم تا تەمەنی 18 بۆ 19 ساڵیم ئەوكات توانیم دووبارە بگەڕێمەوە بۆ ناو هونەر و دەست بە ڕاھێنان و چاڵاكیەكانم بكەم بۆ بەدی هێنانی خولیاكانم ،بۆ ئەوەی بتوانم بەردەوام بم لەناو هونەر و گرنگی پێ بدەم بۆیە بڕیارم دا بڕۆمە كۆلێژی هونەر و بە شێوەی ئەكادیمی بخوێنم سەرەتا زۆر حەزم بە دیزاینی جل و بەرگ بوو بەڵام لەبەر ھەندێ ھۆكار وازم ھێنا و دەستم كرد بە كێشانی پۆرترەیت و حەزێكی زۆرم بۆی دروست بوو، وە حەزم بە دەرخستنی جوانی ڕوخساری مرۆڤ ھەیە كەمتر حەزم بە سروشتە چونكە پێم وایە ئێمە ئەتوانین سروشتێكی جوان ببینین بەڵام كەممان ئەتوانین ڕووخساری مرۆڤ بخوێنینەوە لەبەر ئەوە حەزم بە دەرخستنی ھەستەكانە لە ڕوخساری مرۆڤ ، بۆیە گرنگیم دا بە پۆرترەیت و بەردەوام بووم لەسەری. 

00 (1).jpg

* بێگومان پاڵپەشتی لەهەر كارێك پێویستە، كێن ئەو كەسانەی هاندەر و پاڵپشتی پەرێز بوون؟

-ھەر لە منداڵیمەوە دایكم و باوكم پاڵپشتی سەرەكی من بوون و وە پورێكم كە هەم مامۆستام بوو هەم پاڵپشتێكی زۆر باشم بوو و هانی دام بڕۆمە كۆلێژی ھونەر وە ھاوڕێیەكی زۆر ئازیزم یارمەتی دام كە ئەم كۆلێژە ھەڵبژێرم و پەرە بە ھیواكەم بدەم لە قوتابخانەش بەھرەی وێنەكێشانم دیار بوو لەبەر ئەوە مامۆستاكانم و ھەندێ لە ھاوڕێكانم پاڵپشتم بوون، لێرەدا رێز و خۆشەویستم هەیە بۆیان . 

* جگە لە وێنە كێشان،لە دیزاینش دەستێكی باڵاتان هەیە، دەكرێت ئاماژە بەو لایەنەش بكەیت؟

- وەك دەزانن كە زۆربەی ھونەرمەند و نوسەر و شاعیرانی كورد لە زۆر بواردا دەستڕەنگینن ،منیش دیزاین یەكێكی دیكەیە لە ئارەزووە گەورەكانم لە تەك وێنەكێشاندا ھەر خۆی ئەم دوو بوارە لە یەكەوە نزیكن بەڵام من زیاتر كاتم بۆ وێنەكێشان تەرخان كردووە بەڵام دیزایین خولیایەكی گەورەمە ھەرچەندە زۆر ئیشم لە سەری نەكردووە بەڵام پێم وایە لە داھاتوو ئەیكەم بە ئیشی سەرەكی خۆم و حەزەكەم لەم بوارە كار بكەم،وە ھەندێ ئیشم لەسەر دیزاینی گڕافیك كردووە پێم وایە ئەتوانم لەم بوارە بەرھەمێكی باش پێشكەش بكەم و زۆربەی خەڵكیش بە دڵیان بووە و خواستیان لەسەری ھەبووە. 

* لە خەلیفان شوێنی تایبەت هەیە بۆ نمایش كردنی بەرهەمەكانت بۆنموونە هۆڵی تایبەت هەیە؟

زۆر بە داخەوەم ،كە زۆر بە كەمی ئەتوانم تواناكانم دەرخەم لەبەرئەوەی شوێنێكی تایبەت نییە بۆ نمایشكردنی ئیشەكانم وادیارە ئەگەر ئارەزووی خزمەت كردنم ھەبێت ئەوە سەختتر و دژوارتر ئەبێت بۆم ،بەڵام ھێزی خولیاكانم زۆر گەورەترە و بە پشتیوانی خودا انشا‌و الله سەردەكەوم. 

١٤.jpg

* بەشداری چەند پیشانگات كردووە؟

بێگومان لە تەمەنی منداڵیم لە خەلیفان ھەر كاتێك پیشانگا كرابێتەوە من بەژدار بوومە وە جگە لەوە بەژداریم كردووە لە پێنج پیشانگای ھاوبەش وە لە ھەولێر و سۆران وە پیشانگایەكی تایبەتم كردۆتەوە لە سۆران ھیواخوازم بتوانم لە چالاكی زیاتر بەژداری بكەم و بەردەوام بم. 

* ئاستی هونەری شێوەكاری لەناوچەی سۆران چۆن هەڵدەسنگینێت؟

ھونەر مەیدانێكە بۆ خۆشگوزەرانی و بڵاكردنەوەی ھۆشیاری و ڕۆشنبیریەت ، بەڵام بەداخەوە من لە ئاستێكی وا باش نایبینم ھەرچەندە جێگای سەرسوڕمانە كە كورد خاوەنی ھونەرو كلتوری تایبەت بە خۆیەتی لەبەر ئەوەی ھەمومان ئەزانین كە ھۆكاری سیاسی و ھەڵوێستی دوژمنانی كورد ھۆكارێكە بۆ دواكەوتن و كاریگەری لەسەر ھونەری كوردی لەبەر ئەوە ھونەرمەندی كورد كە ئەگەر كەموكوڕیشی ھەبێت ئەوا قوربانی بارودۆخە سیاسییەكانن بەڵام ھۆكارێكی تریش كە بوەتە ھۆی ئەم دواكەوتنە حكومەتە كە وەك پێویست ، ھەڵنەستاوە بە ئەركی خۆی و گرنگی نەداوە بە ھونەر و ھونەرمەندان. 

١٣.jpg

* بیرت لەوە نەكردۆتەوەبەرهەمەكانت لەشارەكانی هەولێر، سلێمانی ، دهۆك نمایش بكەیت؟

- بەڵێ ئەكید پێشتر لە ھەولێر ئیشەكانمم نمایش كردووە انشەڵڵا لە داھاتوو ئەتوانم لە شارەكانیتریش نمایشی بكەم. 

* كامەن ئەو هونەرمەندانەی كاریگەیان لەسەر تۆ هەیە؟ 

ئەگەر باسی ھونەرمەندانی كورد بكەم ئیشی زۆربەیانم بە دڵە، بەڵام تایبەترینیان مامۆستایەكی خۆم مامۆستا نامۆ ڕۆستەم ھەرچەندە ستایلی ئیشەكانم دوورە لە هی ئەو بەڵام بە تەواوی كاریگەری ھەبوو لەسەرم وە چەندین هونەرمەندیتر كە ئیشەكانی زۆر تایبەتەلام وەكو بەڕێز سالار مەجید وە ئەگەر باسی ھونەرمەندانی بیانی بكەم ، بە ھەمان شێوە ئیشی زۆربەیانم بە دڵە بەڵام زۆر ئارەزووم لە ئیشەكانی پابلۆ پیكاسۆیە. 

* پرۆژەی هونەری نوێت هەیە؟ 

بێگومان پڕۆژەی هونەری نوێم هەیە، بە تایبەت لە بارەی دیزایین كردنی بووك ماڕكە (مۆتیڤ) ،وە دەستم بە بەشێكی كردووە بەڵام نامەوێت زیاتر لەوە ئاماژەی پێ بدەم ئینشا‌ئەڵا لە داھاتوو ئەیبینن.

*زۆر سوپاس بۆئەو دەرفەتەی بەئێمەت بەخشی بەهیوای پرۆژەو كاری هونەری جوانتر.

-منیش سوپاسی ئێوە دەكەم بۆ ئەو دیدارە.

PUKmedia هەڤپەیڤین- كامەران حاجی ئەلیاس  

١٥.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو