}

ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا ته‌وه‌ره‌كانی رێكه‌وتننامه‌ی ستراتیژی له‌گه‌ڵ عیراق بڵاوده‌كاته‌وه‌

عیراق 07:01 PM - 2021-07-24

.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 24ی ته‌مووزی 2021 رایگه‌یاند له‌ كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵای نێوان عیراق و ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌واشنتۆن جه‌ختكراوه‌ته‌وه‌ له‌سه‌ر فراوانكردنی ئاستی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عیراق.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌بڵاوكراوه‌یه‌كدا راشیگه‌یاند، كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی هه‌ماهه‌نگی باڵای نێوان عیراق و ئه‌مریكا كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌واشنتۆن سازكرابوو جه‌ختیشی كردبوه‌وه‌ له‌سه‌ر فراوانكردنی ئاستی پشتیوانییه‌كانی ئه‌مریكا بۆ عیراق له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا.

له‌بواری گشتی و په‌تای كۆرۆنادا:
* ئه‌مریكا بڕی 500 هه‌زار دۆزی ڤاكسینی فایزه‌ر -بایۆنتیك له‌میانی ده‌ستپێشخه‌ری كۆفاكس پێشكه‌شی عیراق ده‌كات.
* وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕی 800 هه‌زار دۆلار پێشكه‌شی عیراق ده‌كات له‌پێناو په‌ره‌دان به‌ رێكاره‌كانی سه‌لامه‌تی به‌مه‌به‌ستی رێگریكردن له‌خراپ به‌كارهێنانی نموونه‌ بایۆلۆجییه‌كان و كه‌لوپه‌له‌ پزیشكییه‌كان.
* ئه‌مریكا به‌رده‌وام ده‌بێت له‌پشتگیری هه‌وڵه‌كان بۆ خۆپارێزی له‌كۆڤید-19 ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی هۆشیاری كۆمه‌ڵگه‌و وه‌رگرتنی ڤاكسین و به‌رده‌وامیدان به‌خزمه‌تگوزارییه‌ ته‌ندروستییه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و ده‌سته‌به‌ركردنی ته‌ندروستی له‌بواری مێشك و پاڵپشتییه‌ ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان.
* سه‌نته‌ره‌كانی ئه‌مریكا هه‌ڵده‌ستن به‌كۆنترۆڵ كردنی نه‌خۆشییه‌كان و خۆپاراستن لێیان و راهێنانی كارمه‌ندان له‌بواره‌كانی ته‌ندروستی گشتی.

بواری مرۆیی:
* ئه‌مریكا رایگه‌یاندووه‌ كه‌ بڕی 155 ملیۆن دۆلاری تر وه‌ك هاوكاری مرۆیی پێشكه‌شی عیراق ده‌كات به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی شوێن و چاودێری ته‌ندروستی و خواردن و خزمه‌تگوزاریی پاكوخاوێنی له‌سه‌رجه‌م ناوچه‌كانی عیراق، هه‌روه‌ها له‌ڕێگه‌ی ئه‌م هاوكارییه‌ داراییه‌وه‌، یارمه‌تی ئاواره‌كان ده‌درێت بۆ ده‌ستگه‌یشتنیان به‌ پێناسه‌ی شارستانی و خزمه‌تگوزارییه‌ یاساییه‌كان و باشكردنی توانای فه‌رمانگه‌كانی چاودێری ته‌ندروستی و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی ده‌ستگه‌یشتن به‌خوێندن و هه‌لی كار.

بواری وزه‌ی خاوێن و گۆڕانی كه‌شوهه‌وا:
* ئه‌مریكا به‌نیازه‌ هاوكاری هونه‌ری له‌بواری وزه‌ی نوێبووه‌و خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌وا پێشكه‌ش بكات.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ستایشی عیراق ده‌كات له‌هه‌وڵه‌كانیدا بۆ پێشكه‌شكردنی هاوكاری له‌بواری گۆڕانی كه‌شوهه‌وا له‌چوارچێوه‌ی رێككه‌وتننامه‌ی پاریسی سه‌ر به‌نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان.
* ئه‌مریكا به‌نیازه‌ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ عیراقدا بكات بۆ به‌هێزكردنی تواناكان بۆ ئیداره‌دانی خۆگونجان له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌واو سووككردنی لێكه‌وته‌كان و رێگریكردن له‌سووتانی غازو په‌ره‌دان به‌ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌و هاندان بۆ پارێزگاریكردن له‌ئاوو پاڵپشتیكردن له‌پاراستنی رووه‌ك و گیانله‌به‌ره‌ لۆكاڵییه‌كان له‌عیراق.
* هه‌روه‌ها ئه‌مریكا هانی عیراق ده‌دات تاوه‌كو به‌شداری بكات له‌ده‌ستپێشخه‌ری (ئه‌ركی داهێنانی كشتوكاڵی بۆ خزمه‌تی كه‌شوهه‌وا).
* زانایان و كه‌سایه‌تییه‌ زانستییه‌كانی ئه‌مریكاو عیراق به‌نیازی ئاڵوگۆڕی بیروڕان له‌باره‌ی خۆگونجاندن له‌گه‌ڵ كه‌شوهه‌واو سووككردنی لێكه‌وته‌كانی.

بواری هاوكاری ئابووری:
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و عیراق گفتوگۆیان كردووه‌ له‌باره‌ی رێوشوێنه‌كانی هه‌ڵسانه‌وه‌ی پرۆژه‌ ژیارییه‌كانی وزه‌ به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان و ئاسانكاری بۆ بازرگانیكردن به‌ به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانی ئه‌مریكا.
* ئه‌مریكا ئاماده‌یی خۆی ده‌ربڕیوه‌ هاوكاری عیراق بكات له‌جێبه‌جێكردنی كاغه‌زی سپی چاكسازیی ئابووری.
* كۆمپانیای دارایدانی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ عیراقدا به‌رده‌وام ده‌بن له‌باره‌ی جێبه‌جێكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی نێوانیان و به‌نیازیشه‌ ئاستی وه‌به‌رهێنان له‌عیراقدا بگه‌یه‌نێته‌ یه‌ك ملیار دۆلار، ئه‌وه‌ش به‌مه‌به‌ستی پێشخستنی چالاكی كه‌رتی تایبه‌ت، كه‌به‌هۆیه‌وه‌ ده‌رگا له‌به‌رده‌م دامه‌زراندن ده‌كاته‌وه‌و هه‌لی كار بۆ هاووڵاتیانی عیراق ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.
* هه‌روه‌ها كۆمپانیای دارایدانی گه‌شه‌پێدانی نێوده‌وڵه‌تی ئه‌مریكا به‌نیازه‌ له‌مساڵدا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی گریمانه‌یی بۆ كۆمپانیا ئه‌مریكی و عیراقییه‌كان رێكبخات و هاوكارییان بكات تاوه‌كو ئاسانكاری له‌پرۆژه‌كانی وه‌به‌رهێناندا بكرێت.

له‌بواری مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌ڵبژاردنه‌كاندا:
* هه‌ردوو وه‌فدی ئه‌مریكاو عیراق باسیان له‌وه‌كردووه‌ كه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌چ رێگایه‌ك و چۆن ده‌توانێت پشتگیریی له‌حكومه‌تی عیراق بكات تاوه‌كو پارێزگاری له‌ژیانی گشتی خۆپیشانده‌ران و چالاكوان و ژنان و رۆژنامه‌نووسان بكات و به‌دواداچوون بۆ پرسه‌كانیان له‌دادگا بكات له‌باره‌ی ئه‌و تاوان و توندوتیژییانه‌ی له‌به‌رامبه‌ریان ئه‌نجام ده‌درێت.
* به‌مدواییانه‌ ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕی 9 ملیۆن و 700 هه‌زار دۆلاری پێشكه‌شی نێرده‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ یارمه‌تیدانی عیراق (یۆنامی) كردووه‌، تاوه‌كو له‌لایه‌نی هونه‌رییه‌وه‌ هاوكاری هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات، هه‌روه‌ها ئه‌مریكا پلانی هه‌یه‌ بڕی 5 ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلاری دیكه‌ پێشكه‌شی تیمی چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌ر به‌ نێرده‌ی یۆنامی بكات كه‌وا چاوه‌ڕوان ده‌كرێت به‌هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ كۆنگرێسدا به‌شداری له‌چاودێری هه‌ڵبژاردنه‌كاندا بكه‌ن.
* هه‌ردوو وڵات له‌سه‌ر ئه‌وه‌ رێككه‌وتن كه‌ بوونی تیمه‌كانی چاودێری سه‌ر به‌نێرده‌ی یۆنامی و یه‌كێتیی ئه‌وروپا، راستگۆیی و په‌رۆشی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌رده‌خات له‌پێناو پشتیوانیكردنیان له‌داواكارییه‌كانی گه‌لانی عیراق به‌مه‌به‌ستی به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌ردو ئازاد له‌مانگی تشرینی یه‌كه‌می داهاتوودا.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان جارێكی تر جه‌ختده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌یه‌وێت به‌رده‌وام بێت له‌سه‌ر پشتیوانیكردنی عیراق و یارمه‌تیدانی ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یانه‌ی كه‌ تیرۆرستانی داعش به‌ئامانجی گرتبوون و چاككردنی دۆخی ژیان و باروگوزه‌رانیان، كاركردن بۆ راهێنانه‌وه‌یان و تێكه‌ڵكردنه‌وه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی ئاشتییانه‌ له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی عیراقدا.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ستایشی حكومه‌تی عیراق ده‌كات له‌باره‌ی په‌سه‌ندكردنی یاسای رزگابووانی كوردانی ئێزیدیی، وه‌فدی هه‌ر دوو وڵاتیش رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێویستی جێبه‌جێكردنی یاساكه‌و پشتیوانیكردن له‌به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی نوێی كاروباری رزگاربووانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی كارو كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، و ئاسانكاری بۆ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی رزگاربووانی كوردانی ئێزیدیی له‌چنگی داعش، هه‌روه‌ها پێویسته‌ حكومه‌تی عیراق پابه‌ند بێت به‌ده‌ركردنی یاسایه‌ك له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدڕاڵی بۆ چه‌سپاندنی زیاتری دادپه‌روه‌ری له‌به‌رامبه‌ر رزگاربووانی چنگی تیرۆستانی داعش.

بواری خوێندنی باڵاو زانست و كه‌لتووری:
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ساڵی 2017ه‌وه‌،  بڕی 17 ملیۆن و 500 هه‌زار دۆلاری پێشكه‌ش كردووه‌ بۆ پشتیوانیكردن له‌و دامه‌زراوانه‌ی كه‌ سه‌ر به‌خوێندنی باڵان و ناحكومیی و قازانج نه‌ویست بوون.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و عیراق و دامه‌زراوه‌ی سمیسسونیه‌ن بڕیاریانداوه‌ پرۆژه‌ی دروستكردنه‌وه‌و چاككردنه‌وه‌ی شوێنه‌واری نه‌مرود فراوانتر بكرێت و ماوه‌كه‌شی درێژ بكرێته‌وه‌.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان هاوكاری پێشكه‌شی  ئه‌و پرۆژانه‌ ده‌كات كه‌ پارێزگاری له‌شوێنه‌واره‌كانی بابل و موسڵ و هه‌ولێرو چه‌ند جێگه‌ی تر ده‌كات كه‌مه‌ترسییان له‌سه‌ره‌.
* ئه‌مریكا به‌نیازه‌ ده‌ستپێخه‌رییه‌ك رابگه‌یه‌نێت بۆ كردنه‌وه‌ی مۆزه‌خانه‌یه‌كی نوێی گریمانه‌یی به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی ده‌وڵه‌ت بۆ شوێنه‌وارو كه‌له‌پوور به‌ناونیشانی (سامانی شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری وڵاتی نێوان دوو رووبار)، به‌هۆیه‌وه‌ ملیۆنان شوێنه‌وارو كه‌له‌پووری ده‌وڵه‌مه‌ندی عیراق بخرێته‌ ناو ئینته‌رنێت.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان بڕی 1ملیۆن و 200 هه‌زار دۆلار وه‌ك ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بۆ زانكۆ رزگاركراوه‌كان ته‌رخان ده‌كات و ئه‌و زانكۆیانه‌ی پێ چاكده‌كرێته‌وه‌ كه‌ به‌ده‌ستی تیرۆرستانی داعش له‌پارێزگای نه‌ینه‌وا خاپوورو وێرانكرابوون.
* ولایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان و عیراق جارێكی تر جه‌ختیان كرده‌وه‌ له‌سه‌ر پابه‌ندبوونیان به‌ پرسی ده‌رچووانی زانكۆو په‌یمانگاو به‌شه‌ پیشه‌ییه‌كان، به‌شێوه‌یه‌ك بێت تاكی به‌هێزیان لێ به‌رهه‌م بهێنرێت و توانای كاركردنیان هه‌بێت، ئه‌وه‌ش له‌ڕێگه‌ی شێوازێكی پێشكه‌وتووی خوێندن و ده‌رفه‌تی فراوان بۆ فێربوون و زه‌ماله‌ی خوێندن، ئه‌وه‌ش له‌میانی هاوبه‌شی له‌نێوان خوێندنی باڵاو به‌رنامه‌ی فولبرایت و به‌رنامه‌ی ئاڵوگۆڕی سه‌ركرده‌ لاوه‌ عیراقییه‌كان و به‌رنامه‌ی هاوكاری دارایی به‌مه‌به‌ستی فێربوونی زمانی ئینگلیزی.

PUKmedia به‌دواداچوون و وه‌رگێڕان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket