}

ته‌ندروستی كه‌ركوك كوتانی كارمه‌نده‌كانی ده‌كاته‌ زۆره‌ملێ

کوردستان 03:58 PM - 2021-07-24

.

فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك وه‌ك هه‌نگاوێك بۆ روبه‌روبونه‌وه‌ی شه‌پۆلی نوێی بڵاوبونه‌وه‌ی ڤایرۆسی  كۆرۆنا له‌كه‌ركوك كه‌به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو ته‌شه‌نه‌ی كردووه‌ چه‌ند بڕیارێكی نوێ ده‌رده‌كات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌مڕۆ 24-7-2021، له‌هۆڵی سه‌لام له‌شاری كه‌ركوك ئه‌نجومه‌نی فه‌رمانگه‌ی ته‌ندروستی كه‌ركوك بۆ هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر ره‌وشی كۆرۆنا كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجامدا و چه‌ند بڕیارێكی بۆ به‌رگرتن به‌زیاتر بڵاوبونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنای ده‌ركرد.

له‌باره‌ی كۆبونه‌وه‌كه‌وه‌ د.نه‌بیل حه‌مدی به‌شناق به‌رێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستی پارێزگای كه‌ركوك له‌كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: بڕیارماندا كوتانی كارمه‌ندانی ته‌ندروستی له‌پارێزگاكه‌دا بكه‌ینه‌ زۆره‌مڵی.

وتیشی: ئه‌و بڕیاره‌ له‌مانگی ئابدا ده‌خه‌ینه‌ بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و هه‌ر پزیشك و كارمه‌ندێك پابه‌ند نه‌بێت رێكاری به‌رامبه‌ر ده‌گرینه‌به‌ر.

د.نه‌بیل وتیشی: وه‌كو رێكاری تر بریارمانداوه‌ كه‌به‌شێك له‌هه‌ر یه‌ك نه‌خۆشخانه‌كانی ئازادی و كۆماری و پیشه‌سازی بكه‌ینه‌ یه‌كه‌ی تایبه‌ت به‌چاره‌سه‌ری كۆرۆنا دوای ئه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی وه‌فا 14 له‌كه‌ركوك پڕبووه‌ له‌نه‌خۆشی كۆرۆنا و شوێنی وه‌رگرتنی نه‌خۆشی نه‌ماوه‌.

راشیگه‌یاند: به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی هاتونه‌ته‌پێش له‌وانه‌ ناوخۆ و به‌رگری و خوێندنی باڵا هه‌ڵمه‌تی كوتان بۆ هێزه‌كانیان و كارمه‌ندان و خوێندكاران ئه‌نجام ده‌ده‌ین و بنكه‌ی تایبه‌تی كوتانیشیان بۆ ده‌كه‌ینه‌وه‌.

به‌رێوه‌به‌ری ته‌ندروستی كه‌ركوك راشیگه‌یاند: گشتاندن بۆ پارێزگای كه‌ركوكیش ده‌كه‌ن كه‌ته‌واوی كارمه‌ندانی حكومه‌ت له‌كه‌ركوك ناچار بكرێن خۆیان به‌ڤاكسینی دژ به‌كۆرۆنا بكوتن.

وتیشی رێنماییمان بۆ هاووڵاتیانیشه‌ كه‌ به‌زووترین كات سه‌ردانی نه‌خۆشخانه‌ و مه‌ڵبه‌نده‌ ته‌ندروستییه‌كانی كه‌ركوك بكه‌ن بۆ خۆكوتان به‌ڤاكسینه‌كه‌.

PUKmedia محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د/ كه‌ركوك

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو