}

یادی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فور ئاغجه‌له‌ری كرایه‌وه‌

ی.ن.ک‌‌ 10:09 AM - 2021-07-23

.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی 23-7-2021 له‌ناحیه‌ی ئاغجه‌له‌ر مه‌راسیمێك بۆ بیره‌وه‌ری 44ساڵه‌ی شه‌هیدبوونی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ حه‌مه‌غه‌فور ئاغجه‌له‌ری به‌ڕێوه‌چوو.

له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتی ئاماده‌یبوون ڕۆڵی شه‌هیدی سه‌ركرده‌ وه‌ك سه‌ركرده‌یه‌كی دیاری  ی.ن.ك به‌رزنرخێندرا.

پاشان چه‌ند بیره‌وه‌ریه‌ك له‌سه‌ر شه‌هید له‌لایه‌ن هاوه‌ڵانیه‌وه‌ باسكرا.دواتر تاجه‌گوڵینه‌ی ڕێز و وه‌فاداری له‌سه‌ر گڵكۆی شه‌هید دانرا.

شه‌هید حه‌مه‌غه‌فور له‌ڕۆژێكی وه‌ك ئه‌مڕۆدا له‌لایه‌ن ده‌ستێكی غه‌در له‌گه‌ڵ حه‌وت پێشمه‌رگه‌دا شه‌هیدكران.


محه‌مه‌د غه‌فور ئه‌حمه‌د ساڵی 1939 له‌ خێزانێكی كوردپه‌روه‌رو ناسراوی شارۆچكه‌ی ئاغجه‌له‌ر هاتۆته‌ دنیاوه‌.

بنه‌ماڵه‌ی ئه‌م رۆڵه‌ هه‌ڵكه‌وتووه‌ خاوه‌نی مێژویه‌كی پڕ سه‌روه‌رییه‌ له‌ جوامێری و كوردایه‌تی و فیداكاریدا. شه‌هیدی نه‌مر حه‌مه‌ غه‌فور ئاغجه‌له‌ری ساڵی 1961 په‌یوه‌ندی كردووه‌ به‌ شۆڕشی ئه‌یلوله‌وه‌.

به‌هۆی ئازایه‌تی و له‌خۆبوردوویی و ره‌وشت به‌رزییه‌وه‌ له‌ماوه‌یه‌كی كه‌مدا شه‌هید حه‌مه‌غه‌فور بووه‌ سه‌رده‌سته‌ی هه‌ڤاڵه‌كانی و فه‌رمانده‌یه‌كی به‌ناوبانگی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

ئه‌م فه‌رمانده‌ كۆڵنه‌ده‌ره‌ له‌شۆڕشی ئه‌یلولدا چه‌ندین داستانی بێ وێنه‌ی تۆماركردووه‌و هاوڕێ له‌گه‌ڵ برا پێشمه‌رگه‌كانیدا له‌ ناوچه‌ی چه‌مچه‌ماڵ و ئاغجه‌له‌ر ده‌یان په‌لامارو شاڵاوی هێزه‌كانی رژێمیان تێكشكاندووه‌.

شه‌هید حه‌مه‌غه‌فور كه‌هه‌موو ژیانی خۆی بۆ كوردو كوردستان ته‌رخان كردبوو، ساڵی 1976 به‌ بڕوایه‌كی پۆڵایینه‌وه‌ په‌یوه‌ندی كرد به‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌مان و لێپرسراوێتی سیاسی و عه‌سكه‌ری مه‌فرزه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی سنووری كه‌ركوكی گرته‌ ئه‌ستۆو له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا توانی جه‌ماوه‌رێكی زۆر له‌ده‌وری مه‌شخه‌ڵانی شۆڕشی نوێدا كۆبكاته‌وه‌.

چالاكییه‌ سیاسی و عه‌سكه‌رییه‌كانی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فور له‌سنووری كه‌ركوكدا هێنده‌ قوڵو به‌رفراوان بوون كه‌ ترسێكی گه‌وره‌یان خسته‌ دڵی دوژمنانی ئازادییه‌وه‌ و به‌كرێگیراوه‌كانی رژێم هه‌موو هێزو توانای خۆیان خسته‌گه‌ڕ بۆ له‌ناوبردنی ئه‌م هه‌ڵۆ به‌رزه‌فڕه‌ی كورداییه‌تی و سه‌رئه‌نجام پیلانی ره‌شی به‌كرێگیراوان رۆژی 23ی ته‌مموزی 1977 بوو به‌ خه‌نجه‌رێكی ژه‌هراوی و له‌پشته‌وه‌ خوێنی شه‌هید حه‌مه‌غه‌فورو حه‌وت پێشمه‌رگه‌ی تری به‌ناحه‌ق رشت و ژانێكی به‌سۆی خسته‌ دڵی دڵسۆزانی كوردو كوردستانه‌وه‌.

PUKmedia محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو