}

رێگاچارە بۆ چارەسەركردنی درزی كەمەربەندی سۆران دەخرێتەڕوو

کوردستان 11:40 AM - 2021-07-22

.

بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان چەند رێگاچارەیەك بۆ چارەسەركردنی درزی كەمەربەندی سۆران دەخاتەڕوو و دەڵێت، ئەم رێگاچارانە لە زۆر شوێنی دنیا تاقی كراونەتەوە و سەركەوتنیان بەدەست هێناوە و دەبێت بەپەلە و پێش بارانبارین درزەكە بە گڵی تایبەت پڕبكرێتەوە.

رەحمان خانی بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە PUKmedia ی راگەیاند: بۆ چارەسەركردنی درزی كەمەربەندەكەی سۆران دەبێت سەرەتا لێكۆڵینەوەیكی ورد و بەپەلە لە رووی جیۆلۆجی و ئەندازەوە بكرێت.

وتیشی: بۆ چارەسەركردنی درزەكە مەرج نییە هەموو گردەكە لاببرێت بەڵكو دەكرێت بە سوككردن و لێبڕینی گردەكە لە سەرەوە و رێكخستنەوەی سلۆپەكەی دەتوانرێت مەترسی داخلیسكان و داڕوخانی بارستەی گردەكە كەم بكرێتەوە.

ئاماژەی بەوەشدا كە پێویستە بەپەلە و پێش بارانبارین درزەكە بە گڵی تایبەت پڕبكرێتەوە، بۆ ئەوەی ئاوی تێنەچێت، تۆڕێكی جیۆدیسی روپێوی ورد دروستبكرێت لە ناو بارستە جوڵاوەكە و دەوروبەری كە تاڕادەیەك جێگیرە و بەردەوام چاودێری جوڵەی زەویە داخزاوەكە و درزەكە بكرێت.

وتیشی: هاوكات پێویستە ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و باران لە ناوچەكە دور بخرێتەوە بە دروستكردنی تۆرێكی جۆگاو لێدانی بۆری كون كونی ئاسۆیی بۆ دابەزاندنی ئاستی ئاوی ژێر زەوی و گواستنەوەی بە ئاراستەی پێچەوانەی ڕێگاكە واتا بۆ دۆڵەكەی پشتەوەی.

رەحمان خانی وتیشی: دەكرێت گردەكەو دەوروبەری بچێنرێت بە دارو درەختی تایبەت كە روی سەرەوەی گڵەكە بپۆشێ و جێگیری بكات، تا رێگری لە داچوون و مژینی ئاوی سەرزەوی بكات،هاوكات گردەكەی بەرامبەریشی پێویستە سلۆپەكەی جێگیرتر بكرێت.

ئەوەشی وت: ئەم رێگاچارانە لە زۆر شوێنی دنیا تاقی كراونەتەوە و سەركەوتنیان بەدەست هێناوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر قائیمقامییەتی سۆران رایگەیاندبوو كە ئەمڕۆ 22-7-2021، رێگەی  كەمەربەندی سۆران باپشتیان دادەخرێت بەهۆی دەستپێكردنی كاركردن بە مەبەستی هەڵگرتنی ناوچەی درزبردووی رێگاكە.

PUKmedia ژینەر محەمەد

14.jpg

13.jpg

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو