}

چه‌ند رێگایه‌ك بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی نڕخی به‌نزین ده‌خرێته‌ڕوو

ئابوری 10:06 PM - 2021-07-18

.

ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر رێگاكانی كه‌مكردنه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له‌هه‌رێمی كوردستان روونده‌كه‌نه‌وه‌و پێیانوایه‌ نه‌بوونی پاڵپشتی حكومه‌ت و قۆڕكاری له‌ هاورده‌كردنی به‌نزین له‌ده‌ره‌وه‌ به‌هۆكاری گرانبوونی نرخه‌كانه‌.

نافیز مسته‌فا ناوپردان ئه‌ندامی لیژنه‌ی نه‌وت وگاز له‌ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: به‌هۆی ئه‌وه‌ی پرسی سوته‌مه‌نی به‌گشتی له‌ نێویشیان به‌نزین له‌ ئه‌ستۆی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كانه‌، پێویسته‌ ئه‌و وه‌زاره‌ته‌ نه‌وتی خاو بداته‌ پاڵاوگه‌كان، دواتر به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ ناوخۆ دابین بكرێت.

وتیشی: له‌و حاڵه‌ته‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌سروشتیه‌كان ده‌توانێت نرخ له‌سه‌ر ئه‌و به‌نزینه‌ دابنێت، به‌مجۆره‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دیاریكردنی نرخی به‌نزین به‌گشتی و به‌نزینی هاورده‌ده‌بێت.

ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر راشیگه‌یاند: جگه‌ له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ دابینكردنی نه‌وت بۆ پاڵاوگه‌كان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ناوبراو، هاوكات ده‌توانرێت له‌ رێگای كه‌مكردنه‌وه‌ی باج له‌سه‌ر به‌نزینی هاورده‌ نرخه‌كان بێته‌ خواره‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ عه‌باس مه‌حه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابوری ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: بۆ رێگاگرتن له‌ گرانبوونی نرخی به‌نزین له‌هه‌رێمی كوردستان پێویسته‌ كێبڕكی له‌ نێوان كۆمپانیاكانی هاورده‌كردنی به‌نزین دروستبكرێت  نه‌وه‌ك قۆرخكاری  له‌لایه‌ن چه‌ند كۆمپانیایه‌كی دیاریكراو، وه‌ك ئێستا له‌بازرگانی به‌ سوته‌مه‌نی و   بواره‌كانی دیكه‌ ده‌بینرێت.

وتیشی: جگه‌ له‌و لایه‌نه‌، بۆ ئه‌وه‌ی نرخی به‌نزین جێگیر بێت و رێگا له‌گرانبوونی بگیرێت، پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم  پاڵپشتی كه‌رتی تایبه‌ت بكات له‌ پێناودابینكردنی سوته‌مه‌نی بۆ هاوڵاتیان، ئه‌مه‌ش له‌ زۆربه‌ی وڵاته‌كان په‌یڕه‌و ده‌كرێت.


PUKmedia ته‌ها عه‌بدوڵڵا / هه‌ولێر

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو