}

هه‌رێم.. داوای ئاماده‌كاری باشتر بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن ده‌كرێت

کوردستان 11:58 AM - 2021-07-18

.

سه‌رپه‌رشتیارێكی په‌روه‌رده‌یی هۆشداری ده‌دات له‌ ئه‌گه‌ری چاره‌سه‌رنه‌كردنی كه‌موكورییه‌كانی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و مانه‌وه‌ی كێشه‌كانی چه‌ندساڵی رابردوو، ئاماژه‌به‌وه‌ش ده‌كات به‌شێكی زۆر له‌ باڵه‌خانه‌‌و بینای خوێندگاكان پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌و دابینكردنی خزمه‌تگوزاری سه‌رده‌می هه‌یه‌.

عیسا حسێن سه‌رپه‌رشتیاری په‌روه‌رده‌یی له‌ شاری هه‌ولێر به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: له‌دوو ساڵی رابردوو پرۆسه‌ی په‌روه‌رد‌و خوێندن له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌هۆی چه‌ندین گرفتی دارایی‌و ته‌ندروستی زیانی زۆری به‌ركه‌وتووه‌‌، به‌چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و گرفتانه‌ بۆساڵی داهاتوو كاریگه‌رییه‌كانی زیاتر له‌سه‌ر پڕۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ ده‌رده‌كه‌وێت.

وتیشی: له‌گه‌ڵ گرفتی ته‌ندروستی‌و رێكاره‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا كه‌ هه‌موو شوێنێكی جیهانی گرته‌وه‌، چه‌ندساڵێكه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان گرفتی دارایی ‌و مووچه‌ی مامۆستایانی هه‌یه‌، ئه‌م بارودۆخه‌ش كاریگه‌ری ده‌روونی له‌ سه‌ر مامۆستان و خوێندكاران دروستكردوه‌.

ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ی په‌روه‌رده‌یی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد: جگه‌ له‌مووچه‌ی مامۆستایان و كێشه‌ ته‌ندروستیه‌كان، ئێمه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كێشه‌ باڵه‌خانه‌ی خوێندگاكانمان هه‌یه‌، كه‌ به‌ شێكی زۆریان پێویسان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌‌و یونیاتنانه‌وه‌ هه‌یه‌، ئه‌مه‌جگه‌ له‌دابینكرنی پێداویسته‌كانی سه‌رده‌می و دانانی سیسته‌می فێنكه‌ره‌وه‌ و گه‌رمكه‌ره‌وه‌.

مامۆستا عیسا حسێن راشیگه‌یاند: دانه‌مه‌زاندنی مامۆستای تازه‌ و وانه‌بێژه‌كان، گرفتێكی دیكه‌ی به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی كه‌رتی په‌روه‌رده‌یه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ چاره‌سه‌رنه‌كردنی ئه‌و گرفتانه‌ واده‌كات هیوا و ئومێد به‌ باشكردنی پرۆسه‌ی خوێند كه‌مبێته‌وه‌.

به‌پێویستیشی زانی سوود له‌ سه‌رنج و پێشنیاری شاره‌زاییان و پسپۆڕانی بواری په‌روه‌رده‌ وه‌ربگرن، كه‌ به‌وته‌ی ئه‌و سه‌رپه‌رشتیاره‌ له‌ رابردوو وه‌كو پیویست گوێیان لێ نه‌گیراوه‌.

PUKmedia  ته‌ها عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو