riklam

كورد لەو نێوەندەدا دەبێ چی بكات...؟

بیروڕا 11:16 PM - 2021-07-09
.

.

خوێندنەوەی من بۆ ئەو كۆبوونەوانەی لەنێوان سەرانی عێراق و مسر و ئۆردن كە لە 2019 یەكەم كۆبوونەوە لەنێوان سەرۆك بەرهەم صاڵح و سەرۆكی مسر و مەلیكی ئوردون لە پەراوێزی كۆبوونەوەكان سەرانی جیهان لە نەتەوە یەكگرتوەكان بەڕێوەچو، دووەم كۆبوونەوەش لەئابی 2020 لەنێوان سەرانی ئەو سێ وڵاتە لە مسر ئەنجامدرا، كۆبوونەوەی سێهەمیش لەئابی ئەمساڵ لە بەغداد كرا، بەدەرنیە لە دروستكردنەوەی بەرەیەكی بەهێز دژی هێزە هەرێمیەكان، بەتایبەت ئێران و توركیا، لە پشتی ئەوانیشەوە چین و روسیا، بەدڵنیاییەوە ئەمەریكیەكان و رۆژئاواش لە پشتی ئەو بەرەیەن، ئەوان لە پشتی پەردەوە جوڵە بەكاركتەرەكان و بنج و بنەواكەی دەكەن، پێشیان وایە ئەو ئەزمونەی لەسەروبەندی پایزی عەرەبی لە 2011 كە تیشكی سەوزیان بۆ ئەو دوو هێزەی ناومان هێنان هەڵكرد، بۆ ئەوەی رۆڵی سەرەكی بگێڕن لە رێكخستنەوەی دەڤەرەكە لە ژێر رۆشنایی ئەوەی مامەڵەكردن لەگەڵ دوو هێز باشتر و بەرهەمدارە لە بری مامەڵەكردن لەگەڵ (22) دەوڵەتی عەرەبی كە هەریەكەیان لەئاوازێكی سیاسی و ئیداری و ئابووری جیاجیا دەیانخوێند، سەركەوتونەبوون بگرە زیانی گەورەشیان كرد، چونكە هەر یەك لە توركیا و ئێران نەك نەبوونە ئامراز بۆ پارێزگاری كردن لە بەرژەوەندیەكانی ئەمەریكا و رۆژئاوا، بگرە مەترسی گەورەشیان لەبارەیەوە دروست كرد، بۆیە ئەو كۆبوونەوانەی بەڕێوەدەچێت كە رەنگە بەو سێ دەوڵەتەش نەوەستێت بەلكو چەند وڵاتێكیتریش لەقۆناغی ئامادە باشیدان و چاوەڕوانی تیشكی سەوزی ئەمەریكان، بۆ ئەوەی ئەوانیش بێنە نێو ئەو بەرەیە كە رەهەندەكانی قوڵ و هەمە لایەنەن، راستە ئێستا قسە وباس لەبارەی هەندێ پڕۆژەی ئابووری دەكرێ، وەك راكێشانی بۆری نەوتی عێراق لە رێگای ئوردونەوە بۆ بەندەرەكانی مسر هەروەها یارمەتیدانی عێراق لەبواری كارەبا و هەندێك بوار و بابەتیتر لە بەرامبەردا یارمەتیدانی عێراق بۆ ئەو دوو وڵاتە لەڕوی سوتەمەنیەوە، ئەوانە دیوە ئاشكراكەن، بەڵام  دیوە شاراوەكانی زۆر گرنگترن بە بۆچونی ئێمە خۆی لەو خاڵانە دەبینێتـەوە : -
1-سنوردانانە بۆ دەست تێوەردانە زەقەكانی توركیا لەدەڤەرەكە كە هەموو لایەكی نیگەران كردووە،  بۆ خۆشی توركیا هەستی بەوە كردووە بۆیە هەوڵەكانی  چڕكردۆتەوە بە ئاقاری ئەوەی هەندێك لە نیگەرانیەكانی ئەو وڵاتانە كەمبكاتەوە و روی ناشیرینی خۆشی جوان بكات، وەك بینیمان هەوڵێكی زۆریدا مسر رازی بكات لەسەر گفتوگۆكردن، كۆمەڵێك هەنگاویش هەڵهێنا بۆ رشتكردنی وەك قەدەغەكردنی چالاكیەكانی ئیخوانە هەڵاتوەكان  و هەروەها راگرتنی راگەیاندنەكانیشیان، بەڵام مسر  هەموو جۆرە   گفتوگۆیەكی راگرت تا توركیا واز لە وڵاتانی عەرەبی بەتایبەت لیبیا نەهێنێت.
2-  سنوردانان بۆ دەست تێوەردانەكانی ئێران چونكە بە بڕوای ئەوان ئەو وڵاتە مەترسیەكی گەورەی لەرێگای حوسیەكان و حیزبوڵلای لوبنانی و حەماسی فەڵەستینی و چەكدارەكانی حەشدی میللی لەسەر ئەمنی  عەرەبی و دواجاریش بەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و رۆژئاوا دروستكردووە، دەشزانن بەوەندە ناوەستن، چڕنوكیان لەهەر جێیەك گیر بێت وازی لێناهێنن، یان وێرانی دەكەن یان دەبێت بۆ ئەوان بێت .
3- لە رێگەی سنورداركردنی هەژمونی ئەو دوو هێزە هەرێمیە دەیانەوێت بە دەوڵەتە زلهێزەكان و هێزی ئابوری چین بڵێن، گرەو كردن لەسەر ئەسپی تروادە سودی بۆیان نابێت، مادام ئێمە لێرەین و سێبەرەكانمان بەهێزن.
      ئەوەی بەلای منەوە زۆر گرنگە دیوە شاراوەكەی ئەو كۆبوونەوانەیە  كە داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسی و جوگرافی دەڤەرەكە و چاوگێڕانەوەیە بەدابەشكردنەوەی هێزەكان لەدەڤەرەكە بەجۆرێك لەقازانجی پڕۆژە هەنوكەییەكە و ستراتیجیەكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیاندا بێت، كورد بەتایبەت هەرێمی كوردستان و كوردستانی رۆژئاوا جێیان نەكراوەتەوە، پێشناچێت بەنیاز بن باسی بكەن و بیخەنە چوارچێوەی ئەو ئەجێندا سیاسیەی كە هێڵەگشتیەكانی رەسمكراوەو چاوەڕوانی دەوڵەت و هێزگەلی ترن بخزێـنە ناویەوە، تاوەكو دەست بەو جوڵە سیاسیە هەمەلایەنە بكەن روە و قایمكردنی پایەكان و دەستبڕینی ئەو وڵاتانەی لەپێشدا ئاماژەمان پێدا، پرسیارە هەرە گرنگەكەش ئەوەیە كورد لەو نێوەندەدا دەبێ چی بكات ؟ ئەوەی ئاشكرایە تا ئێستا كورد جوڵەیەكی ئەوتۆی بەرەو ئەو ئاراستەیە نەنواندووە، ئەگەر كراش بێت ئەوا بەلاوازی بووە، چونكە بۆ پرسێكی وا گرنگ  و چارەنوسسازدەبێت :-
1- كورد پڕۆژەی تایبەتی خۆی هەبێت پێشم وایە ئەو پەیامەی ئەگەر بەپێچراوەییش بێت كە پێشتر لەلایەن فەرەنسیەكانەوە بە سەرانی كورد وتراوە كە دەبێت كورد هێلكەكانی خۆی نەخاتە سەبەتەی هیچ هێزێكی هەرێمیەوە بە عەرەبیشەوە، بەلكو دەبێت پڕۆژەیەكی كوردانەی سەربەخۆی هەبێت و كار بكات بۆ ئەوەی باوەڕ بەهەموان بهێنێت كە كورد ئامرازی ئارامی و ئاسایشی دەڤەرەكەن و مەترسی نابن بۆ ئەمەریكیەكان و رۆژئاوا و بەرژەوەندیەكانیان.
2- دەبێت هەموو هێزە سیاسیەكانی كورد لەچوارچێوەیەكی یەكگرتو كۆبكرێنەوە و لەسەریەك بەرنامەو  وتاری سیاسی نەتەوەیی رێك بكەون، بەئاشكراش بانگەشە بۆ ئەو وتارە بكەن كە وتارێكی كوردانەی دیموكراتیانەی سەردەمیانەیە تەجاوزی پرنسیپە جیهانیەكان و بنەماكانی پێكەوە ژیان ناكەن.
3- بەهەموو شێوەیەك هەوڵدەن لەنێو وڵاتانی پابەند بەمافەكانی مرۆڤ و بڕیارو راسپاردەكانی ژمارە 1514 نەتەوەیەكگرتوەكان، لۆبی بەهێز دروست بكەن چونكە لە سیاسیەتدا جوڵەیەكی جێگر و راوەستاو نیە بەرژەوەندیەكان رۆڵ و سەنگی محەك دەبینین.
     پێویستە بزانرێ سەردەمی موجامەلە و پێداهەڵگوتن نیە و نەماوە بەپێچەوانە دەبێت كاری پراكتیكی و خاڵ لەسەر پیتەكان دابنرێت، نابێت لێ گەڕێن جارێكیتر لەنێو تەمتومانی بەرژەوەندیە تایبەتی و  نێو دەوڵەتیەكان، خەونی نەتەوەیی و سەدان ساڵ خەبات و هەزاران شەهید زیندە بەچاڵ بكرێت، دەبێت دەست و برد بكەن ئێستا تۆپەكە لە گۆڕەپانی كورد دایە، یاری و جوڵەی زۆر باش و بەرنامە بۆ داڕێژراو  نەكەن، دەنا لە كێكەكە كورد پشكی نابێت،  ئەودەم بەرپرسیاری بەردەم مێژوو و ئەو  قوربانیە بێشومارە و سەبر و هەداری ئەم گەلە خێرلەخۆ نەدیوە دەبن، تا ئەبەدیش ئۆباڵەكەی هەڵدەگرن .    



 PUKmedia  ن: عەبدولواحێد محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket