}

کورد و خوا!

بیروڕا 03:15 PM - 2021-07-08

.

خوا، وشەیەکی کوردیی پەتیی مانا پیرۆزە و زاتی دروستکەر و خولقێنەری بوون و گەردوون بە چەمکە فراوانەکانیانەوە دەگەیەنێ. لە زمانی کوردیدا ئەو دەستەواژەیە بۆ هەمان چەمک لێرە و لەوێ گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بە نمونە: خوا: خودا، خودێ، خودان.... ، بەڵام سەرەڕای ئەوەش دەستەواژەکان هەمان واتا دەبەخشن و ڕەگی هەمووشیان (خود) یا (خو)ە و واتا هەر یەکە. 

سەرچاوە مێژووییەکان سەلماندویانە کە یەکتاپەرستی (خوا) یەکەمجار لە وڵاتی ئێمە و لە پێش ئایینەکانی جوو، دیان و ئیسلام پەیدا بووە، بەتایبەت لە ئایینی زەردەشتی، کەواتە خوا ناسی و دەستەواژەی خوای تاک و تەنیا پێش ئایینە سەرەکیەکان لەناو کوردا هەر هەبووە و تا ئەمڕۆش بەردەوامە. بە واتایەکی دی دەستەواژەکە کوردییەکی رەسەنی مێژووییە و پێش ئەوەی باوباپیرانمان بچنە سەر ئایینەکانی جوو، کریستیان و ئیسلام خوایان هەر بەو ناوە ناسیوە.

لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ بە درێژایی سەدان ساڵ پێش ئیسلام باوباپیرانمان خوا پەرست بوون. (چاکە بکە و بەدکاری مەکە) دروشم و رێسای ژیان بووە، بۆیە درۆ، دزی، رێگری، تاڵانی، گرتن و کوشتن هەموو ئەو جۆرە کار و کردەوانە لە نەریتی کوردەواری لادەر و لە رێگای خوا پەرستی بەدەر بوونە، لە بەرامبەریشدا بیری چاک، وتەی چاک، کرداری چاک، بەهاواری لێقەماوەنەوە چوون، میوان دۆستی، ناندەری، هاوکاری، زبارە و هەرەوەزی داب و نەریتی ژیانی کوردەواری بوون و تا ئەمڕۆشی لەگەڵدا بێ لەسەریان دەڕۆین، کەچی سەدان ساڵە لە ژێر ناوی ئایین و ئایینپەروەری فریو دەدرێین و چەواشە دەکرێین!

هەر چەندە پێش هاتنی ئایینی ئیسلام چەندین ئایینی تر لە کوردستان هەبوون، نموونە: جوو، کریستیان، ئێزیدی، کاکەیی و زەردەشتی، بەڵام لای هەمووان خوا هەر تاک و تەنیا بووە. دوای هاتنی ئیسلام بەخۆشی بوو بێ، یان بە ناخۆشی باوباپیرانمان ئەو ئایینە پیرۆزەیان وەرگرت و (أشهد ألا إله إلا الله و وأشهد أن محمدا رسول اللە)یان قبول کرد، بەڵام لەو کاتەوە شان بەشانی ئایینپەروەری لە لایەن دەسەڵاتداران یان بە فیتی ئەوان چەواشەکاریش دەستی پێکردوە. وردە وردە بە ناڕەوا لە رەسەنایەتی مێژووی ئێمە دراوە، لە داب و نەریتە رەسەنەکانمان دراوە، نەوە دوای نەوە چەواشەکاریەکان فراوانتر کراون، بۆیە کاریگەریشیان گەورەتر بووە، تا وای لێهات باوباپیرانمان کەڵەکە بەرد لەسەر گۆڕی پیر و پیاو چاکانی خۆیان بکەن و مەلایەکی کوردیش زات بکا لە نوێژی هەینی بڵێ: ئێمە قەرزار و منەتباری عەرەبین، چونکە بەهۆی ئەوانەوە لانی کەم  (اللە) مان ناسی!.. لای هەمووشمان کە اللە هەمان مانای خوا دەبەخشێ.

دیارە پێش سەرهەڵدانی ئایینی پیرۆزی ئیسلام عارەبە بیابان نشینەکان چەندین جۆری بتیان دەپەرستن و لە کەعبەیان دەپاراستن، بەڵام دوای سەرهەڵدانی ئیسلام لە دەستەواژەی (الل)ی جوولەکە اللەیان داهێنا، لە کاتێکدا زۆر پێش ئەو مێژووە کورد بە هەموو ئایینەکانیەوە هەر خوا پەرست بوو.

یارسان یان کاکەییەکان، کە موسڵمان نین و کوردن لە نزا و پاڕانەوەکانیان ڕوو لە (خاوەن کار) واتا خوا دەکەن.

خاوەنکار لای ئەوان زاتی خاوەن هەبوونە. لە بادینانیش بە خوا دەگوترێ خودێ، لە هەمان کات خودێ مانای خاوەنیش دەگەیەنێ. هەرچی ئێزیدیەکانن بەهەمان شێوە دەستەواژەی خودێ بەکار دەهێنن و ئەو خودێیەش لە کۆندا بە خودانیش گۆکراوە، خودانیش واتا خاوەن، لێرەدا بۆمان دەردەکەوێ کە:
یەکەم: پێش هەر سێ ئایینە ئاسمانیەکان (جوو، دیان و ئیسلام) لای کورد دەستەواژەی خوا بەکار هاتووە.

٢: لای زەردەشتی، ئێزیدی و یارسانەکان، کە موسڵمان نین خودایان ناسیوە و بە خاوەنی هەموو بوونیان داناوە.

٣: سەرەڕای ئەوەی زۆربەی هەرە زۆری نەتەوەی کورد لە قۆناغە جیاجیاکان ئایینی پیرۆزی ئیسلامی وەرگرتووە، بەڵام دەستبەرداری ناوی (خوا) نەبووە، ئەگەر چی لە نوێژدا اللە بەکاردێ، بەڵام نوێژەکەمان بە پێچەوانەی نوێژی کوردی ئێزیدییەکان عارەبیە، کەچی هەرگیز (خوا) لەناو هزر و سەر زمانی کوردان نەسڕایەوە و ناوە کوردیە رەسەنەکە وەکو زاتی خوا هەر مایەوە و لەناو نەچوو. کەواتە نەنگییەکی گەورەیە هێشتا کەسانێک هەبن لە ژێر هەژموونی سەدان ساڵەی چەواشەکاریەکان پێیان وابێ ناسینی خوا، خوا پەرستی و چاکەکردن بەهۆی خێڵە عارەبە بیابان نشینەکانەوە بووبێ.

بێگومان گەلی ئێمە پەیامی پێغەمبەر محمدی عارەبی (ص) بە پەیامی خوایی وەرگرتووە، بەڵام قورئانی پیرۆزیش دەفەرمووێ (وجعلناکم شعوبا وقبائل لتعارفوا) کەواتە ئایینی ئیسلام نەک دژی هیچ زمان و نەتەوەیەک نییە، بەڵکو دان بە تایبەتمەندیەکانیان دادەنێ و هانیشمان دەدا بەیەکسانی یەکتر ببینین و بناسین. لەو ڕوانگەیەوە پێم وایە کاتی ڕاستکردنەوە و بە ئاگاهاتنەوەیە و ئەرکی بیرمەندان و رۆشنبیران و بەتایبەتیش زانایانی ئایینیە کە لە دژی هەموو جۆرە چەواشەکارییەک بوەستنەوە و بۆ بوژاندنەوەی ڕاستی و رەسەنایەتی مێژووییش درەنگە و زوو نییە.

ئارێز عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو