}

ئێوە بکشێنەوە، ئەوان پشتیان دەشکێ

بیروڕا 08:05 PM - 2021-07-07

.

هیوا محەمەد

زەمانێک گەلی عیراق بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، دەڕژانە سەرشەقام و داوای نەمانی حکومڕانی ئینگلیزیان دەکرد تا بە شۆڕش و راپەڕین بەدەریان نان و ئەو پاشایەش کە نوێنەری جێبەجێ کردنی سیاسەتی بەریتانی بوو سەرنگومیان کرد.

ئەم رزگار بوون و هاتنە دەرەوەیە لە ژێر دەستی بەریتانیای ئێستا و( ئیستیعمار) ی ئەوکات لەسەر عیراق، بە سەرکەوتنێکی گرنگی مێژوویی باس دەکرێت و خۆماڵی کردنی نەوتیش لە هەرە دەسکەوتە باشەکانی بووە.

زۆرێک لە سیاسەتمەدارانی ئەو کات، ئێستاش لە ژیاندا ماون و بەشداری کردەییان بووە لەو شۆڕشەدا، بەڵام بەداخەوە هەر ئەم حزب و کەسە خەباتگێڕانە لە دوای راپەڕینەوە داواکاری جدی هاتنی سوپای بێگانە بوون بۆ دەرپەڕاندنی رژێمی بەعس.

لە کۆبوونەوەکانی بەرەی ئوپۆزسیونی عیراقیدا دەستپێک و کۆتاییان نزا و پاڕانەوە بوو بۆ هاتنی سوپای ئەمریکا و لێدانی سەدام و رژێمەکەی، کە ئەمەش رویدا و کۆتایی بە رژێمەکە هات و وڵاتێکی وێرانکراوی پڕ ئاشووب خرایە بەردەست حزبەکان، ئیتر بە سەرسوڕمانەوە دەیانڕوانییە یەک و پرسیارییان لەیەکتر دەکرد، ئایا بوونی ئەمریکا و سوپاکەی داگیرکارییە یان رزگارکەرە، لەم کەین و بەینەدا بوو هیچ هێزێک و لایەنێک نەیدەویست بڵێت داگیرکارییە و بە پرۆسەی ئازادییی عێراقیان ناوزەد دەکرد، تا ئەمریکا خۆی بە بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان بە داگیرکاریی لەقەڵەم دا تابتوانێت تیایدا بمێنێتەوە. ئێستاش نازانن لە عیراق بمێننەوە یان بکشێنەوە؟ ئەوەش پەیوەستە بە جۆری حوکمی ئیرانەوە چونکە ئەوان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیران لە عیراقن.

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لەدوای رووداوی سێپتەمبەر و هێرشەکان بۆسەر تاوەری بازرگانیو  پێنتاگون، هەڵیان کوتایە سەر ئەفغانستان و دوای بۆردومانکردنی خەست سوپاشیان لێدابەزاند و جێگرییان کرد، ئەوان بەو نیەتە چوون کە قەڵاچۆی هێزەکانی تاڵیبان و قاعیدە بکەن لە کورترین ماوەدا بەڵام بە پێچەوانەی پلانەکەی ئەوانەوە تا ئەمڕۆ لەوێدا شەڕی تاڵێبان دەکەن و خەڵک دەکوژرێت و شار و گوند تێک دەدرێت و سەقامگیریی و هێمنی و ئاسایش لاوازتر دەبێت.

ئەمریکاو هاوپەیمانانی دەیانەوێت بکشێنەوە بەڵام دوو دڵن، نازانن کەی و چۆن بەیەکجاری بکشێنەوە، چونکە هەر سەربازەکانیان نییە بەڵکو هەزاران کەسی دیکەی ئەفغانیش هەن کە بە بەڵێننامە لەگەڵ ئەمریکییەکان کاریان کردووە و ئێستا دەبێت ئەمریکا پابەند بێت بەوەوە کە لەگەڵ خۆی بیان بات بۆ ئەمریکا یان وڵاتێکی دیکەی نیشتەجێ، چونکە ئەگەر جێیان بهێڵێت دەبنە نێچیری تاڵیبان و دیسانەوە خوێنی هەزارانیان لێ دەڕژێندرێت.

ئێمە لە عیراق و هەرێم هەر باس لە کشانەوەی سوپای تورکیا دەکەین، بەڵام لەراستیدا تورکیا بە چرای سەوزی ئەمریکا و ناتۆ لێرەیە، کەوابوو دەبێت داوا بکەین هەرچی سوپای بێگانە هەیە بڕواتە دەرەوە.

لەوەش سەیرتر دەچینە لای سەرکۆمانداری هێزەکانی ئەمریکا و دەڵێین بەڵکو بە تورکیا و ئیران بڵێن بکشێنەوە لە وڵاتەکەمان، کە ئەننەما ئەمریکیان کوێخای ئاوەدانییەکەمانن.

 بالێگەڕێن خۆمان وەک عیراقییەکان رووبکەینە چارەسەری کێشەکانمان و چیدی نەبەسترێتەوە بە دەیان بیانووی بوونی ئەم هێزانە.

ئاشکراشە هەر هێزێک لێرە کۆمەڵێک لایەن و گروپ هەوادارییەتی، واتا مانەوەی هەر هێزێک ململانێی ناو پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکان قووڵتر دەکاتەوە، دەستەیەک پێی خۆشە ئەمریکییەکان لێرە بن، دەستەیەکیش پێی خۆشە تورک و میتەکانیان لێرە بن و چاوساغییان بۆ بکات.

تائیفەیەک لەگەڵ سعودیە لەسەر خەتە و تەریقەیەک لەگەڵ ئەزهەر، تاکی ئەم وڵاتە زۆریان فێری ئینگلیزی بوون هێندەی لەگەڵ کۆمپانیاکانی شەڕدا کاریان کردووە.

کشانەوەی هەموو هێزەکانی دەرەکی، پشتی ئەوانە دەشکێنێ کە بە پاڵپشتی ئەوان لێرە هێز و بوونیان هەیە دەنا بێ ئەوان خەڵکی دڵسۆزی ئەم وڵاتە لە هاونیشتمانییانی ئەسڵی، چۆن حوکمی پاشایی بە سپۆنسەریی بەریتانیایان وەدەرنا ئاواش دەکرێت مێژوو خۆی سەرلەنوێ پیشان بداتەوە.  

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو