}

یه‌كێتی به‌شداری دیداری لوتكه‌ی پارتی كۆمۆنیستی چین ده‌كات

ی.ن.ک‌‌ 07:29 PM - 2021-07-06

.

یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌شداری دیداری لوتكه‌ی نێوان پارتی كۆمۆنیستی چین و حزبه‌ سیاسییه‌كانی جیهانی ده‌كات
ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه‌ 6-7-2021، له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانسه‌وه‌ هه‌ڤاڵ د.سۆران جه‌مال تاهیر ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ ئاماده‌بوونی سه‌ركه‌وت محه‌مه‌د غه‌فور ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی و لێپرسراوی بۆردی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی مه‌كته‌ب به‌شدارییان كرد له‌ دیداری لوتكه‌ی نێوان پارتی كۆمۆنیستی چین و حزبه‌ سیاسییه‌كانی جیهان.

ئه‌و دیداره‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ به‌ڕ‌ێوه‌چوونی چالاكییه‌كانی تایبه‌ت به‌ یادی 100 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی حزبی كۆمۆنیستی چین كه‌ زیاتر له‌ هه‌فته‌یه‌كه‌ ده‌ستی پێكردووه‌، تیایدا شی جین پینگ سه‌رۆكی كۆماری چینی میللی و سه‌رۆك و نوێنه‌رانی زیاتر له‌ 500 حزبی سیاسی جیهان له‌ وڵاتانی جیاجیاوه‌ به‌شدارییان كرد.

سه‌ره‌تای دیدادره‌كه‌ سه‌رۆكی كۆماری چینی میللی كه‌ هاوكات سه‌رۆكی پارتی كۆمۆنیستی چین-یشه‌، وتارێكی پێشكه‌شكرد، تیایدا ئاماژه‌ی به‌ دوایین پێشهات و گۆرانكارییه‌كانی جیهان كرد له‌ رووی سیاسی و ئابوری و بازرگانی و سه‌ربازی و ته‌ندروستییه‌وه‌، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستی  هه‌ماهه‌نگی و هاوكاری گه‌لانی جیهان كرده‌وه‌ بۆ رووبه‌ڕ‌ووبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆناو هه‌ژاری و پاراستنی ژینگه‌و هاوسه‌نگی سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان، هاوكات تیشكی خسته‌ سه‌ر پێویستی چاره‌سه‌ری كێشه‌و ململانێ سیاسی و سه‌ربازییه‌كانی جیهان له‌ رێگه‌ی گفتوگۆی ئاشتیانه‌و سه‌قامگیری ئاسایشی جیهان له‌پێناو به‌خته‌وه‌ری بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تی.

پاشان ژماره‌یه‌ك له‌ سه‌ركرده‌و سه‌رۆكی وڵاتان و حزبه‌ سیاسییه‌كان وتارو په‌یامیان پێشكه‌شكرد، له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هه‌ریه‌كه‌ له‌ هاوسه‌رۆكانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ دوو په‌یامی ڤیدیۆی و مه‌كته‌بی په‌یوه‌ندییه‌كانیش به‌ وتارێكی ڤیدیۆی به‌شداری ئه‌و دیداری لوتكه‌ییه‌یان كرد.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو