}

هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی: چایخانه‌ی شه‌عب ناوه‌ندێكی كلتووری و ڕ‌ۆشنبیرییه‌

ی.ن.ک‌‌ 02:53 PM - 2021-07-06

.

ئه‌مڕۆ 6-7-2021، له‌سه‌روبه‌ندی رێوره‌سمی كردنه‌وه‌ی چایخانه‌ی شه‌عب كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردودا له‌سه‌ر ئه‌ركی ده‌زگای مرۆیی مام، نوێكرایه‌وه‌، لاهور شێخ جه‌نگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، له‌ نوسینێكیدا له‌ ئه‌ونتی تایبه‌تی خۆی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی فه‌یسبووك، پیرۆزبایی له‌ خێزان و ستافه‌ دڵسۆزه‌كه‌ی چایخانه‌ی شه‌عب كردووه‌و رایگه‌یاندووه‌: چایخانه‌ی شه‌عب بۆته‌ ناوه‌ندێكی كلتووری و ڕ‌ۆشنبیری و یه‌كێكه‌ له‌ سیما و ڕ‌ه‌مزه‌ دیار و یادگارییه‌ جوانه‌كانی سلێمانی و مێژوویه‌كی دێرینی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و ڕ‌ۆشنبیران و نووسه‌ران و ڕ‌اگه‌یاندكاران هه‌یه‌ و به‌ ماڵی دووه‌می خۆیانی ده‌زانن.

ئه‌مه‌ش ده‌قی نووسینه‌كه‌یه‌:
هه‌ر كاتێك ویستت چایه‌كی خۆش بخۆیته‌وه‌ و به‌ده‌م یاری تاوڵه‌ و دۆمینه‌وه‌ هه‌واڵی نوێ بزانی و له‌گه‌ڵ گوێگرتن له‌ گۆرانی و میوزیكی ڕ‌ه‌سه‌نی كوردی پشوویه‌كی ئارام بده‌یت له‌ناو بازاڕ‌ی سلێمانی، بیرت بۆ لای چایخانه‌ی شه‌عب ده‌چێت.

به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ ئه‌مڕ‌ۆ به‌ بۆنه‌ی سه‌رله‌نوێ كردنه‌وه‌ و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی، سه‌ردانی چایخانه‌ی شه‌عبمان كرد، پیرۆزبایی له‌ خێزان و ستافه‌ دڵسۆزه‌كه‌ی چایخانه‌كه‌ و شاری سلێمانی خه‌ڵكه‌ مهیره‌بانه‌كه‌ی ده‌كه‌ین.

ئه‌م چایخانه‌یه‌ بۆته‌ ناوه‌ندێكی كلتووری و ڕ‌ۆشنبیری و یه‌كێكه‌ له‌ سیما و ڕ‌ه‌مزه‌ دیار و یادگارییه‌ جوانه‌كانی سلێمانی و مێژوویه‌كی دێرینی له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندان و شاعیران و ڕ‌ۆشنبیران و نووسه‌ران و ڕ‌اگه‌یاندكاران هه‌یه‌ و به‌ ماڵی دووه‌می خۆیانی ده‌زانن، زیاتر له‌ ٧٠ ساڵه‌ ئه‌م چایخانه‌یه‌ له‌ خزمه‌ت خه‌ڵكی ئه‌م شاره‌دایه‌، ده‌ستخۆشی له‌ ده‌زگای مرۆیی مام ده‌كه‌م كه‌ به‌ ڕ‌ه‌چاوكردن و پاراستنی مۆركی ته‌لارسازیی شاره‌كه‌ به‌ شێوازێكی جوان نۆژه‌نیان كردووه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوێكی گرنگه‌ بۆ به‌ زیندوو هێشتنه‌وه‌ و پاراستنی شوێنه‌ مێژوویی و دێرینه‌كان كه‌ بوونه‌ته‌ ناسنامه‌ی شاره‌كه‌.

وه‌ك سه‌رۆكایه‌تیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان جه‌ختمان كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ چه‌پكه‌ گوڵێكی بچووكه‌ بۆ ئه‌م شاره‌ و سلێمانی زۆر له‌وه‌ شایسته‌تره‌، واجبی سه‌رشانمانه‌ كه‌ خزمه‌تی ئه‌م شاره‌ خۆشه‌ویسته‌ و خه‌ڵكه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌ی بكه‌ین كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆی ململانێی سیاسی و تاكڕ‌ه‌وی و تێكچوونی باڵانسی هێز، ئه‌م شاره‌ و هه‌رێمی كوردستانیش پاشه‌كشه‌ی كرد، له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌داین كه‌ ئه‌و باڵانسه‌ بگه‌ڕ‌ێنینه‌وه‌، نابێت ڕ‌ێگه‌ بده‌ین ئه‌م شاره‌ ببێته‌ چه‌قی ململانێی سیاسی، هه‌وڵ بده‌ین ده‌ست له‌ناوده‌ست و به‌ لێكتێگه‌یشتن له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی تر كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكه‌ین كه‌ ڕ‌ووبه‌ڕ‌ووی شاره‌كه‌ و هه‌رێمه‌كه‌مان ده‌بێته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌ستی برایه‌تیمان بۆ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان درێژكردوه‌، هاوپه‌یمانیه‌تیمان پێكهێناوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م شاره‌ دووربێت له‌ ململانێی سیاسی.

PUKmedia

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو