riklam

دین و پاروەك نان و تۆپی پێ.......!

بیروڕا 03:44 PM - 2021-06-16
.

.

لە پەرتوكی ( العبودیە المختارە)ی بیرمەندی فەرەنسی ( ئتیان دولایوس) دا هاتووە و دەڵێ ئەو وڵاتانەی بۆ ماوەیەكی دوور و درێژ توشی سەركوتكردن دەبنەوە،  نەوەكانیان وا رادێن وەكو ئەوەی پێویستیان بە ئازادی و رای سەربەخۆ نەبێت، وردە وردە ئەو نەریتە دەبێتـە ریسای گشتی ژیان و جێگیر دەبێت، لەو شێوە جیهانە جێگیرە هیوا ئاواتەكانی هاوڵاتی تەنها  سێ بنەما دەبێـت، ئەو سێ بنەمایەش بریتین لە ( دین و پاروەك نان و تۆپی پێ ) .

دینەكە لەو جۆرە جیهانەدا تەنها دەبێتە لاسایی كردنەوە، خەڵكەكە بیر لە ئەنجامی هەڵسوكەوتەكان ناكەنەوە لە كاتێكدا ئەگەر نوێژێكیان لەدەست بچێت هەست بە تاوان دەكەن، لەلایەكیتر درۆ و دووڕویی و بەرتیل چەمكە تازەكانیش لەبابەتی گەندەڵی و بندیوار و مشەخۆری بەكارێكی ئاسایی دەزانن، ئەو كاتە باسی دین دەكەن ئەگەر ئازارێكیان پێبگات،  راستە هەندێ وردە گلەیی لە حكومەت دەكەن گوایە دژ بەویستی خوا ئیش دەكەن، بەڵام بە ناڕەوایی هەزاران كەس لە زیندان بێ و سەدانیش لەژێر ئەشكەنجەدا بمرن كەس نقەی لێوە نایێت .

پاروەنانەكەش بنەمای دووەمە لەو دنیا جێگیرەدا، هیچ كەس بیر لە مافە رامیاریەكانی وەك ئازادی ، رای سەربەخۆ ، مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و مافەكانیتری چین و توێژەكان ناكاتەوە ، تەنها ئەوە نەبێت كە چۆن باروەنانێك بۆ منداڵەكانی بەدەست بێنێ و گەورەیان بكات و یا ئەوەتا كارێكیان بۆ مسۆگەر بكات.

زەوق و سەلیقەیەكی زۆریش لەتۆپی پێ وەردەگرن، چونكە وا دەزانن ئەو یاسا و دادپەروەریەی لەتۆپی پێدا پیادە دەكرێ، بەوشێوەیە بۆ هەموو كەسێك وەك یەك مافەكان دەستەبەر دەكرێت، بێئاگان لەوەی لەتۆپی پێشدا هەندێك جار تاوان و نادادی دەكرێت .

لەو شێوەیە ژیانە جێگیرەدا كە راهاتون لەسەری پێشكەوتن زۆر ئەستەمە، چونكە مرۆڤ بۆخۆی كۆسپێكی گەورەیە و گۆڕانكاریش رونادات، تاوەكو هاوڵاتیان لەو ئەندێشەیە و بیرە تەسكە و دنیا بینیە تایبەتە رزگاریان نەبێت، فێر نەبن لەوەی دۆخی بێدەنگی و قبوڵكردنی ئازار و ستەم و زۆرداری، زۆر زیاترە لە هەڵسانەوە و وەستان لەدژی زۆرداری و ستەم و نادادپەروەری.

تا ئێرە وتەكانی ( ئبتان دولایوس) بوو، دەربارەی ئەو گەلانەی ماوەیەكی زۆر لەلایەن رژێمەكانەوە تەپە سەر دەكرێن، من وای دەبینم گەلی كوردستان ئێستا كتومت لەو قۆناغەدا دەژیێت، ئەوەتا دەبینین دین پانتاییەكی زۆری لە ژیان كۆمەڵگە داگیركردووە، لەكاتێكدا هەتا بیناقاقا كێشە و گیروگرفت هەیە، لەوانە گەندەڵی و پاك رانەگرتنی ژینگە و رێزنەگرتنی یەكتر و پەروەردەیەكی ناكامڵ و بەهەدەردان ئاو و كارەبا و هەروەها نادادی لە زۆربەی جومگەكان، هەموو ئەوانە هەن و بەدەستیانەوە دەناڵێنین، كەچی كارێكی ئەوتۆ ناكەین تاوەكو نەیان هێڵین یان كەمیان بكەینەوە، هەموشی هەر ناڕەزایی دەردەبڕێت، لەهەریەكێكیش داوا بكەیت تەكانێك بدات، دەڵێ ( بەتەمای خوای لێگەڕێ) ( خوا چاكی بكات)، لەكاتێكدا خوای گەورەی خۆی دەفەرموێ ( والله مایغیر بقوم حتی یغیر بأنفسهم)، واتە خوا هیچ شتێك ناگۆڕێت تاوەكو نەتەوەكان خۆیان گۆڕانكاری نەكەن، مخابن ئەوەی ئێستا دەبینین لەسەردەمی رژێمی دكتاتۆری نەبووە، بەجۆرێك لەو سەردەمە جۆرێك لە ئازایەتی و شەهامەت لەلایەن زۆربەی كۆمەڵانی خەڵك بەدی دەكرا، تەنانەت بەرهەڵستی و قوربانیدان هێمای بەرەنگاربوونەوەیەكی شەرەفمەندانەی كۆمەڵگە و تاكەكان بوو، هەر دین و دینداری نا بەلكو پاروە نانێكیش بۆتە سەرمەشقی هەوڵەكانمان، مخابن ئەوەندە ئازاردراوین وای لێهاتوە تەنها بیر لە موچە و ژیان بكرێتەوە، خەمی ئەوەشمان لەبەر بێت، چۆن كاروكاسبیەك  بۆ منداڵەكانمان پەیدا بكەین تاوەكو پێیەوە بژین؟ هەندێ جار ئەوەمان لادروست دەبێت، ئەو جەزرەبەیە بۆ ئەوەیە بیر لە ئازادی و رای سەربەخۆ و پێویستیەكانیتری كۆمەڵگەیەكی تەندروست نەكرێتەوە، كاتێكیش داوای ژیانێكی شایستە بكرێت، دروشمی  ئاشتی و ئارامیت پێ دەفرۆشنەوە، بڕوام وایە ئارامی خواردنی لە قوتوكراو نیە لە بازاڕ بیكڕیت، بەڵكو بەلەخەمڕەخساوی كۆمەڵگە بەگشتی و تاكەكان بەتایبەت دەستەبەردەبێت، بۆیە وتویانە ( نان و ئازادی ) نەك ئازادی یان ئارامی بەتەنیا .

بابەتی تۆپی پێیەكەی نوسەر ( ئیتان دولایوس)  بۆ ئێمە زۆر راستە، ئەوەتا زۆربەمان بووینەتە گوێگر و بینەری هەواڵەكانی تۆپی پێ، بەدوای تیپەكانەوەین و شارەزاییەكی تەواومان لەسەر یاریگاكان و كڕین و فرۆشتنی یاریزانان و راهێنەران پەیدا كردووە، خشتەی پاڵەوانیەتیەكان و یاریەكانیش دەزانین، هەریەكە و لەماڵەكانی خۆمان بووینەتە هاندەری تیپێك و جاروبار شەڕیشیان لەسەر دەكەین، بێ ئەوەی ئەوان ئاگایان لە چركەیەك لە ژیانی پڕ لە كۆلە مەرگی ئێمە بێت لە چركە ساتی پێویستدا لەسەرمان هەڵبدەنێ‌ .

هەر بەڕاستی ئێستا دین و پاروەك نان و تۆپی پێ پانتایەكی لە ژیانی ئێمە داگیركردووە، زۆر كەمتر باس لە پێویستیە بونیادیەكانی ژیان دەكرێتەوە كە نیشانە سەرەكیەكانی، پەروەردەیەكی باش و ئازادی و رای سەربەخۆ و مافی مرۆڤ و مافی منداڵ و خزمەتگوزاریە سەردەمیەكان دەبینێتەوە، لێ لەگەڵ ئەوەی ئەو راستیە هەیە  كەچی زۆربەمان لە بری ئەو داواكاریانە، ئەو پەندە دەڵێینەوە ( كڵاوی خۆت بگرە بانەیبات)، بەدڵنیاییەوە ئەگەر وا بمێنینەوە باجێكی زۆر قورس دەدەین گەورەتر لەوەی لە پێشوتر و لە سەردەمی (عهد البائد)ە داوامانە.

ن: عەبدولواحید محەمەد

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket