}

یادی ئۆغری عه‌موو

ی.ن.ک‌‌ 09:58 AM - 2021-06-13

.

یاری دیاری توڵه‌یتوڵه‌ و رێبواری رێی مام و یه‌كێتی

ساڵانێك به‌سه‌ر ماڵئاوایی یه‌كجاره‌كی تێكۆشه‌ر و سه‌ركرده‌ی ناسراوی یه‌كێتیی و كوردایه‌تیی پێشكه‌وتنخواز، ئه‌ندامی ده‌سته‌ی دامه‌زرێنه‌ر هه‌ڤاڵ عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی تێپه‌ڕ ده‌بێت و یاد و یاده‌وه‌ریی له‌ دڵ و ده‌روونی هاوڕێ و هه‌ڤاڵه‌كانیدا وه‌ك ساته‌وه‌ختی كشانی ئه‌ستێره‌ی  ژیانی، دره‌وشاوه‌ و ره‌ونه‌قداره‌، وه‌ك ته‌مه‌نی دوورودرێژ و پڕ به‌ره‌كه‌تی له‌خزمه‌تی شۆڕشی نوێ و له‌خزمه‌تی دیپلۆماسییه‌تی دۆسێی ره‌وای مه‌سه‌له‌ی كورددا، شایان و شایه‌ت و زیندووه‌.

هه‌ڤاڵ عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی جوامێری ریزه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردانی فه‌یلی، له‌ نه‌سلی ئه‌و تێكۆشه‌رانه‌ بوو ژیان و گیان و سه‌روماڵی بۆ سه‌رخستنی رزگاریی كوردستان و ره‌وایی مه‌سه‌له‌ی كورد، ته‌رخانكردبوو. له‌ رۆژگاری لاوێتی و خوێندكاریدا له‌ به‌غدا، فه‌یلی شاسوارێكی ئازا و به‌ جه‌رگی بزووتنه‌وه‌ی لاوان و خوێندكارانی كورد بوو. شه‌وق و زه‌وقی ژیانی پایته‌ختی به‌ دژواری رێگه‌ باریك و تاریكه‌كانی به‌ره‌نگاریی دیكتاتۆری و به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی ته‌عریب و ته‌سفیر و سته‌می نه‌ته‌وه‌یی، گۆڕییه‌وه‌. ئاوێزانی چیا و دۆڵه‌كانی خه‌باتی كوردایه‌تی بوو. ئاواره‌یی و تاراوگه‌ و وێڵبوون به‌دوای چاره‌سه‌ری مه‌سه‌له‌ی كوردی هه‌ڵبژارد.

تا له‌ وه‌رچه‌رخانه‌ مێژووییه‌كه‌ی كوردایه‌تیدا، له‌گه‌ڵ مامۆستاكه‌ی و مامۆستای هه‌موو تێكۆشه‌ران مام جه‌لال و له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵانی دامه‌زرێنه‌ردا، شه‌ره‌فی دامه‌زراندنی یه‌كێتی پێسپێردرا. دۆست و یاری كوردایه‌تیی هاوچه‌رخ له‌ دیاری توڵه‌یتوڵه‌وه‌ تا رزگاریی یه‌كجاره‌كی كوردستان، تێكۆشه‌ر و رێبوار و سه‌ركرده‌ی ئه‌و بواره‌ بوو.

هه‌ڤاڵ عه‌بدولڕه‌زاق فه‌یلی له‌ هه‌موو ئه‌و كاروانه‌ دوورودرێژه‌ی خه‌باتدا به‌ گیانی لاوێتی و وره‌ی شۆڕشگێڕ و هێمنی و سه‌بری ئینقلابی دیپلۆماتكاردا، وێستگه‌ به‌ وێستگه‌ی خه‌باتی یه‌كێتی سه‌رخست. له‌ هه‌ر كوێ ئه‌ركی پێسپێردرابێ، له‌ وه‌زاره‌ت تا دیپلۆماسی و زیاره‌ت. تا ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی ته‌ونی دیپلۆماسی به‌ ده‌وری وتاری حه‌كیمانه‌ی یه‌كێتی و ماڵه‌ گه‌وره‌كه‌ی سه‌رۆك مام-دا درێغی نه‌كردووه‌ و له‌ هیچ قوربانیدانێك سڵی نه‌كردۆته‌وه‌. ته‌نانه‌ت نه‌خۆشی و دژواریی  رێی چاره‌سه‌ریش رێی لێ نه‌گرت.

عه‌موو، كه‌ ناوی خۆشناوی ناو هه‌ڤاڵه‌كانی بوو له‌ هه‌موو ئۆرگانه‌كانی یه‌كێتیدا، تا دوا رۆژی ژیانی، له‌ خزمه‌ت و خه‌بات نه‌كه‌وت. تا دڵی له‌ لێدان كه‌وت وه‌فاداری كوردایه‌تی و وه‌فاداری یه‌كێتی و وه‌فاداری سوێنده‌كه‌ی چایخانه‌ی توڵه‌یتوڵه‌ بوو. تا ئه‌و رۆژه‌ی كۆچی یه‌كجاریی رۆحی به‌رزه‌فڕی بۆ لای مامی گه‌وره‌ و هه‌ڤاڵانی كۆچكردوو و شه‌هیده‌ نه‌مره‌كان، له‌ شه‌قه‌ی باڵی دا.

یادت به‌خێر عه‌موو، ناو و ناوبانگ و خه‌باتت تا ئه‌به‌د ده‌مێنێت و باعیسی مانه‌وه‌ی ئه‌م یه‌كێتی-یه‌ بێت كه‌ مه‌یدانی چۆڵ نه‌كردووه‌ و شۆڕشی ئاوایه‌.

ستران عه‌بدوڵلا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو