}

میدیا چۆن روماڵی روداوەكانی خۆكوشتن بكات!؟

ریپۆرتاژ‌ 10:01 AM - 2021-05-31

.

زیاتر لە 50 لێكۆڵینەوەی نێودەوڵەتی ئەوەیان خستۆتەڕو كە هەندێك جۆری تایبەت بە ڕوماڵكردنی میدیا دەتوانێت ئەگەری خۆكوشتن بۆ هەندێك كەس زیاد بكات. سەردێڕەكان ، زمان ، وێنەكان و تەنانەت بڕیاری ڕاپۆرتكردن لەسەر خۆكوشتن، دەكرێت هەمو كاریگەریان لەسەر تاك و ڕایگشتی هەبێت. 

میدیا ڕۆڵی خۆی دەبینێت لە ڕێگەگرتن لە خۆكوشتن شمشێرێكی دو سەرە كە دەتوانێت هەم پێشیان بگرێ و هەم ڕێگریان لێ بكات هەمیش دەتوانێت فاكتەرێكی هاندەر بێت بۆ دوبارەكردنەوەی رەفتارەكان. 

توێژینەوەی هەمەلایەنەكان دەریدەخەن كە ڕاپۆرتی دیارو دوبارە لەسەر خۆكوشتن دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن بەسەرنجدان، ڕاپۆرتەكانی سروشتێكی ڕون وەك وەسفە گرافیكیەكانی شێوازی خۆكوشتن یان وێنەكانی دیمەنەكە كاریگەری لەسەر ئەو كەسانە دەبێت كە مەترسی خۆكوشتنیان هەیە. لەلایەكەی دیكە ئەو بابەتانەی هەواڵ كە زانیاری بە هێڵی یارمەتی و گروپەكانی پاڵپشتی دەدەن گرنگە ڕاپۆڕت بكرێن، چونكە یارمەتی كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی خۆكوشتن دەدات و لەئەنجامدا كاریگەری ئەرێنی لێ دروستدەبێت .

بۆ ڕۆژی جیهانیی تەندروستی دەرونی لەساڵی ڕابردودا، فیدراسیۆنی جیهانی تەندروستی دەرونی، رێبەرێكی بۆ ڕۆژنامەنووسان بڵاوكردەوه، بۆئەوەی پڕۆفیشناڵانەتر هەواڵی ڕوماڵكردنی خۆكوشتن بڵاوبكەنەوە، لیستەكە جەخت لەسەر تاكتیكی ڕاپۆرتكردنی وردو بەرچاوی رۆژنامەنوسی دەكاتەوە، ئاماژە بەگرنگی بەكارهێنانی زاراوەكان دەكات لەراپۆرتدا. هانی زاراوەی بێلایەن دەدات لەبری وشەی هەستوسۆز كە دەكرێت وروژاندنی بەشێك لەجەماوەر بێت بۆ نمونە، وشەكانی وەك 'خۆی كوشت' و 'خۆكوشتن'، 'نەخۆشی دەرونی'، وەسفەكانی شێوازی خۆكوشتن لەڕاپۆرتەكاندا بەتوندی ئیدانە دەكات، لەجیاتی ئەوە، وشەكانی وەك 'كۆچی دوایی' و 'نەخۆشی دەرونی' دەستنیشاندەكرێت، هان دەدرێت ئەمەش بۆ خۆلادان لەسەریەكخستنەوەی كێشەكانی تەندروستی دەرونی و ئاماژە پێنەكردنەوەیانە بەنیشانەی لاوازی  تاكەكان.

هەروەها وریابون لەراپۆرتكردنی كەیسەكانی خۆكوشتنی كەسێتییە دیارەكان، وەكو هونەرمەندان و سیاسییەكان و وەرزشەوانان ...هتد، ئەم ڕاپۆرتانە زۆر گرنگن چونكە ژمارەیەكی زۆر لە خەڵك ئاشنان لەگەڵیان، بۆ ئەمەش پێویستە ئاژانسەكانی هەواڵ لەكاتی ڕوماڵكردنی هەواڵەكاندا، بەتایبەت لەمردنێكی هەستیار، خۆیان بەدووربگرن. لەلایەكەی دیكەش، دەكرێت هەواڵی ئەو چیرۆكانەی ڕزگاربوی ئەرێنی باس بكرێن بۆ بەرزكردنەوەی تێگەیشتن لەناو جەماوەردا دەربارەی ئەو پرسانەی كە لەدەوری خۆكوشتندان هەن.

جگەلەوەش رۆژنامەنوسان پێویستە وریابن لەروماڵكردنی روداوەكانداو بەتایبەتیش چاوپێكەوتن لەگەڵ ئەو كەسانەی لەخەمدان بەهۆی روداوەكانی خۆ كوشتن، بەتایبەتیش كەسوكارو كەسە نزیكەكانی قوربانیەكان.

پێویستە میدیاكان وریابن و كار لەگەڵ پسپۆڕانی تەندروستی دەرونی بكەن بۆ باشتر روماڵكردنی حاڵەكاتی خۆكوژی و هەروەها پشت ببەستن بەرێبەرە نێودەوڵەتیەكان. ئەمەش دەبێتە هۆی دروستكردنی ژینگەیەكی تەندروست تر بۆ هۆشیاری و تێگەیشتن.

هیچ نهێنییەك نیە بۆ شارەزایانی بواری تەندروستی دەرونی كە بەركەوتنی خۆكوشتن، چ ڕاستەوخۆ بێت یان لەڕێگەی میدیا، ڕەنگە وا لەخەڵك بكات زیاتر پەنا بۆ ڕەفتاری خۆكوژیی خۆیان بەرن. 

لەتوێژینەوەیەكی نوێماندا كە مانگی ئاداری ئەمساڵ (2021) لەگۆڤارێكی ئاستبەرزی نێودەوڵەتی بڵاوبۆوە، بۆمان دەركەوتوە هەندێك مەشقی تایبەتی ڕۆژنامەوانی و رێبەری تایبەت بەروماڵكردنی روداوەكانی خۆكوشتن وەك بڵاونەكردنەوەی وردەكاری زۆر دەربارەی مردنێك بەخۆكوشتن، یان چاوخشاندنەوە بەو ڕوداوانە ئەگەری هەیە رێژەی خۆكوژی كەم بكاتەوە، بەپێچەوانەشەوە، روماڵی بەربڵاوی میدیاو بڵاوكردنەوەی زانیاری زۆر دەربارەی روداوەكان، میتۆدەكانی خۆكوژی، شوێنەكانی خۆكوژی، كەیسی كەسێتیە بەناوبانگەكان و وێنەو ڤیدیۆو دۆكیومێنتی جێماوی قوربانیەكان و شوێنەكان كاریگەری دەبێت لەسەر زیاد بونی رەفتارو هەوڵەكانی خۆكوژی، جگەلەوەی بۆ رۆژنامەنوسان شكاندنی بنەما ئێتیكیەكانە، هاوكات پێچەوانەی رێبەرە نێودەوڵەتیەكانی وەكو رێبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی و رێكخراوی نێودەوڵەتی بنەبڕكردنی خۆكوشتنە كە وەكو رێبەرێكی تایبەت و ئێتیكی بۆ روماڵكردنی كەیسەكانی خۆكوژی بۆ رۆژنامەنوسان دانراوە.

ئێمە نامانەوێت بەرۆژنامەنوسان بڵێین، روداوەكانی خۆكوشتن بەهای هەواڵیان نییە، ناشمانەوێت پێیان بڵێین، روماڵی روداوەكانی خۆكوشتن نەكەن، ئەوەی گرنگە شێوازەكانی روماڵكردن و بەكارهێنانی میتۆدو ستراتیژی روبەڕوبونەوەی روداوەكان و هەوڵەكانی خۆكوشتنە.

 

لەكاتی روماڵی روداوەكانی خۆكوشتن رۆژنامەنوس پێویستە بیر لەچیرۆكەكە بكاتەوەو بڵێت بەرپرسیاریم چیەو لەكوێ كۆتایی پێدێت؟" وەك ئەوەی چ زانیاریی و دۆكیومێنتێك بڵاوبكاتەوە، لەكوێوە بۆ كوێ دەستپێبكات.....

ڕاپۆرتكردنی خۆكوشتن بەرپرسیارانەو ئێتیكیانە پێویستی بەهەستیاری و بەزەیی هەیە لەگەڵ ئەوەشدا چەندین ژوری هەواڵ هەن هێشتا دەست دەگرن بەسەر وشەگەلو ڕێگاكان بۆ گێڕانەوەی چیرۆكەكان بەبێئەوەی مەترسیان لەسەر خەڵكی لاواز بێت.

رێبەرە نێودەوڵەتییەكانی روماڵكردنی كەیسەكانی خۆكوشتن، ڕێگەیەكی مامناوەند پێشكەش بەڕۆژنامەنوسان دەكەن، بۆ كەمكردنەوەی ناوەڕۆكی زیانبەخش لەكاتێكدا كە بەرزترین پێكهاتەی پاڵپشت و یارمەتیدەرە. بۆ نمونە مۆدێل یان رێبەری ڕێكخراوەی تەندروستی جیهانی كە جەخت لەبڵاونەكردنەوەی زانیاری كەسی قوربانیەكان وەكو ناو، شوناسیان، پیشەیان، شوێنی نیشتەجێبون و وێنەو ڤیدیۆو دۆكیومێنتی بەجێماو لەدوای خۆیان، هەروەها میتۆدو شێوازەكانی خۆكوشتن و شوێنەكانی خۆكوشتن.

بۆئەوەی رۆژنامەنوسان و دامەزراوەكانی میدیا پڕۆفیشناڵانە روماڵی روداو و كەیسەكانی خۆكوشتن بكەن و میدیا نەبێت بەفاكتەرێكی هاندەر بۆ دوبارەكردنەوەی رەفتاری خۆكوژی لەناو خەڵكدا، پێویستە دامەزراوەكانی راگەیاندن رۆژنامەنوسی تایبەتمەندو راهێنراویان هەبێت بۆ كەیسەكانی خۆكوشتن و لەژووری هەواڵیش هەواڵنوسی شارەزاو راهێنراو بەكەیسەكانی تاوان و خۆكوشتن هەبێت بۆئەوەی لەكاتی داڕشتن و نوسینی چیرۆكەكاندا پەیڕەو رێبەرە نێودەوڵەتییەكان بكرێت.

بەتایبەتیش رێگری بكرێت لەبڵاوكردنەوەی زانیاری پەیوەست بەقوربانیەكان و میتۆدەكانی خۆكوشتن و شوێن و ئامڕازە خۆ كوژییەكان، لەگەڵ بڵاوكردنەوەی هەواڵەكانیش گرنگی بەبڵاوكردنەوەی رێبەرە نێودەوڵەتییەكان و دامەزراوەكانی بنەبڕكردنی خۆكوشتن بكرێت و ژمارەو ئیمەیڵ و شوێنیان بڵاوبكرێتەوە بۆ پەیوەندیكردن لەئەگەری هەبونی هەوڵی خۆكوشتندا. هەروەكچۆن پێویستە كەناڵەكان پسپۆڕانی دەرونزانی بانگهێشت بكەن بۆ شیكاری هەواڵەكانی خۆكوشتن بۆئەوەی هۆشیاری زیاتر دەربارەی فاكتەرەكان و میتۆدەكانی رێگری و چارەسەرەكان بخەنەڕوو.

لەهەمان كاتدا، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان، و پەرلەمانی كوردستان و دامەرزاوەكانی راگەیاندن و پسپۆڕانی بواری میدیاو پسپۆڕانی بواری دەرونزانی هەوڵبدەن بەپشت بەستن بەرێبەرە نێودەوڵەتییەكان رێبەرێكی نیشتمانی بنیادبنێن بۆئەوەی سەرجەم رۆژنامەنوسان و دامەزراوەكانی راگەیاندن وابەستەی پیشەیی و ئێتیكیان بۆی هەبێت و بەپێی ئەم رێبەرە روماڵی كەیسەكانی خۆكوشتن بكەن، وەكو رێبەری رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە لەم لینكەدا بەردەستە بۆ رۆژنامەنوسان (https://www.who.int/mental_health/media/en/426.pdf)

PUKmedia پ.ی.د. ئاراز رەمەزان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket