}

لە ساڵیادی سەركردە بوێرەكەدا

بیروڕا 09:55 PM - 2021-05-17

.

(18)ی ئایار سێ‌ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر ماڵئاوایی سەركردەیەكی دڵسۆز و خاكی و و پێشمەرگەیەك كە ناوی هەمیشە بەنەمریی لە بیرەوەریماندا دەمێنێتەوە.

هەڤاڵ (عادل مراد) ئەو سەركردەیەی كە لەسەرەتای تەمەنی سیاسییەوە بە بوێرو هەقخواز دەستیپێكردو تا كۆتا ساتەكانی ژیانیش سازشی لەبیرو باوەڕە نەپساوەكەی  نەكرد.

بوێر لەهەڵوێستی سیاسیدا، داكۆكیكار لە هەڤاڵ و هاوڕێباز و هاوسەنگەرەكانی، سەرسەخت لەسەر پرسە نەتەوەییەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان، وەفادار بۆ هەڤاڵە دێرینەكانی سەردەمی شاخ، پشت و پەنا بۆ گەنجان لەئاكاری بەرزی هەڤاڵ (عادل موراد)بوو.

لەناو هەموو ناكۆك و قەیران و كێشمەكێشمەكان، هەڤاڵ (عادل موراد) تەرەفگیری هیچ هەڤاڵێكی نەكردو تەنها خەمی پاراستنی یەكێتی و "یەكێتی ناو یەكێتی".

ئێمە لە دانای "هەڤاڵ عادل موراد"ەوە فێربووین گەر یەكگرتوو و یەكهەڵوێست نەبین شكست لەبەردەممان دەبێت و ئەمانەتی كەسوكاری سەربەرزی شەهیدانیش لە دەستدەدەین، لێوەی فێربووین" كە بەبێ‌ منەتی سەروەت و سامانی داهاتی سەرخان و ژێرخانی بخەینەڕوو... لێوەی فێربووین "وەك حزبی شەهیدان مكوڕبین لەسەر جێبەجێكردنی ستراتیژێكی تۆكمە بۆ بەهێزكردنەوەی سەنگی یەكێتی، كە زامنی داواكاری مافەكانی خەڵك بێت... لێوەی فێربووین" كە رەخنەو جیاوازی بیروڕا نابنە هۆی سڕینەوەی بەهاو دەستەكەوتە نیشتیمانییەكان... لێوەی فێربووین"  یەكێتییەكان نابێت لە گۆڕانكاریی و رەخنەگرتن بترسن.

لە قۆناغە دژوارەكانی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و لە غیابی "سەرۆك مام جەلال"-یش، هەڵوێستی هەڤاڵ عادل موراد و هەڤاڵەكانی بوو كە بووە پرەنسیپ، كە (یەكێتی) هەر بڕیارێك دەربكات دەبێت بگەڕێتەوە بۆ رای ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی ناوەند.

ئەو دەمەی كە كورد لەدوای سەرۆك مام  لە بەغداد لەبەردەم شكستی سەركردایەتی و لەناو گێژاوی سیاسیدابوو، هەڤاڵ (عادل موراد) هەموو سەركردایەتی سیاسی كوردی خستە بەردەم بەرپرسیارێتی كە لە دانوستان سڵ نەكەنەوە، چونكە كلیلی چارەسەری كێشەی هەرێم لە بەغدادە، بەڵام هەندێك لایەن و كەسایەتی بەبیری تەسكی حزبایەتییەوە  رەخنەیان لێدەگرتوو و هەوڵیان دەدا لە رۆڵ و پێگەی كەمبكەنەوە، بەڵام وەك سەركردەیەكی مێژووی و بەرپرسیار لەبەردەم میلەتەكەیدا پرسەی نیشتیمانییەكانی بەلاوە گرنگ تر و پیرۆزتر بوولە هەموو بەرژەوەندییەكەی تایبەتی و حزبی.

رۆحی پاكی سەرۆك مام جەلال و كاك عادل و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادی كوردستان شاد و ئارام بێت

سالار سەرحەد خەلیفە- ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو