riklam

پەرلەمانتارێک: لیستی ناڕوون و نەبوونی تەوتین مووچەی راگرتووە

کوردستان 01:21 PM - 2024-08-07
دراوی 25 هەزار دیناری عیراقی PUKMEDIA

دراوی 25 هەزار دیناری عیراقی

نزیکەی 20 رۆژە دارایی هەرێم لیستی مووچەخۆرانی بۆ حکومەتی فیدراڵی ناردووە و تائێستا دارایی عیراق ئامادەنییە مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش دەڵێت: "لیستی ناشەفاف و نەبوونی (تەوتین) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم، ناردنی مووچەی راگرتووە".

لیستەکەی هەرێم هێزی بندیوار و ناوی دووبارەی تێدایە

غەریب ئەحمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "بە هیچ شێوەیەک نەناردنی مووچەی مانگی 7ـی مووچەخۆرانی هەرێم پەیوەندی بە نەبوونی پارەی نەختینەوە لە عیراق نییە، بەڵکو دواکەوتنی ناردنی مووچە پەیوەندی بەو داواکاریانەوە هەیە کە دادگای فیدراڵی و وەزارەتی دارایی عیراق ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمیان کردووە و جێبەجێ نەکراوە".

"نەناردنی مووچە لەلایەن بەغداوە پەیوەندی بە ئەو لیستەوە هەیە کە حکومەتی هەرێم بۆ دارایی عیراقی ناردووە و پڕە لە ناوی دووبارە و هێزی بندیوار و جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی دروستکردنی (تەوتین) بۆ مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عیراق"، غەریب ئەحمەد وادەڵێت.

سەرۆکوەزیران تائێستا بەرپرسیارێتی لیستە ناڕوونەکەی لەئەستۆ نەگرتووە

ناردنی مووچەی مانگی 6ـی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عیراق بوو، بەڵام بۆ ئەم مانگە سەرۆکوەزیران تائێستا ئامادەنییە ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆ بگرێت و مووچە بۆ هەرێم بنیرێت.

ئەندامەکەی ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا: "لەسەر دواکەوتنی ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و چەند پرسێکی دیکە تەیف سامی وەزیری دارایی عیراق بانگهێشتی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق کراوە و داوای روونکردنەوەی لێدەکرێت، بەڵام روونە بەگومانیی وەزیری دارایی عیراق لە لیستی مووچەخۆرانی هەرێم و نەناردنی لیستێکی شەفافی مووچەخۆران، ناردنی مووچەی هەرێمی راگرتووە".

"ناردنی مووچەی مانگی رابردووی مووچەخۆرانی هەرێم بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عیراق بوو، چونکە وەزیری دارایی ئامادەنەبوو مووچە لەژێر رۆشنایی لیستێکی ناڕووندا بنێرێت، بەڵام بۆ مووچەی مانگی 7 دەبینین تائێستا سەرۆکوەزیرانی عیراقیش ئامادەنییە وەک مانگی رابردوو ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆبگرێت"، غەریب ئەحمەد وای وت.

عیراق ئامادەنییە مووچە بنێرێت

وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان رۆژی 21ـی 7 لیستی مووچەی مانگی 7ـی بۆ دارایی عیراق ناردووە، بەڵام دوای نزیکەی 20 رۆژ، دارایی عیراق بەهۆی ناڕوونی لیستەکەوە ئامادەنییە مووچە بۆ هەرێم بنێرێت.

ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی 21ـی 2ـی 2024، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکەکانی سەر بە حکومەتی عیراق (تەوتین)ـیان بۆبکرێت و بەوشێوەیە مووچەخۆرانی هەرێم و عیراق مانگانە پێکەوە مووچەکانیان وەربگرن و بەمەش کۆتایی بە کێشەی دواکەوتنی مووچە دێت، بەڵام دوای نزیکەی شەش مانگ، تائێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک پێویست هەنگاوی بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی نەناوە، حکومەتی هەرێم سەرقاڵی دروستکردنی هەژماری منە بۆ مووچەخۆرانی، بەڵام تائێستا دارایی عیراق بە هیچ شێوەیەک رەزامەندی لەسەر ئەو پڕۆژەیە بۆ تەوتینی مووچەخۆران نەداوە، چونکە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی روونە کە ئاماژە بەوەدەکات پێویستە مووچەخۆرانی هەرێم لە یەکێک لە بانکە حکومییەکانی عیراق تەوتینیان بۆبکرێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket