riklam

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: گەڕانەوەی تەرمی قوربانیانی رووداوەکەی ئیتاڵیا ئەرکی حکومەتە

کوردستان 06:03 PM - 2024-06-22
ساتی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا France Press

ساتی نقومبوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا

گەڕان بەدوای تەرمی ئەو هاووڵاتیانەی لە بەلەمە نقومبووەکەی ئیتاڵیادا گیانیان لەدەستدا بەردەوامە و ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیش لە فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێت: "پێویستە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق کارئاسانی بکەن بەمەبەستی گەڕانەوەی تەرمی ئەو قوربانیانە کە داواکاری کەسوکاریشیانە".

کەسوکاری قوربانیانی بەلەمەکەی ئیتاڵیا داوای گەڕانەوەی تەرمەکان دەکەن

بەدریە حسێن ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەگەڵ باڵیۆزی عیراق لە ئیتاڵیا و نوێنەری حکومەتی هەرێم لەو وڵاتە لە پەیوەندیداین بۆئەوەی چاودێری تەندروستی ئەو بریندارانە بکەین کە لە رووداوی نقومبونی بەلەمەکەی ئیتاڵیا برینداربوون، هەروەها بەپێی زانیارییەکانی باڵیۆزی عیراق لەو وڵاتە گەڕان بەدوای تەرمی ئەو هاووڵاتیانەی لە بەلەمە نقومبووەکەدا بوون بەردەوامە".

"ژمارەیەک لەو هاووڵاتیانەی لەناو بەلەمەکەدابوون خەڵکی هەرێمی کوردستانن و کەسوکاریان داواکارن ڤیزەی ئەو وڵاتەیان پێبدرێت کە بچنە شوێنی رووداوەکە و تەرمی کەسوکاریان وەربگرنەوە، هەروەها داواش لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عیراق دەکەن کارئاسانییان بۆ بکەن بەمەبەستی گەڕانەوەی تەرمی کەسوکاریان"، بەدریە حسێت وادەڵێت.

نزیکەی نیوەی تەرمەکان هێشتا نەدۆزراونەتەوە

بەپێی زانیارییەکانی PUKMEDIA تائێستا تەرمی نزیکەی 35 هاووڵاتی کە بەهۆی ئەو رووداوەوە گیانیان لەدەستداوە، دۆزراونەتەوە، کە ژمارەیەکیان دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و ژمارەیەکی دیکەشیان کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.

ئەندامەکەی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەران ئاماژەی بەوەشدا: "دوای دۆزینەوەی سەرجەم تەرمەکان و جیاکردنەوەی ناسنامەکانیان لەگەڵ باڵیۆزی عیراق لە ئیتاڵیا لە هەوڵدا دەبین کە تەرمی ئەو هاووڵاتیانە کە دانیشتووی هەرێمی کوردستان بوون، بگەڕێندرێنەوە خاکی کوردستان، بۆئەمەش هەوڵەکانمان لەڕێی وەزارەتی دەرەوەی عیراقەوە خستووەتەگەڕ".

رۆژی 15ـی 6ـی 2024 دوو بەلەمی کۆچبەران لە تورکیاوە بەرەو ئیتاڵیا بەڕێکەوتوون، یەکێک لە بەلەمەکان رۆژی 17ـی 6ـی 2024 لە کەناراوەکانی ئیتاڵیا نقومبوو کە 76 کەسی تێدابووە، لەو ژمارەیەش 11 کەسیان رزگاریان بووە و گەڕان بەدوای تەرمی کەسەکانی دیکەدا بەردەوامە کە زیاتر لە 20 کەس لەوانەی خنکاون خەڵکی هەرێمی کوردستانن و ژمارەیەکی دیکەش کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket