riklam

پیرۆزباییەکان بۆ رۆژی رۆژنامەگەری کوردی

کوردستان 10:42 AM - 2024-04-22
رۆژنامەی کوردستان PUKMEDIA

رۆژنامەی کوردستان

22ی 4ی هەموو ساڵێک، رۆژی رۆژنامەگەری کوردی و ساڵیادی دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی کوردستانە، بەو بۆنەیەشەوە چەندین پیرۆزبایی ئاڕاستەی رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان کراوە.

پیرۆزبایی مەکتەبی سیاسی
لەیادی ۱٢٦ ساڵەی  دەرچوونی یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لەسەر  دەستی روناکبیری دوورە وڵات میقداد مەدحەت بەدرخان ،پیرۆزباییەکی گەرم لەگشت ڕۆژنامەنوسانی کورد لەکوردستان و جیهان دەکەین کە لێبڕاوانە لە کایەی میدیا وفراوانکردنی ئازادی و دیموکراسیدا  خزمەت بە کوردەوارییەکی پێشکەوتوو دەکەن.
 
ڕۆژی ۲۲ ی نیسان ۱۸۹۸ بە بڵاوکردنەوەی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان هاتەکایەوە تا لەو ڕێگەیەوە برەو بە خەباتی داکۆکیکردن لە مافەکانی گەلەکەمان بدرێت.

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان  لەسەر هەمان ڕێباز و دیدی سەرۆک مام جەلال بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی دوانەی (نان وئازادی)  بۆ روناکبیران و ڕۆژنامەنوسان ،هەر  ئەم تێڕوانینە وایکردوە هەمیشە یەکێتی لەهەر شوێنێک بوبێت کەشی ئازادی بەرفراوانتر بووە.
 
لەم یادەدا جارێکیتر پشتیوانی خۆمان بۆ گشت ڕۆژنامەنوسانی کوردستان  دووپاتدەکەینەوە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە زانیاری ڕاست و دروست و فراوانکردنی پانتایی ئازادی بۆیان لە تەواوی کوردستاندا.

کاری میدیا خزمەتێکی گشتی کۆمەڵی کوردەوارییە شایانی دەستخۆشی و پێزانینە نەک سەرکوتکردن و ڕامکردنی هەواڵ و زانیارییەکان وەک مافێکی  رای گشتی .

مەکتەبی  سیاسی                                
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

قوباد تاڵەبانی: پارێزەری ئازادی کاری رۆژنامەگەری دەبین
رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی و یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت.

لەم یادەدا و لە بڕوای تەواومەوە بە ئازادی رۆژنامەوانی و سەرجەم ئازادییەکانی تر، داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسان بە دیدێکی رەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای رۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین. ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری رۆژنامەگەری چارەسەر بکات، یاساکانی کاری رۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێ بکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ رۆژنامەنووساندا بکات.

لە بەرامبەریشدا کەناڵەکانی راگەیاندن و رۆژنامەنووسانیش لەرێگەی پەرەپێدان بە توانا پیشەییەکانی خۆیان و پابەندبوونیان بە بەها باڵاکانی رۆژنامەگەری، ئاستی متمانە بە کاری رۆژنامەگەری لەناو کۆمەڵگادا بەرز بکەنەوە.

لەسەرمانە بە چاوی رێزەوە سەیری پیشە و ئەرکی رۆژنامەگەری بکەین و پارێزەری ئازادی کاری رۆژنامەگەری بین.

دووبارە پیرۆزبێت یادی رۆژنامەگەریی کوردی

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: کاربکەین بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار و ئازادی کاری رۆژنامەنووسی
رۆژی رۆژنامەگەری کوردی و ساڵڕۆژی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی (رۆژنامەی کوردستان) لە سەرجەم رۆژنامەنووس و میدیاکارانی کورد پیرۆز دەکەم، ئومێد دەکەم ئەم یادە ببێتە هەوێنی پێشکەوتنی زیاتری میدیای کوردی و هەموومان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنووس و دەزگاکانی راگەیاندن بکەین.

رۆژی رۆژنامەگەری کوردی بە دەرفەت دەزانم دووپاتی بکەمەوە، کە ئەرکە لەسەرشانی هەموومان کاربکەین بۆ رەخساندنی زەمینەی لەبار و ئازادی کاری رۆژنامەنووسی، ناکرێت چیتر کونجی زیندان شوێنی رۆژنامەنووسان بێت و کار بە یاساکانی تایبەت بە رۆژنامەنووسی و مافی بەدەستهێنانی زانیاری نەکرێت و پەنا بۆ یاسای دیکە ببرێت بۆ سزادانی رۆژنامەنووسان.

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤

 

دەرباز کۆسرەت رەسوڵ: ئەم یادە ببێتە هاندەر بۆ بەرەو پێشچوونی زیاتری کاری میدیایی پیشەییانە

ساڵیادی دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی لە هەموو رۆژنامەنووسانی کورد پیرۆز دەکەم، هیوادارم ئەم یادە ببێتە هاندەر بۆ بەرەو پێشچوونی زیاتری کاری میدیایی پیشەییانە لە هەرێمی کوردستان.

دەرچوونی یەکەمین ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان) لەلایەن (میقداد مەدحەت بەدرخان)، وەرچەرخانێکی گرنگ بوو بۆ کورد کە لەو رۆژگارەدا بە هەموو جیهانی وت کوردیش وەک گەلانی تر مافی ئەوەی هەیە بە زمانی خۆی بنووسێت و رۆژنامە دەربکات.

کاری رۆژنامەوانی یەکێکە لە ئەرکە پیرۆزەکان، هیوادارم میدیاکاران پیشەییانە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن و کارئاسانیان بۆ بکرێت بۆ دەستخستن و پێدانی زانیاری راست و دروست بۆ بەجێگەیاندنی پیشەی رۆژنامەنووسیان.

ناکرێت لە هیچ بارودۆخێکدا رۆژنامەنووسان رووبەڕووی ئازاردان و زیندانیکردن و کوشتن ببنەوە، قەڵەمی ئازاو ئازادو پیشەییانە لەهەر وڵاتێکدا نیشانەی پێشکەوتن و زیندوێتی ئەو گەلە دەسەلمێنێت.


دەرباز کۆسرەت رەسوڵ
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

 

پەیامی رزگار حاجی حەمە ...

 

پیرۆزبایی 

بەبۆنەی (١٢٦)مین ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی و دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردی بەناوی (کوردستان) پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی رۆژنامەنووس و راگەیانکارانی کورد دەکەم و هیوای خۆشگوزەرانی و پێشکەوتنیان بۆ دەخوازم.
رۆژنامەنووسان و راگەیانکارانی کورد، رۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە پەرەپێدانی هۆشیاریی و بەرەوپێشچوونی کۆمەڵگە و جۆشدانی گیانی بەرگری و خەباتی گەلەکەمان، هاوکات دەنگی راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بوونە لە گەیاندنی داخوازییە رەواکانیان. 
دووبارە پیرۆز بێت ئەم یادە گرنگە، سڵاو لە گیانی پاکی میقداد بەدرخان پێشەنگی کاروانی رۆژنامەگەری کوردی، بەردەوام بێت خەباتی مەدەنی بێوچان و ئازادیی رادەربڕین وپتەوکردنی بنەماکانی دیموکراسی لە کۆمەڵگەکەمان.

رزگار حاجی حەمە 
ئەندامی مەکتەبی سیاسی 
لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردن

 

پەیامی رەفعەت عەبدوڵڵا...

 

بەبۆنەی یادی ڕۆژنامەگەری کوردی پیرۆزبای گەرم ئاراستەی ڕۆژنامەنووسان و میدیا کاران ئەکەم ، یادی ڕۆژنامەگەری کوردی یادێکی مێژووییەو هێمای زیندووی و پەرۆشی نەتەوەکەمان نیشان ئەدات بۆ دونیای بەرینی میدیایی، باشترین هەنگاو لەم یادەدا ئەوەیە کە ڕووبەرەکانی ئازادی بەردەم ڕۆژنامە نووسان فراوان بکرێت و ژیان و گوزەرانیشیان بۆ ئاسان بکرێت، هەرجۆرە قسەیەک لە سەر ئەم یادە بەبێ پاراستن و دابین کردنی ئازادی بیروبۆچوون مانای نابێت، ئێمەش وەک یەکێتی هەرلەسەرەتاوە دروشمی نان و ئازادیمان بۆ نوسەران و ڕۆژنامە نووسان وەک مەرجی سەرەکی ڕاگەیاندوە، جارێکی تر پیرۆزبای گەرمی خۆم لەم یادەدا ئەنێرم بۆ تەواوی ڕۆژنامەنووسان.

رەفعەت عەبدوڵا حەمەڕەش

 

پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال...

 

پیرۆزبایی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی بەبۆنەی ساڵڕۆژی رۆژنامەگەریی کوردییەوە
یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردی و رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی لە سەرجەم رۆژنامەنووسان پیرۆزدەکەین
لەم بۆنە پیرۆزەدا لە بڕوای تەواومانەوە بە ئازادیی رۆژنامەوانی، لە دیدی سەرۆک مام جەلال و رێخۆشکردن بۆ رەخنەگرتنی دروست لە کەموکوڕییەکانەوە پیرۆزباییەکی گەرم لە تەواوی رۆژنامەنووسان دەکەین و هیوای سەرکەوتن و هێنانەدی ئامانجەکانیان بۆ دەخوازین.
دەبێت هەمووان تێبکۆشین، هەوڵبدەین و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادیی کاری رۆژنامەگەری و لەمپەرەکانی بەردەم دەستخستنی زانیاریی تەواو بۆیان بنبڕبکەین و ژینگەیەکی گونجاویان بۆ دابینبکەین.
ئامانجمانە هەوڵی داڕشتنی یاسایەکی باش و گونجاو لەگەڵ پێشکەوتنی سەردەمیانە بدەین بۆ میدیا و میدیاکاران، تەواوی مافەکانیان بەردەستبخەین.
جێگەی خۆیەتێ دامەزراوە میدیاییەکان و رۆژنامەنووسانیش لەرێگەی پەرەپێدان بە توانا پیشەییەکانی خۆیان و پابەندبوونیان بە بەها باڵاکانی رۆژنامەگەری، ئاست و متمانەی خۆیان بەرزبکەنەوە پشت بەراستی و بەڵگەی دروست ببەستن.
سەرۆک مام جەلال لەبارەی رۆژنامەنووسی سەرکەوتوو دەڵێت دەبێت رۆژنامەنووس زانا، راستگۆ و هۆشیاربێت و پشت بەسەرچاوە و بەڵگە ببەستێت و راستییەکان بڵێت.
دروود و سڵاو بۆ رۆحی سەرۆک مام جەلالی رۆژنامەنووس و پشتیوانی سەرسەختی رۆژنامەنووسان.

باڵیۆز د. محەمەد سابیر
سەرۆکی دامەزراوەی سەرۆک جەلال تاڵەبانی

 

پیرۆزبایی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی...

لە یادی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا پیرۆزبایی گەرم ئاراستەی سەرجەم رۆژنامەنوسانی کورد لە کوردستان و جیهان دەکەین.

میقداد میدحەت بەردخان نوسەر و روناکبیری کورد بە بڵاوکردنەوەی یەکەم رۆژنامەی کوردی دەستپێکی قۆناغێکی نوێی لە مێژوی روناکبیری کوردی و سەرەتای رەوتی رۆژنامەگەری کوردی دەستپێکرد.

لەم یادەدا بە گرنگی دەزانین ، کەشی زیاتری ئازادی و دیموکراسی و مافی دەستگەیشتن بە زانیاری بۆ رۆژنامەنوسان فەراهەم بکرێت ، لەبەرامبەریشدا رۆژنامەنوسان بە بەرپرسیارێتی زیاترەوە کاری رۆژنامەوانی جێبەجێ بکەن لەپێناو گەیاندنی زانیاری و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ کۆمەڵگە.

ئازاد محەمەد ئەمین
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی
٢٠٢٤/٤/٢٢

 

پەیامی بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان
گەلی کورد، بە درێژایی مێژوو ژێردەستەیی زۆر دیوە  و ستەمی لێکراوە، بەڵام هەرگیز سەری دانەنەواندووە بۆ دوژمنانی... بەدرخانییەکان، میرنشینییەکەیان لەپێناوی سەردانەنەواندن دانا! دوای ئەوەش درێغییان نەکردووە و رۆڵەکانیان چەندین کاری ناوازەیان کردووە، بەڵام کاری دیار و جیاوازیان دەرچواندنی یەکەمین نۆبەرەی ڕۆژنامەی کوردییە بەناوی ( کوردستان )، کە  بە کوردی و تورکی، جوتە برا ( میقداد بەدرخان و عەبدولڕەحمان بەدرخان ) لە ٢١\٤\١٩٩٨ لە قاهیرە لە چاپخانەی هیلال لە قاهیرە، دەریانچواند.

جۆرجی زێدان، هەم نووسەرێکی میسری و هەم خاوەنی چاپخانەی دار  هیلال بوو لە قاهیرە و بەگەرمی باوەشی بۆ ئەو جووتە برایە بەدرخانییە کردەوە، بەڵام بەداخەوە، جوتەبرا ناچاربوون رۆژنامەکە لە جنێف و .... یش چاپ بکەن، ئەمە  بەڵگەیە کە جۆرجی زێدانیش لەلایەن عوسمانییەکانەوە فشاری لەسەربووە کە رۆژنامەکەیان بۆ چاپ نەکات.

ئەکادیمیای بەدرخان بۆ توێژینەوەی ڕۆژنامەوانی و کەلتور لە ساڵانی (٢٠٠٤ - ٢٠٢٣ ) لە ١٦ وڵاتی جیاواز، شازدە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی بەدرخانی لە یادی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی، بە شێوەیەکی ئەکادیمی و هونەری،  ئەنجامداوە.

لەو یادەدا نامانەوێت قسەکانی ساڵانی پێشووتر دووپات بکەینەوە، بەڵکو چاومان لەوەیە پتر بگەڕێین بەشکو بتوانین بەهاوکاریی دڵسۆزان،  ژمارە ١٩ ی ڕۆژنامەی کوردستان، کە تا ئێستا بزرە، بدۆزینەوە.

شیاوی باسە، لە ماوەی ٢٤ ساڵی رابردووی تەمەنی ئەکادیمیای  بەدرخان، چەندین نووسەر و رۆژنامەوان،  لە ( ئەندامانی بۆرد و دەستەی نووسەران ) خۆبەخشانە لەهەموو بوارەکانی ( ڕۆژنامەی بەدرخان و چالاکییەکان و فێستیڤاڵەکانی بەدرخان و سیمینارەکان و چاپکردنی کتێب و ئینسایکڵۆپیدیای هەولێر ... ) کاریانکردووە، ئەمە هەم  جێگای دەستخۆشییە و  هەم لەلای خۆمەوە پێیدەزانم.

لەماوەی رابردوودا ئەکادیمیای بەدرخان بە ئەرکی سەرشان و خەمی خۆی زانیوە یادی هەر یەک لە نەمران (  مارف خەزنەدار و کەمال فوئاد ) بکاتەوە لە بەرانبەر خزمەتیان بە کولتوریی کورد و دۆزینەوەی ژمارە ئۆرجیناڵەکانی ڕۆژنامەی کوردستان. هەڵبەت سەرەتا ژمارە ( ١ ) ی ڕۆژنامەکە لە مۆسکۆ ،  ساڵی 1968 لەلایەن دکتۆر مارف خەزنەدار و   ٢٧  ژمارەیتر لە ئەڵمانیا  لەلایەن دکتۆر کەمال فوئاد لە ساڵی ١٩٧١و پاشان ژمارە (١٠) و (١٢) لەلایەن دکتۆر جەلیلی جەلیل دۆزرایەوە، کە  لە فێستیڤاڵی بەدرخان لە ساڵی ٢٠٠٥ لە دهۆک راگەیەندرا.

ئەکادیمیای بەدرخان توانی لەدوای کۆچی دوایی مارف خەزنەدار، لە چلەکەیدا لە ساڵی ٢٠١٠ کتێبێک ئامادەبکات بە نێوی (  مارف خەزنەدار ،مەملەکەتێک لە کتێب ) و بۆ کەمال فوئادیش کتێبێک بەناوی ( کەمال فوئاد ، پیاوێک لە یاقوت ) لە ساڵی 2016 چاپ و بڵاوبکاتەوە.... سەرەڕای ئەوانەش سەرجەم ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان لە دوو چاپی جیاواز لە ئێران و میسر جگە لە ژمارە 19 چاپ و بڵاوکردەوە.

بەهیواین ڕۆژنامەنووسان، پڕۆژەکانیان پەرەپێبدەن بە مەبەستی بەردەوامبوون و بوژاندنەوەی پتری بواری رۆژنامەوانیی کوردی.

٭درود بۆ گیانی پاکی هەموو ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کەم و زۆر، بەگوێرەی توانایان، لە خەمی هۆشیارکردنەوەی گەلەکەیانبوون.

حەمید ئەبوبەکر بەدرخان
بەرپرسی ئەکادیمیای بەدرخان
ئەڵمانیا

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket