riklam

یه‌كێتی قه‌واره‌ و شه‌رعیه‌تی هه‌رێم به‌هه‌ڵبژاردن ده‌پارێزێت

کوردستان 05:17 PM - 2024-04-03
لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق، پڕۆسەی دەنگدان PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عیراق، پڕۆسەی دەنگدان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەڕێگای هەڵبژاردنەوە دەیەوێت دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان کە لەئێستادا لەکارکەوتوون یان کاربەڕێکەرن، کارا بکاتەوە بۆئەمەش ئامادەی هەڵبژاردنە لەو وادەیەی دیاریکراوە و پشتیوانی لە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە هەرێمی کوردستان دەکات، ئەمەش لەپێناو ئەوەی حزبەکان سەنگ و هێزی خۆیان بزانن، هاوکات لەڕێگای هەڵبژاردنەوە ئامانجیەتی نوێنەری راستەقینەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بۆ خزمەت بنێرێتە پەرلەمان.

مەکتەی سیاسی: هەڵبژاردن خواستی هاووڵاتیان دێنێتە دی

لە راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا هاتووە: "لە سۆنگەی پەرۆشیمان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، پابەندین بەو وادەیەی کە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە، هاوکات تەئکید دەکەینەوە، کە داخوازی هاووڵاتیان بۆ مووچە و بودجە و ئاوەدانی، تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت".

هەڵبژاردن رێڕەوی حکومڕانی هەرێم راست دەکاتەوە

هەڵبژاردن پەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەرێم و بەغدا دەکاتەوە و وادەکات رێڕەوی حکومڕانی هەرێم راست ببێتەوە و لەوە زیاتریش هاووڵاتیان نەبنە قوربانی.

لوقمان وەردی ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی راپەڕینی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "تەنها هەڵبژاردن دەتوانێت رێڕەوی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان راست بکاتەوە، بۆئەوەی لەوە زیاتر هاووڵاتیان و مووچەخۆرانمان نەبنە قوربانی و هەست بە سەقامگیری سیاسی بکەن".

"ئەنجامدانی هەڵبژاردن پەڕەیەکی نوێ لەنێوان هەولێر و بەغدا دەکاتەوە، بۆیە دروستکردنی هەر بەربەستێک بە بیانووی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن لاوازکردنی قەوارەی هەرێمە، هاوکات پێچەوانەی بەرژەوەندییە باڵاکانی خەڵکی کوردستانە"، لوقمان وەردی وادەڵێت.

یەکێتی بە هەڵبژاردن مەترسییەکان دووردەخاتەوە

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەستی بەو مەترسییانە کردووە کە لەسەر هەرێمە، بۆیە دەیەوێت لەڕێگای هەڵبژاردنەوە ئەو مەترسییانە دووربخاتەوە، هەروەها یەکێتی پشتیوانی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکات لە وادەی خۆیدا.

خدر مستەفا ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە PUKMEDIA ی راگەیاند: "یەکێتی هەست بەو مەترسییانە دەکات کە لەسەر هەرێم هەیە و دەیەوێت لەڕێگای هەڵبژاردنەوە ئەو مەترسییە ناوخۆیی و دەرەکییانە لەسەر قەوارەی هەرێم دووربخاتەوە، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت زیاتر شەرعیەتی هەرێمی کوردستان لاواز دەبێت".

"هەڵبژاردن دەتوانێت دامودەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان بخاتەوەگەڕ کە لە ئێستادا لەکار کەوتوون یان کاربەڕێکەرن، لەم چوارچێوەیەشدا یەکێتی پشتیوانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات لە وادەی خۆیدا و خۆی بۆئامادە کردووە"، خدر موستەفا وای وت.

وتەبێژ: دواخستنی هەڵبژاردن کارەساتە بۆ هەرێم

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ وته‌بێژی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ PUKMEDIA ی راگه‌یاند:"پێمانوایه‌ دواخستنی هەڵبژاردن‌‌ خزمه‌ت به‌ قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان ناكات و به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پێویستمان به‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تێكی نوێ هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نها به‌هه‌ڵبژاردن دێته‌دی".


"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان رێزی له‌مه‌رسومه‌كانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان گرتووه‌و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی چوارجار مه‌رسومی بۆ واده‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌ركردووه‌، به‌ڵام هیچ كاتێك یه‌كێتی نه‌بووه‌ته‌ رێگر له‌به‌رده‌م واده‌ی هه‌ڵبژاردن، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ پشتیوانیمان كردووه‌، چونكه‌ ده‌زانین دواخستنی هه‌ڵبژاردن كاره‌ساته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان"، سەعدی ئەحمەد پیرە وادەڵێت.

ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن زیان بە هەرێم دەگەیەنێت 

هاوکات لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی و لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەبارەی هەڵبژاردنەوە لە پانێڵێکدا رایگەیاند: "پرسی هەڵبژاردن لە ئێستادا لەهەرێمی کوردستان هاوشێوەی پرسی ریفراندۆم دێتە بەرچاومان، چونکە لەوکاتەدا هەموو دۆست و هاوپەیمانەکانمان پێیان وتین لەئێستادا ریفراندۆم مەکەن، بەڵام گوێیان لێنەگیرا و دواجار بە زیانی گەلەکەمان شکایەوە، لەئێستاشدا لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە پێمان دەڵێن هەڵبژاردن ئەنجام بدەن، ئەگەر گوێیان لێنەگرین هاوشێوەی ریفراندۆم زیان بە گەل و خاک و قەوارەی هەرێم دەگەیەندرێت".

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپێناو درێژە نەدان بەو دۆخە ناسەقامگیرییە نائابورییەی کە هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، تەئکید لە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا دەکاتەوە کە سەرۆکی هەرێم مەرسومی بۆ دەرکردووە و بڕیارە لە 10ی 6ی 2024 ئەنجام بدرێت.  
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket