riklam

مەکتەبی سیاسی: هەڵوێستمان نەگۆڕە و هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت

کوردستان 05:36 PM - 2024-04-02
لۆگۆی یەکێتی PUKMEDIA

لۆگۆی یەکێتی

یەکێتی

ئەمڕۆ سێشەممە 2-4-2024، مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سەرپەرشتی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی سەبارەت بە پرسی ھەڵبژاردن و ئامادەکارییەکان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەکە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا و کۆبوەوەو لە راگەیەندراوێکدا ئاماژە بەوە کراوە: " لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم، پابەندین بەو وادەیەی کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن" و راشیگەیاند: "نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت".

 

راگەیەندراوی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی...

 

مەکتەبی سیاسیی  بەسەرپەرشتی هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆبوووە و دیسانەوە تەئکیدی لەسەر هەڵوێستی نەگۆڕ و مەبدەئی یەکێتیی کردەوە کە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندایە  لەوادەی دیاریکراوی خۆی لە ( ١٠-٦- ٢٠٢٤).

 

لە کۆبوونەوەکەدا  کە ئەمرۆ ٢-٤- لە دەباشان  بۆ تاوتوێکردنی دوا ئامادەکارییەکان و بەرنامەی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتیی لەم بوارەدا بەرێوەچوو ، هەڤاڵان بە تێکرا لەگەڵ پابەندێتیی هەموو لایەک بوون بەو وادەی  کە لە لایەن سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانەوە بڕیاری لێدراوە و کۆمسیۆنی  باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش ئامادەکاری پێویستی بۆ کردووە.

 

کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی لە سۆنگەی پەرۆشی بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم و ئەزموونی دیموکراتی کوردستان کە خەونی لە مێژینەی گەلەکەمانە و خەباتێکی بێوچانی بۆ کراوە،  هەروا جەختی لەسەر بەرێوەچوونی هەڵبژاردنێکی ئازاد و دیموکرات کردەوە  کە پابەندبوون بە وادە راگەیاندراوەکانی هەڵبژاردنیش بەشێکە  لە ئاماژە جەوهەرییەکانی  پاک و بێگەردی پرۆسەکە، کۆبوونەوە دووپاتیشی کردەوە نوێکردنەوەی دامەزراوە دەستورییەکانی وەک پەرلەمان و حکومەتی هەرێم هەر لە رێی دەنگدانی گشتییەوە دەبێت و رەوایی نوێنەرایەتی گەلەکەشمان بۆ  داکۆکی ماف و ژیان و گوزەرانی هاوڵاتیانیش هەر بەو شێوەیە دابین دەبێت.

 

مەکتەبی سیاسیی  هەڵوێستی روون و ئاشکرای یەکێتیی تەئکید کردەوە کە ئەمرۆ داخوازی هاوڵاتیان بۆ مووچە و بودجەی  ئاوەدانی و بوژاندنەوە تەنها و تەنها لە رێی پەرلەمان و حکومەتێکی نوێوە دەکرێت کە پشت بەستوو بە بڕیاری خەڵکی کوردستان دەتوانێت پێداگری لەسەر مافە دەستورییەکانی کوردستان  و شایستە داراییەکانی گەلەکەمان  بکات و لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی دانوستاندێکی دادپەروەرانە و ئازایانەی لەسەر بکات.

 

بەشێکی کۆبوونەوەکە تەرخانکرا بۆ هەڵسەنگاندنی دوا سەردانی دیپلۆماسیی سەرۆک بافڵ و وەفدی باڵای یەکێتی بۆ روسیای فیدراڵ و دیدارەکانی لە مۆسکۆی پایتەختی ئەو وڵاتە،  کۆبوونەوەکەی مەکتەبی سیاسیی  سەردانەکەی بە سەرکەوتوو  و بنیاتنەرانە لە قەڵەمدا کە دەبێتە مایەی گەشەکردنی  پەیوەندی یەکێتی و روسیا و پەرەپێدانی زیاتری دۆستایەتی لەگەڵ کوردستان .

 

مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
٢ ی ٤ ی ٢٠٢٤

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket