riklam

سلێمانی بەكۆدی 1760 دیكتاتۆری راماڵی

کوردستان 08:54 AM - 2024-03-07
ساڵیادی راپەڕین لە سلێمانی PUKMEDIA

ساڵیادی راپەڕین لە سلێمانی

یەکێتی

(لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، ئەمە كۆدی ئامادەكاری راماڵینی بەعس بوو لە شاری سلێمانی كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ئێزگەی دەنگی گەلی كوردستانەوە ئاڕاستەی پێشمەرگەو شانە چەكدارەكانی كرد.

 

رۆژی 7-3-1991، سلێمانی وەك یەكەمین شاری گەورە لە دژی رژێمی دیكتاتۆری بەعس راپەڕی و بە زەماوەندو كۆدی لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، لەماوەی دوو رۆژدا چۆكی بە رژێمی بەعس داداو رایماڵی، كە ئەم سەركەوتنە بە خوێنی 121 شەهیدو 45 بریندار تۆمار كرا. 

 

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەندازیارو خاوەندارێتی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردە كە توانی هێزە سیاسییە كوردستانییەكانی نێو بەرەی كوردستانی كۆبكاتەوەو ئامادەیان بكات بۆ روخاندنی رژێمی بەعس لەعیراق و بیرۆكەی راپەڕین كە لەلایەن سەرۆك مام جەلالەوە بوو، 7 مانگ پێش دەستپێكردنی بەنامەیەك لەشامەوە بۆ نەوشیروان مستەفا لە قاسمەڕەش داوای خۆئامادەكردنی بۆ راپەڕین كردبوو.

 

سلێمانی یەكەم شاری هەرێمی كوردستان بوو كەلە 7-3-1991 لەدژی زوڵم زۆرداری راپەڕی و دژی دیكتاتۆری وەستایەوە، كە ئەمڕۆش 7ی 3ی 2024، سی و سێ ساڵ بەسەر راپەڕینە مەزنەكەی شاری هەڵمەت و قوربانیدا تێدەپەڕێت.


رۆڵی رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە راپەڕین

رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ،لە رۆژی 29-1-1991 دا نامە بۆ بەرپرسانی یەكێتی دەنێرێت و لە دۆخی سیاسی و ناڕەزایەتی خەڵكی شارەكانی كوردستان لە دامودەزگاكانی رژێم ئاگاداریان دەكاتەوە.

 

بارەگاكانی حكومەتی بەعس پێش راپەڕین سەدان كەسی بەبێ تاوان تێدا بەند كرابوون، بەتایبەت ئەمنە سورەكەی سلێمانی كە ترسناك ترین شوێنی بەعس بوو لەوشارەدا بۆیە خەڵكی سلێمانی گەنج و لاو و پیرو ژن و شانە چەكدارەكان و رێكخستنە نهێنییەكانی سەرجەم حزبەكان چاوەڕوانی 7-3-1991 یان دەكرد بۆ ئەوەی راپەڕین دەستپێبكەن.

 

پێش روودانی راپەڕین لە سلێمانی دام و دەزگاكانی حكومەتی بەعس دەیان پیلانیان بۆ روبەڕوبوونەوەو سەركوتكردنی جەماوەر داڕشتبوو هەروەها بەرسەكانی بەعس لە شاری سلێمانی ئێوارەی رۆژی 6-3-1991 بڕیاری (منع تەجەول) یان راگەیاندبوو و نەیاندەهێشت كەس لە ماڵی خۆی بێتە دەرەوە كە ئەمەش هێندەی دیكە جەماوەری بۆ راپەڕین هاندا.

 

رێكخراوی سلێمانی بۆ سەركردایەتی یەكێتی: ئامادەین بۆ راپەڕین

هەربۆیە لە رۆژانی 4 و 6-3-1991 رێكخراوی سلێمانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوو نووسراوی بەپەلە بۆ سەركردایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەنێرێت و لە هەلومەرجی گونجاو بۆ راپەڕین و ئاڵۆزی بارودۆخی سلێمانی ئاگاداریان دەكاتەوە، لە نووسراوەكاندا زۆر بەوردی شوێنی بارەگاكانی حزبی بەعس و جەیشی شەعبی و هەموو ئەو مەفرەزانەی بەعس كە بەناو شاردا دەگەڕێن بۆ ترساندنی خەڵك دیاریی دەكات، هەروەها لە نووسراوەكەدا هاتووە هێزەكانی رێكخراوی سلێمانی ئامادەن بۆ راپەڕین.

 

ئەمە جگە لەوەی رۆژانی پێش راپەڕین رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بەردەوام جەماوەرو شانە چەكدارەكانی ناو شاری ئاگادار دەكردەوە و بانگەوازی دەكرد و دەیوت: "(لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)".

لە 7ـی ئازاری ساڵی 1991 دا، راپەڕین لەدوای رانیەو بازیان گەیشتە شاری سلێمانی و ئاگادارییەك (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، راپەڕینی سەرجەم چین وتوێژەكانی شاری سلێمانی دژی زوڵم زۆری رژێمی بەعسی فاشیزمی لەناوچوو دەستیپێكردو دواتریش شارەكانی تری وەك، هەولێرو دهۆك و كەركوكی قودسی كوردستان-یشی گرتەوە.

 

لە 7ـی ئازاری 1991 دا، هاووڵاتیانی شاری سلێمانی بەسەركردایەتی پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان هەڵیانكوتایە سەر بنكەی حامیەی پۆلیس و سەراو ئازادیان كرد، هەروەها خەڵكی شاری سلێمانی هێرشیان كردە سەر بارەگای سەرەكی ئەمنی ریژێمی پێشووی عیراق كە بەئەمنە سوورەكە بەناوبانگەو بەشێكی زۆر لە دڕندەترین سەركردەكانی ئەوكاتی رێژم بەدەستی كەسوكاری شەهیدان بەسزای گەل گەیەنران و دوای 33 ساڵیش لەئێستادا ئەمنەسوورەكە وەك مۆزەخانەیەكی نیشتمانی ماوەتەوەو رووكەشی دەرەوەی باڵەخانەكە وەك خۆی ماوەتەوە.

مەبەست لەبروسكەكە چیبوو ؟

بروسكەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، چۆن نووسراو كێ نووسی و مەبەست لەچی بوو؟ خالید رەزا پێشمەرگەی دێرین، خاوەنی بیرۆكەی جفرەی (لەزمناكۆوە بۆ ئازاد 1760، برادەران ئاگادار بكەنەوە 7ـی مانگ زەماوەند بكەن، ئێمەش دەگەینە لاتان)، كە هاوكات سەرپەرشتیاری شانە چەكدارەكانی شاڵاو بوو لە ناو شاری سلێمانی، بۆ سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA دەڵێت: "ئەوە لە ماڵی كاك حەمە نوری مام ئەحمەد ناسراو بەهاوڕێ موراد ئەندامی رێكخراوی سلێمانی كۆمەڵە لەگەڕەكی دورئەمنی ئەوكات نووسیم، مەبەست لە شەخسێكی دیاریكراو نییە، بەڵام وەك رەمزێك بوو بۆ دیاریكردنی رۆژەكەو لەماوەی شەش مانگی رابردوودای ئەوكاتەدا نزیك بە 100 تعمیم (پەخشنامە) بۆ رێكخستنەكان و شانە چەكدارەكان نوسیبوو، لەهەموو یاندا سەرنجمان بۆ ئەوە راكێشابوون، كە دەبێ بەردەوام متابەعەی رادیۆی دەنگی گەلی كوردستان بكەن بۆ فەرمان وەرگرتن، ئێمەش لەڕێی هەردوو رەتڵی پارتیزانەكانی گەرمیان كە ئەوكات شەهید حەمەرەش بەرپرسیان بوو، لەگەڵ رەتڵی سورداش كە شەهید غەریب هەڵەدنی فەرماندەی رەتڵ بوو، پەیوەندی بەردەواممان هەم بە ناوەندی كۆمەڵە بەتایبەت كاك نەوشیروان مستەفاو رادیۆوە هەبوو بروسكەو بانگەوازەكانمان بۆ رادیۆ دەنارد".

 

خالید رەزا پێشمەرگەی دێرینی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان دەشڵێت: "بەتەنها یەكێتی لە دەمە دەمی راپەریندا رادیۆی هەبوو، رادیۆیەكی جێگیر لەسەر شەپۆلی 75 لەسەقز ئەویتریان گەڕۆك بوو لەلای كاك نەوشیروان بوو لە زەڵێ و قاسمەڕەش و بوونە دەنگی راپەڕین".

 

راپەڕین لە سلێمانی 121 شەهیدی لێكەوتەوە

 

لە رۆژی 8ی ئاداردا هێزەكانی راپەڕین دەستیان بەسەر تەواوی شاری سلێمانیدا گرت، ئەم سەركەوتنە مەزنەش بە رژانی خوێنی دەیان شەهیدو بریندار تۆمار كرا، راپەڕین لە سلێمانی 121 شەهیدی لێكەوتەوە، لە رۆژی یەكەمدا 73 شەهیدو لە رۆژی دووەمدا 48 شەهید لەگەڵ 45 برینداری پێشمەرگە و ئەندامی شانەی چەكدارەكان و هاووڵاتیان.


سەرچاوەكان:
-پانۆرامای راپەڕین 1991
-راپەڕینی ئاداری 1991 لە باشوری كوردستان 
-بروسكەنامە
-تۆڕی پەیوەندییەكانی پێشمەرگە لەشاخ (سندوقە رەشەكەی پێشمەرگە)    


PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket