riklam

ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی: بڕیارەکانی دادگا کاریگەری لەسەر دەستوریبوونی هەرێم نابێت

کوردستان 07:34 PM - 2024-02-25
دادگای فیدراڵی PUKMEDIA

دادگای فیدراڵی

قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان قه‌واره‌یه‌كی یاسایی و ده‌ستورییه‌ و بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵی هیچ كاریگه‌رییه‌كی خراپ له‌سه‌ر قه‌واره‌كه‌ دروستناكات و هه‌ر ده‌نگۆیه‌كیش له‌و باره‌یه‌وه‌ هه‌بێت دووره‌ له‌راستییه‌وه‌، ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی یاسایی-ش له‌ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ده‌ڵێت:"ناكۆكییه‌ ناوخۆییه‌كان مه‌ترسین بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم، نه‌ك بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی".

هیچ مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم نییه‌

مه‌ترسییه‌كان له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌هۆی رێكنه‌كه‌وتنی لایه‌نه‌ ناوخۆییه‌كانه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌رنا بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵی هیچ مه‌ترسی بۆ سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم نابێت.

دارا حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن ئه‌ندامی لیژنه‌ی یاسایی له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "به‌پێی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عیراق قه‌واره‌ی هه‌رێم قه‌واره‌یه‌كی ده‌ستورییه‌ و ده‌ستووریش له‌سه‌روو یاساوه‌یه‌، بۆیه‌ بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵی هیچ مه‌ترسییه‌كی له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم نیه‌و نابێت و دژی ده‌ستووریش نییه‌".

"ئه‌و بڕیارانه‌ی دادگای فیدراڵی كه‌ بۆ مه‌ترسی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان هه‌ژمار ده‌كرێن، به‌ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێك و رێككه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كان له‌هه‌رێم و به‌غدا ده‌ڕه‌وێنه‌وه‌، بۆیه‌ گرنگه‌ زوو هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامبدرێت و رێككه‌وتنی سیاسی بكرێت"، دارا حه‌مه‌ ئه‌حمه‌د حه‌سه‌ن واده‌ڵێت.

بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی دژی قه‌واره‌ی هه‌رێم نابێت

ده‌ستووری عیراق كه‌ 19 ساڵ پێش ئێستا نوسراوه‌ته‌وه‌، كورد تێیدا به‌شداربووه‌و ده‌ستوور له‌دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، دادگای فیدراڵیش كه‌ بڕیاره‌كانی دژی ده‌ستوورنین، دژی قه‌واره‌كه‌ش نابن.

كورده‌ عومه‌ر عه‌بدوڵڵا ئه‌ندامی لیژنه‌ی هه‌رێم و پارێزگاكان له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێن ه‌رانی عیراق به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵی هیچ كاریگه‌ریه‌ك له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان دروستناكات، چونكه‌ ده‌ستوور كه‌ له‌ساڵی 2005 دا دروستكرا پارێزه‌ری قه‌واره‌كه‌یه‌".

"دادگای فیدراڵی و حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ناتوانن دژی ده‌ستوور بوه‌ستنه‌وه‌، به‌تایبه‌ت له‌و پرسانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌، هه‌ر بڕیارێكیش له‌داداگاكه‌وه‌ ده‌ربچێت به‌دڵنیاییه‌وه‌ پێچه‌وانه‌ی ده‌ستوور نییه‌، كه‌واته‌ دژی قه‌واره‌ی هه‌رێمیش نابێت"، كورده‌ عومه‌ر وای وت.

یه‌كێتی په‌رۆشی پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێمه‌

یه‌كێتی حزبێكه‌ بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم و پاراستنی خاكه‌كه‌ی خه‌باتی زۆریكردوه‌و ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ده‌خرێنه‌ پاڵی بێ بنه‌مان و مێژووش شاهیدی هه‌ڵوێستی حزبی شه‌هیدانه‌ له‌سه‌ر قه‌واره‌ی هه‌رێم.

ئاراس محه‌مه‌د ئاغا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتی PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "هیچ كه‌سێك له‌ئێستادا هێنده‌ی بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان په‌رۆشی مانه‌وه‌و به‌هێزكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان نییه‌، مێژووش شاهیده‌ كه‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ به‌حزبی شه‌هیدان ناسێندراوه‌، زۆرترین خوێنی به‌هه‌رێمی كوردستان به‌خشیووه‌، حزبێكیش خاوه‌نی روبارێك خوێن بێت بۆ خاكه‌كه‌ی، هه‌رگیز هه‌وڵی لاوازكردنی قه‌واره‌كه‌ی نادات".

"یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان دامه‌زرێنه‌ر و رزگاركه‌ری سه‌ره‌كی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان داده‌نرێت و هیچ كه‌س و لایه‌نێك ناتوانێت تۆمه‌تی بێ بنه‌ما له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ بخاته‌ پاڵ یه‌كێتی، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ یه‌كێتی هه‌وڵده‌دات هه‌رێمێكی به‌هێزمان له‌عیراقێكی فیدراڵدا هه‌بێت، كه‌ دانیشتوانه‌كه‌ی له‌خێرو بێری عیراق بێبه‌ش نه‌بێت، بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵیش كه‌ له‌م چوارچێوه‌یه‌دایه‌ پشتیوانی لێده‌كه‌ین"، ئاراس محه‌مه‌د ئاغا وای وت.

ده‌توانرێت سوود له‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی وه‌ربگیرێت

شیروان میرزا ئه‌ندامی پێشووی لیژنه‌ی دارایی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ فراكسیۆنی یه‌كێتی به‌ وێبسایتی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "ده‌توانرێت سود له‌ بڕ‌یاره‌كانی دادگای فیدراڵی وه‌ربگیرێت و هیچ زیانێكیش به‌قه‌واره‌ی هه‌رێم نه‌گات، به‌تایبه‌ت له‌پرسی مووچه‌دا كه‌حكومه‌تی هه‌رێم له‌كێشه‌یه‌كی 10 ساڵی رزگاری ده‌بێت".

رۆژی چوار شه‌ممه‌ 21-2-2024 دوای 11 جار دواخستن، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق له‌سه‌ر چه‌ند پرسێك كه‌ تایبه‌تبوو به‌هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ كۆبووه‌وه‌، پاش ته‌واوبوونی دانیشتنه‌كه‌ش بڕیاره‌كانی دادگاكه‌ دڵخۆشی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانی لێكه‌وته‌وه‌و وه‌ك بڕیارێكی راست و دروست وه‌سفیان كرد.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket