riklam

قوباد تاڵەبانی: متمانەمان بە توانا و لێهاتوویی ژنان هەیە لەناو هێزی پێشمەرگە دا

کوردستان 05:21 PM - 2024-02-25
سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان PUKMEDIA

سەردانی قوباد تاڵەبانی بۆ کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان

قوباد تاڵەبانی

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و لەگەڵ ئەفسەران و خوێندکارانی ژنی کۆلێژەکە کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا کە رۆژی یەک شەمە ( ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٤) بەڕێوەچوو و راگری کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان ئامادەی بوو، جێگری سەرۆک وەزیران، رۆڵی سەرۆک مام جەلالی لە کردنەوەی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرز نرخاند و وەبیری هێنایەوە کە سەرۆک مام جەلال گرنگی تایبەتی دەدا بە بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی پێگەیاندنی ئەفسەرانی ژن لەناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکاندا.

رێژەی ژنان لە خولەکانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرزتر دەبێتەوە

جێگری سەرۆک وەزیران ستایشی مامۆستایان و ئەفسەرانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالانی کرد و ئاماژەی بەوەدا کە؛ ژمارەیەکی زۆر ئەفسەری دەرچووی ئەم کۆلێژە لە کوردستان و عێراق لەپێگەی گرنگن و خزمەت دەکەن.

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا پێشتر عەقڵییەتێک هەبوو کە کۆسپ بوو لە بەردەم بەشداریکردنی ژنان لەم جۆرە خولانەدا، بەڵام بە خۆشحاڵییەوە ئێستا ئەو عەقڵییەتە بەرەو کاڵبوون رۆیشتووە و دەبێت بە تەواوەتی نەهێڵرێت. دڵخۆشی خۆی دەربڕی بەوەی کە ساڵ لە دوای ساڵ رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە خولەکانی کۆلێژی سەربازی قەڵاچوالان بەرزتر دەبێتەوە و ئامادە دەبن بۆ ئەوەی شان بە شانی پیاوان بەرگری لە خاکی کوردستان و هاوڵاتییان بکەن.

قوباد تاڵەبانی: هێزمان بۆ ئەوە ناوێت کە غەدر لە هیچ کەس و لایەنێک بکات

قوباد تاڵەبانی وتیشی: "متمانەی تەواومان بە توانای ژنان هەیە لە ناو هێزی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەدا و داواشیکرد ژنان زیاتر خۆیان ماندوو بکەن لە پەرەپێدانی توانا و شارەزایی خۆیان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا". لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەدا ئێمە هێزێکمان دەوێت کە بە شێوەیەکی پیشەیی بەرگری لە خاک و هاوڵاتییانی کوردستان بکات، هێزمان بۆ ئەوە ناوێت کە غەدر لە هیچ کەس و لایەنێک بکات.

قوباد تاڵەبانی لە کۆتایی وتەکانیدا رۆڵی ژنانی لە قۆناغە جیاوازەکاندا بەرز نرخاند لە بەرگریکردن لە خاکی کوردستان و پاراستنی سەقامگیری وڵاتدا و رایگەیاند: "ژنانی کورد بەوە ناسراون کە هەمیشە شانبەشانی پیاوان بەشداربوون لە بەرگریکردن لە خاک و نیشتمان، هەربۆیە پێویستە لەمەودوا زیاتر کاربکرێت بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەشداری ژنان لەناو هێزە ئەمنییەکاندا".
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket