riklam

حزبێكی عیراقی داوای دەستپێشخەری لە سەرۆكی یەكێتی دەكات

کوردستان 05:09 PM - 2024-01-30
سەرۆک بافڵ PUKMEDIA

سەرۆک بافڵ

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەرۆک بافڵ

حزبێكی عیراقی داوای دەستپێشخەری نیشتمانیی لە سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكات بۆ " دیالۆگی نیشتمانی هێزە سیاسییەكانی عیراق" وەكچۆن سەرۆك مام جەلال رۆڵی گرنگی دەگێڕا لەو پێناوەدا، ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتیش دەڵێت: "كۆمەڵێك مەترسی و كێشە هەڕەشەی راستەقینە لە عیراق دەكەن، بۆیە رۆڵی گرنگی سەرۆك بافڵ و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دیار و بەرچاوە و ئەو حزبە عیراقیەش لەو روانگە و پەرۆشیەوە داوای دەستپێشخەرییەكە دەكات".

ماڵی مام چەتری كۆكەرەوەی بۆچوونە جیاوازەكانە

مەحمود عگێلی ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عیراقی لەڕێی مەڵبەندی رێكخستنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە داوای دەستپێشخەری سەرۆك بافڵ دەكات و بۆ ئەو مەبەستەش سەردانی مەڵبەندەكەی یەكێتیی لە بەغدا دەكات.

رابیحە حەمەد ئەندامی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتی بە سایتی رەسمی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لەڕوانگەی ئەو رۆڵە كاریگەریەی كە سەرۆك مام جەلال پێشتر لە عیراق بینیویەتی و لەئێستاشدا سەرۆك بافڵ لەسەر هەمان رێباز بەردەوامە، مەحمود عگێلی سەرۆكی حزبی ئومەی عیراقی داوا دەكات كە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستپێشخەری دیالۆگی نیشتمانی لەپێناو گەلی عیراق و چارەسەركردنی كێشەكان رابگەیەنێت".

"عیراق لەئێستادا كێشەی ناوخۆیی و دەرەكی هەیە، لەناوخۆ ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان لەلایەك و كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لەلایەكی دیكە، لەسەر ئاستی دەرەوەش پرسی هێزە بیانییەكان و چەندین كێشەی دیكە بەرۆكی عیراقی گرتووە و لەچوارچێوەی ئەو مەترسیانەشدا داوا لە سەرۆكی یەكێتی دەكرێت وەك رابردوو، لە ئێستاشدا ماڵەكەی مام لە بەغدا و یەكێتیی ببێتە چەتری كۆكەرەوەی بۆچوونە جیاوازەكان و چارەسەركردنی كێشەكان"، رابیحە حەمەد وای وت.

یەکێتی هێزێكی كاریگەرە و خوازراوە لای سەرجەم عیراقییەکان

رۆژی 30/1/2024 ئەمینداری گشتی حزبی ئومەی عیراقی بەسەرۆكایەتی وەفدێكی باڵای مەكتەبی سیاسیی حزبەكەی سەردانی مەڵبەندی یەكێتیی دەكات لە بەغدا و بەگرنگییەوە باسیان لەرۆڵی كاریگەری سیاسیی سەرۆك و یەكێتیی كرد لە ئێستا و رابردووشدا لە ناوەندی سیاسیی و بڕیاردان لە عیراق دا، كە هەمیشە رۆڵی نیشتمانیی و بەرپرسیارێتی باڵا سیاسیی دەگێڕێت و هێزێكی ئاشتیخواز و دەستپێشخەرە بۆ خستنەرووی چارەسەری ئەو كێشانەی روودەدەن، بۆیە ئەمینداری گشتی حزبی ئومە دەڵێت: "تێپەڕاندنی چەقبەستوویی سیاسیی لە عیراق و رووبەرووبونەوەی مەترسی و هەرەشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان، پێویستی بە دیالۆگی نیشتمانییە و بۆ ئەو ئەركەش داوا دەكات سەرۆك بافڵ دەستپێشخەری نیشتمانیی رابگەیەنێت، چونكە یەكێتیی هێزێكی كاریگەرە و خوازراوە لەلایەن تەواوی حزب و هێزە سیاسییە عیراقییەكان و بگرە لای گەلی عیراقیش".

 رابیحە حەمەد دەڵێت: "ئەو داواكارییەی حزبی ئومەی عیراقی بەنوسراوی رەسمی وەردەگرن و ئاراستەی سەرۆك بافڵ تاڵەبانی دەكەن". "حزبی ئومەی عیراقی نیگەرانی خۆیان لەبارەی نەناردنی پشكی هەرێم و راگرتنی مووچەی فەرمانبەران راگەیاند و پرۆژەی دیالۆگی نیشتمانییان بە چارەسەركردنی كێشەكان زانی تا عیراق بگەیەندرێتە كەنارێكی ئارام، لەم ڕوانگەیەشەوە سەرۆك بافڵ بە شایستە دەزانن بۆ راگەیاندنی ئەو پڕۆژە نیشتمانییە كە دواجار دەبێتە خێر و خۆشی بۆ گەلی عیراق". لێپرسراوی مەڵبەندی بەغدای یەكێتیی وادەڵێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket