riklam

شوێنگرەوەی محەمەد حەلبوسی سوێندی یاسایی خوارد

عیراق 03:14 PM - 2024-01-30
سوێندخواردنی بورهان ناسر محەمەد PUKMEDIA

سوێندخواردنی بورهان ناسر محەمەد

لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، کاندیدێکی حزبی تەقەدوم کە پێشتر نەیتوانیبوو ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەهۆی وەرگرتنەوەی ئەندامێتی لە سەرۆکی پێشووی پەرلەمان، وەک جێگرەوەی حەلبوسی سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق.

جێگرەوەکەی حەلبوسی پێشتر دەنگی پێویستی بەدەستنەهێنابوو

د. بریار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە فراکسیۆنی یەکێتی بە سایتی رەسمی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان PUKMEDIA ی راگەیاند: "لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقدا، (بورهان ناسر محەمەد) وەک پەرلەمانتاری عیراق سوێندی یاسایی خوارد کە جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی-ە و بەوپێیە مافی پەرلەمانتاری لە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان وەرگیرایەوە".

"ئەو ئەندامەی وەک جێگرەوەی محەمەد حەلبوسی سوێندی یاسایی خوارد هەر لەسەر حزبی تەقەدومە و پێشتر بەهۆی بەدەستنەهێنانی دەنگی پێویست نەیتوانیبوو ببێتە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، بەڵام لەدوای وەرگرتنەوەی ئەندامێتی لە محەمەد حەلبوسی، ئەمڕۆ وەک جێگرەوەی سوێندی یاسایی خوارد"، د. بڕیار رەشید وای وت.

نزیکەی سێ مانگە پەرلەمان بێ سەرۆکە

جێی ئاماژەیە، ڕۆژی ١٤/١١/٢٠٢٣، دادگای باڵای فیدراڵی عیراق، بە تۆمەتی (ساختەكردنی ئیمزای پەرلەمانتار لەیس دلێمی) ئەندامێتیی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمانی عیراقی هەڵوەشاندەوە و لەوکەتەشەوە تا ئەمڕۆ سونەکان نەیاتوانیوە لەنێوان خۆیاندا کەسێک بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان بکەن، ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی  13-01-2024  ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی په‌رله‌مان كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی 314 په‌رله‌مانتار ئەنجامدا، کە موحسین مه‌نده‌لاوی جێگری یه‌كه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تی دەکرد، تێیدا شه‌علان كه‌ریم؛ 152 ده‌نگ و سالم عیساوی 97 ده‌نگ و مه‌حمود مه‌شهه‌دانیش 48 ده‌نگی بەدەستهێنا، بەمەش هیچ کامیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەدەستبهێنن.

لەماوەی رابردووشدا چەند جارێکی دیکە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بۆ پرسی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ کۆبووەوە، بەڵام بەهۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکان نەتوانراوە سەرۆکێکی نوێ بۆ پەرلەمان دیاریبکات  و لە دوا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقیشدا لەسەر ئەو پرسە، ئەنجومەنەکە بڕیاریدا هەتا کاتی یەکلاکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی شه‌علان كه‌ریم کراوە، لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە هیچ دانیشتنێک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجام نادرێت.
PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket