riklam

تــەرازووی دادگاکان له‌ ژێر هه‌ژموونى ئه‌جێندای حزبدا

بیروڕا 10:29 PM - 2023-02-03
میقداد شێخ بەهداین PUKMEDIA

میقداد شێخ بەهداین

نووسینی... ميقداد شێخ بەهادین
لەهەر شوێنێكی دونیادا كاتێك پایە گرنگەكانی دەوڵەت (تەشریعی، تەنفیزی، قەزایی) بەئەركی خۆیان هەستان و لەئاستی بەرپرسیارێتی و پێگەكانیاندا مامەڵەیان كرد، بێگومان ئەو وڵات و حكومەتە لەسەر رێڕەوی راستی خۆیەتی و بەرەو كەناری ئارام و داهاتوویەكی گەش هەنگاو دەنێت، بەڵام ئەگەر تەنها یەكێك لەو پایە گرنگانەی حوكم خرایە خزمەتی ئه‌جێنداى كه‌سیی و گروپ و حزبێكى دیاریكراوەوە و دەستێوەردانی نایاسایی و نابەجێ لە كارەكانیدا كرا، ئەوا مەترسی بۆ سەر كۆی پرۆسەی بەڕێوەبردن و ئاسایشی نیشتیمانی ئەو وڵاتە دروست دەكات. مخابن لەم هەرێمە بچووكەی ئێمەدا، هەموو دەستەڵات و جومگە و پێگەكان هه‌ژموون و خۆسه‌پینى حزبێكی سیاسی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌، كه‌ كۆى ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ له‌ سۆنگه‌ى به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و ئه‌جێنداى سیاسی بەبێ هەستكردن بە بەرپرسیارێتی و ئازاره‌كان و داهاتووی میللەتێك هەر رۆژە و یەكێك لە دامـــــــەزراوە و پێگە حكومییەكانی ئەم هەرێمە، كە بەخوێن و فرمێـــسك بەرهەم هاتووە ئەتك دەكەن، رۆژمێرەكانی سی ساڵی حكومكردنی له‌ هه‌رێمى كوردستان ئه‌وه‌ى سه‌لماندووه‌ كه‌ هه‌ژموون و پاوانخوازى گه‌یشتۆته‌ چ ئاستێك و چه‌ند بڕیاری چەوت مۆری هه‌رێم و یاسایان لێدراوه‌، هه‌ر ئه‌و بڕیاره‌ چه‌وتانه‌ش بووه‌ دۆخی حكومەت و پەرلەمانیان وا لێـــــكردووە نموونەی لە دنیادا نه‌بێ و ببێته‌ سه‌رچاوه‌ى گله‌یی و ره‌خنه‌ی دامه‌زراوه‌ دیپلۆماسیه‌كانى جیهان، هه‌ر ئه‌و سیاسه‌ته‌ش دادگاكان و دەستەڵاتی دادوەریشیان كردووەتە ئامرازێك بۆ یەكلایكردنەوەی شەڕە حیزبیەكانیان و دادگایان بۆ ئه‌و ئه‌جێندایانه‌ به‌كارهێناوه‌، هه‌مووان ده‌زانن كه‌ له‌ دادگاكانى زۆنى زەرد جێبه‌جێكردنى یاسا و بڕیاره‌كانى دادگا له‌سه‌ر ئازادیخواز و تێكۆشه‌ر و رۆژنامه‌نووسان بووه‌ و خه‌ڵكانى تاوانبار و تێوه‌گلاو له‌ كه‌یسی گه‌نده‌ڵى و بكوژیش وه‌ك به‌رزه‌كی بانان بۆى ده‌رچوون.
بەداخەوە نموونەمان زۆرە بۆ سەلماندنی ئەم راستیە، لە سەردەمی شەڕی نەگریسی ناوخۆ كاتێك سەرۆكــی شەرعی حكومەتی ئەو كاتەی كوردستان هەڤاڵ (كاك كۆسرەت) بەبێ هیچ بەڵگەیەك تاوانبار دەكرا، تەنــها هۆكار ئەوەبوو كە دژی بەرژەوەندییەكانی پارتی بوو، دواتر و كاتێك رەوانشاد (نەوشیروان مستەفا) لە دادگاكانی هەولێرەوە بڕیاری گرتنی بۆ دەردەچوو تەنها تاوانی نەخـــێر ووتن و نەچوونە ژێـــــرباری داواكارییەكانی پارتی بوو، رژاندنی فرمێســـكی خێزان و منداڵی گیراوانی بادینان و سزادان و زیندانیكردنیان و داتاشینى جۆره‌ها كه‌یسی سیاسی نیشانه‌ى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌و جۆره‌ بڕیارانه‌ ئه‌گه‌رچی له‌ ژێر ناوی یاسا ده‌رده‌چن، به‌ڵام سیاسین به‌ ئیمتیاز.
 بڕیارەكانی ئێســــتای دادگای لێكۆڵینەوەی ئاسایـشی هەولێر، كورد وتەنی یەكێكی تره‌ لە دەستە گوڵەكانی ئه‌و حزبه‌ و لەئەنجامی تەنگە تاوبوونیانە بە دەرئەنجامـــی هەنگاوە بوێرانەكانی سەرۆك (بــافڵ جەلال تاڵەبانـی)، كە هیچ مەودایەكی بۆ موزایەدە و سیناریۆكانی پارتی و هاوئاوازە نوێیەكانی نەهێشتووەتەوە، ئاشكراشە ئەم جۆرە بڕیار و حوكمانه‌ جگە لەوەی هەیبەت و متمانە و میسداقیەتـــــی دادگاكانیان لای خەڵك كه‌مده‌كاته‌وه‌، ئه‌وه‌ له‌ ئاستى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تیش نیشانه‌ى پرسیار نه‌ك هه‌ر ده‌خاته‌ سه‌ر قه‌ڵه‌مڕه‌وى زه‌رد، به‌ڵكو هه‌رێمى كوردستانیشی پێ ئیحراج ده‌كرێت، راپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كایش له‌ له‌كه‌داركردنى ناوو ناوبانگی هه‌رێمى كوردستان له‌سایه‌ى ئه‌و نادادیه‌ى بڕیاره‌كانى دادگا به‌ سیاسیكراوه‌كان هه‌ر ئه‌وه‌ى لێكه‌وتۆته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت له‌ ئاستى كوردستانیش به‌رده‌وام  دەبێتە مایەی ناکۆکی و پەرتەوازەیی زیاتری نێوان حزبە سیاسیەکان و كەشی گفتوگۆ و هەوڵەكانی ڕێكخستنەوەی ماڵی كوردی بەگشتـی و یەكێتی و پارتی ناسەقامگیر و ئاڵۆزتر دەكات و گرێی ناكۆكیەكانیش دەكات بەگرێ كوێرە، کە دواجار مەترسی لە سەر گیانی پێکەوەیی دروست دەکات و کۆمەڵگەکەشمان دەگەیەنێتە لێواری پەرتەوازەیی و سەرلێشێواویی و فەوزای سیاسی و كۆمەڵایەتــی و قانوونی.
هەربۆیە ئەم هەژموونگەراییە بەسەر دەسەڵاتی دادوەریی وایــکردووە هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی ناشرینــــی حوکمڕانی لە سەر ئاستی عێراق و ناوچەکە و جیهان، ئەمەش دەرئەنجامی سەپاندنی ئەقڵیەتی خۆسه‌پێنیه‌ بەسەر کۆی جومگە و کایەکانی بەڕێوەبردندا، بۆیــــە کاتێک بیری تەسک سیاسه‌تى ئـــینکار دەکرێتە بنەمای فیکرو فەلســەفەی بەڕێوەبردنی وڵات هەر ئەم مۆدێلە نەشازەی لێ دێتە بەرهەم، کە بەردەوام ‌و دووبارە دەبێتەوە، جێگەی داخە ئەم پێشێلکاریانەی دادگای حزب وایکردووە کارەکانی دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە ببـێتە خه‌وشیه‌كى سیاسی و یاسایی بە بەرۆکی ئەم هه‌رێمه‌وه‌ و سه‌رپێچیه‌كانیان ڕۆژانە ببـــــێتە سەردێڕی ڕه‌خنــــەو تێبینیەکانی ڕاپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان.
ئەم بڕیارەی دادگا نا تایبــــەتمەندەکەی هەولێریــــــش نموونەیەکی تری ناشرینی حوکمی ئەو دادگایانەیە، کە بە درێژایی ســــی ساڵــــی رابردوو نەیانتوانیـــــووە بۆ جارێکیش لە خەمی ناوبانگی خۆیاندابن و پیـــشەیانە کاربکەن، بۆیە ئەمە ئەو ڕاستیە ئەسەلمێنـــــــێ کە به‌داخه‌وه‌ ئەو دادگایانە سە‌ربە‌خۆ و بێلایـــــە‌ن نەبوون و نەیاتوانیوە له ژێر هەژموون و سێبـــــــەری حیزب و ئه‌جێندا كه‌سیه‌كان بێنە دەرەوە و لەڕوانگەی ئێمەشەوە ئەمــــــــــە بڕیارێكی حیزبیە بە ئیمتیاز و دەستتێوەردانێــــکی زەق و قبوڵنەكراوە لە کاروباری یەکێتی وەکو حزب لە کاتێکدا ئێمە پەیڕەو و پرۆگرامی خۆمان هەیە، کــــــە شەرعیەتی کۆنگرە و ئەنجوومەنـــی سەرکردایەتـــــــی وەرگرتووە، بۆیە بڕیاری ئەو دادگایــــە لە ســـــــنوری باڵەخانـــــــەکەی خۆی تێناپەڕێـــــــت و هەر کەس و گروپێکیش لە هەر پایەو پلەو پۆستێــــــکدا بـــــن لە ژێر کاریگەری ئەو جۆرە بڕیارانەدا دژی بەرژەوەندیەکانی یەکێتی جموجوڵ بكەن، سه‌ره‌نجام مایه‌ پوچ ده‌بن.

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket