riklam

سەرۆک بافڵ بۆ عادل عەبدولمەهدی: یەکێتی هەڵوێستی داکۆکیکارانی کورد لەبیرناکات

عیراق 10:24 PM - 2022-11-26

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە د.عادل عەبدولمەھدی، سیاسەتمەداری ناسراو و سەرۆکوەزیرانی پێشووتری عیراق.

لە دیدارێکدا دوایین پێشهات و پەرەسەندنە سیاسییەکان و کارنامەی حکومەتی نوێی عیراق تاوتوێکران و جەخت لە سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری زیاتر کرایەوە.

سەرۆک بافڵ ستایشی رۆڵ و هەڵوێستی د.عادل عەبدولمەهدی کرد کە لە قۆناغە جیاوازەکاندا پشتیوانی دۆزی گەلی کورد و مافە رەواکانی کردووە، وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەڵوێستی جوامێرانەی هەموو ئەو کەسایەتی و هێزە نیشتمانییانە لەیاد ناکات کە داکۆکیکاری مافەکانی گەلی کورد بوون و هەوڵیان بۆ تەبایی و پێکەوەژیان لەنێوان گەلانی عیراق داوە. ئێستاش یەکێتی بەهەمان سیاسەت و ستراتیژی سەرۆک مام جەلالەوە کاردەکات کە خۆی لە پاراستنی سەقامگیری و یەکڕیزی و تەباییدا دەبینێتەوە.
    
لە بەرامبەردا سەرۆک وەزیرانی پێشووتری عیراق ستایشی رۆڵ و سیاسەتی نیشتمانییانەی سەرۆک بافڵی کرد وەک سەرکردەیەکی گەنج و کاریگەر کە لە قۆناغە سەخت و دژوارەکاندا هەوڵی ئاشتەوایی دەدات و بە ئاڕاستەی لێکنزیکبوونەوە و چارەسەرکردنی کێشەکان هەنگاو دەنێت، هەر ئەمەش وایکرد رۆڵێکی کاریگەر ببینێت لە پێکهێنانی حکومەتی نوێ و بەدەستهێنانی متمانەی عیراقییەکان. وتیشی، سیاسەتی ئێستای یەکێتی کە سەرۆک بافڵ رابەرایەتی دەکات، بیرخەرەوەی ئەو سیاسەتە حەکیمانەیە کە سەرۆک مام جەلال کاری پێدەکرد و بەدیهێنانی بەرژەوەندییە باڵا و نیشتمانییەکانی وەک کاری سەرەکی و لەپێشینە تەماشا دەکرد.

 

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket