riklam
}

سلێمانی باجی رێڕه‌وی چه‌وتی حوكمڕانی ده‌دات

کوردستان 07:06 PM - 2022-11-12

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ئاشكرا ناعه‌داله‌تی له‌دابه‌شكردنی داهات و بودجه‌ی پرۆژه‌كان دا ده‌كات، ئه‌مه‌ چه‌وتی به‌ڕێوه‌بردنی حوكمڕانییه‌ و یه‌كێتی به‌ئاشكرا داوای راستكردنه‌وه‌ی رێڕه‌وی چه‌وتی حوكمڕانی له‌هه‌رێم ده‌كات و بۆ ئه‌مه‌ش زۆربه‌ی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان پشتوانی یه‌كێتی ده‌كه‌ن.

له‌م كابینه‌یه‌دا ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌بودجه‌ی پرۆژه‌كاندا جیاوازییه‌كی زۆر له‌نێوان شاره‌كاندا ده‌كات و ته‌نها له‌ پرۆژه‌ی ئاودا 741 ملیۆن دینار بۆ سلێمانی و ده‌ووروبه‌ری له‌سه‌ر بودجه‌ی خۆی ته‌رخان ده‌كات، به‌ڵام بۆ سێ پرۆژه‌ی ئاو له‌هه‌ولێر بڕی 33 ملیار دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی ته‌رخان ده‌كات، كه‌ ئه‌وه‌ش سیاسه‌تی چه‌وتی به‌ڕێوه‌بردن و خه‌رجی دارایی ده‌رده‌خات كه‌ خودی مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌و جیاوازییه‌وه‌ ئیمزای له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژانه‌ی سلێمانی و هه‌ولێر كردوه‌.

عوسمان كه‌ریم سواره‌ ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و چاودێری له‌په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ ئاژانسی ره‌سمی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان PUKMEDIA ی راگه‌یاند: "چاوه‌ڕوانییمان له‌م كابینه‌یه‌ یه‌ك حكومه‌تی و یه‌ك هه‌ڵویستی بوو، به‌ڵام واده‌رنه‌چوو، حزب حزبێنه‌ و پشك پشكێنه‌ له‌م كابینه‌یه‌دا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌و ئه‌وه‌ی له‌ئێستادا له‌هه‌رێمی كوردستان ده‌بینرێت، سیاسه‌تێكی چه‌وت و به‌مه‌به‌سته‌".

حكومه‌ت بۆ سلێمانی ده‌ستی نوقاندوه‌

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌دابینكردنی بودجه‌ بۆ پرۆژه‌كان جیاوازی له‌نێوان پارێزگاكان ده‌كات و بۆ ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كه‌ی ده‌ستی بڵاوه‌ و بێحساب پاره‌ بۆ پرۆژه‌كان ته‌رخان ده‌كات، به‌ڵام بۆ پڕۆژه‌كانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رین ده‌ستی نوقاندووه‌ و به‌شێكی زۆری ئه‌و پاره‌یه‌ی ته‌رخان ده‌كرێت له‌سه‌ر بودجه‌ی خودی به‌ڕێوبه‌رایه‌تییه‌كانی سنووری سلێمانییه‌.

" چه‌ندینجار له‌سه‌ر ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی له‌دابه‌شكردنی داهات و جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌ی پارێزگاكان هه‌یه‌، قسه‌مان كردوه‌و پرۆژه‌مان پێشكه‌شكردوه‌، به‌ڵام به‌هۆی زۆرینه‌و كه‌مینه‌ هه‌م له‌حكومه‌ت هه‌میش له‌په‌رله‌مان پرۆژه‌كانمان گوێی لێنه‌گیراوه‌و پێشتگوێ خراوه‌" عوسمان كه‌ریم سواره‌ وای وت.

حكومه‌ت نایه‌كسانی له‌دابه‌شكردنی داهات و پرۆژه‌كان په‌یڕه‌و ده‌كات

ئه‌ندامه‌كه‌ی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و چاودێری له‌په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانم داهاتی سه‌رجه‌م پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌چێته‌وه‌ وه‌زاره‌تی دارایی و خه‌زێنه‌ی گشتی، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بینرێت له‌م كابینه‌یه‌دا داهات و پرۆژه‌كان به‌یه‌كسانی به‌سه‌ر پارێزگاكاندا دابه‌شناكرێن و جیاوازییه‌كی زۆر هه‌یه‌ له‌نێوان پارێزگاكاندا.

حكومه‌ت خۆی نایه‌كسانییه‌كان ده‌خاته‌ڕوو

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بڵاویكردۆته‌وه‌، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم ره‌زامه‌ندی ده‌ربڕیوه‌ له‌سه‌ر ته‌رخانكردنی 741 ملیۆن دینار به‌مه‌به‌ستی دابینكردنی مه‌وادی پاككه‌ره‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ و پڕۆژه‌كانی ئاو و بیر و كارێزه‌كانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی پارێزگای سلێمانی بۆ ساڵی 2022، به‌ڵام سه‌رۆكی حكومه‌ت ته‌نها ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڕه‌پاره‌كه‌ داوه‌ و خودی پاره‌كه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاوی سلێمانی خه‌رج ده‌كرێت.

(له‌ 27ـی تشرینی یه‌كه‌مدا / 10)، سه‌رۆكی حكومه‌ت ره‌زامه‌ندی داوه‌ له‌سه‌ر ته‌رخانكردن و خه‌رجكردنی بڕی 12 ملیار و 639 ملیۆن و 900 هه‌زار دینار به‌مه‌به‌ستی دروستكردنی 14 پۆنت له‌ ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر به‌شێوه‌ی نه‌ختینه‌ له‌سه‌ر بودجه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ.

هه‌روه‌ها (له‌ 17ـی تشرینی یه‌كه‌مدا / 10)، ته‌نها بۆ قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی گۆڕینی بۆری ئیفراز 3ـی هه‌ولێر، كه‌ درێژییه‌كه‌ی 2750 مه‌تره‌، 4 ملیار و 650 ملیۆن دینار ته‌رخانكراوه‌، كۆی پڕۆژه‌كه‌ش كه‌ 11 كیلۆمه‌تره‌ 21 ملیار دیناری بۆ ته‌رخاكراوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا (له‌ 29ـی ئاب /8)ـی ئه‌مساڵدا بۆلێدانی 138 بیری ئیرتیوازی له‌ناو هه‌ولێر و ده‌روبه‌ری 7 ملیار دینار ته‌رخانكراوه‌، كه‌ كۆی بودجه‌ی ته‌نها ئه‌و 3 پرۆژه‌یه‌ له‌ سنوری هه‌ولێر زیاتر له‌ 33 ملیار دیناربووه‌و له‌سه‌ر داهاتی پارێزگاكه‌ نه‌بووه‌.

دانیشتوانی هه‌ولێر شایه‌نی خزمه‌تی زیاترن

 

هه‌رچه‌نده‌ دانیشتووانی هه‌ولێر شایه‌نی له‌وه‌ زیاترن، چه‌ندین ساڵه‌ له‌ وه‌رزی زستاندا ده‌بنه‌ قوربانی لافاو و له‌ هاوینیشدا له‌ بێئاویدا ده‌ناڵێنن، به‌ڵام ئه‌م دووفاقییه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌ته‌رخانكردنی بودجه‌ بۆ پرۆژه‌كان درێژه‌دانه‌ به‌ سیاسه‌تی دوو ئیداره‌یی و به‌رده‌وامیدانه‌ به‌ هه‌مان ئه‌و سیاسه‌ته‌ی كه‌ له‌دابینكردنی بودجه‌ بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیش په‌یڕه‌ویده‌كات و سنووری سلێمانی ده‌بێت به‌شێكی بودجه‌ی مووچه‌خۆران له‌ داهاتی سنووره‌كانی خۆی دابینبكات.

سیاسه‌تی حزب له‌ناو حكومه‌ت

" ئه‌گه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئیتنمای حزبی ده‌یه‌وێت سزای خه‌ڵكی پارێزگای سلێمانی و ئیداره‌كانی راپه‌ڕین و گه‌رمیان بدات ؟، روونه‌ كه‌ له‌داهاتوودا خه‌ڵكی سنووره‌كه‌ له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا به‌شێوه‌یه‌ك سزای ئه‌و حزبه‌ ده‌ده‌ن كه‌ چاوه‌ڕوانی نه‌كه‌ن، چونكه‌ ئاشكرایه‌ كه‌ حزب پیلانی له‌دژی ئه‌وان داڕشتووه‌و له‌ سیاسه‌تی حكومه‌تدا جێبه‌جێی ده‌كات"، ئه‌ندامه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان واده‌ڵێت.

پرۆژه‌كانی دهۆك له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی ده‌ستپێده‌كه‌نه‌وه‌


پارێزگاری دهۆك ڕایگه‌یاند، به‌ گوژمه‌ی 23 ملیار و 619 ملیۆن و 138 هه‌زار دینار 17 پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی له‌ سنووری پارێزگای دهۆك له‌سه‌ر بودجه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه‌ی قۆناغی جێبه‌جێكردن كران.

عه‌لی ته‌ته‌ر پارێزگاری دهۆك بۆ كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن وتی: ''قۆناغی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ی ئۆڤه‌رپاس و ئه‌نده‌رپاس و یۆتێرنی مالتا و 600 مه‌تر ڕێگای خزمه‌تگوزاریی بارزان به‌ گوژمه‌ی 13 ملیار و 145 ملیۆن دینار ڕه‌وانه‌ی قۆناغی جێبه‌جێكردن كرا، هه‌روه‌ها پڕۆژه‌ی دروستكردن و قیرتاوكردنی ڕێگا له‌ ناحیه‌ی شیلادزێ به‌ گوژمه‌ی یه‌ك ملیار و 161 ملیۆن دینار له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ی سولینان و چه‌ند پڕۆژه‌ی خزمه‌تگوزاری و دروستكردنی جۆگه‌ی ئاودێریی بێستان له‌ جندیا و بامه‌ڕنی به‌ گوژمه‌ی 301 ملیۆن دینار و چاككردنه‌وه‌ی ڕێگای سه‌ره‌كیی گوندی چه‌مان به‌ درێژایی یه‌ك كیلۆمه‌ترو چاككردنه‌وه‌ی ڕێگای گه‌رماڤا و گوندی ئیمینكێ و گوندی بهێرێ به‌ گوژمه‌ی یه‌ك ملیار و 87 ملیۆن دینار له‌سه‌ر بودجه‌ی گشتی ره‌وانه‌ی قۆناغی جێبه‌جێكردن كران.

له‌ئێستادا له‌هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌یه‌ك له‌دژی تاكڕه‌وی حوكمڕانی و نایه‌كسانی له‌دابه‌شكردنی داهات له‌م كابینه‌یه‌دا دروستبووه‌و لایه‌نه‌كان پشتیوانیی یه‌كێتی ده‌كه‌ن بۆ راستكردنه‌وه‌ی حوكمڕانی چه‌وتی به‌ڕێوه‌بردن و خوزاریارن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵه‌كانی له‌حكومڕانیدا راستبكاته‌وه‌، چونكه‌ ئه‌م جیاوازییه‌ زه‌ق و مه‌به‌ستداره‌ چه‌وتی حوكمڕانییه‌و راستكردنه‌وه‌ی چه‌وتییه‌كه‌ش ئه‌ركی هێزه‌ سیاسییه‌كانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی حكومه‌ت له‌خزمه‌تی هه‌موواندا بێت بێ جیاوازی.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket