riklam

سەرۆككۆماری عیراق: خەسڵەتەكانی مام جەلال، سەرمایەی گەورەن و مایەی شانازین

عیراق 11:13 PM - 2022-10-03
بەشداریكردنی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال

بەشداریكردنی د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح  سەرۆك كۆماری عیراق رایگەیاند :"خەسڵەتی سەرۆك مام جەلال دادپەروەری بوو، وردبین بوو لە بڕیاردان" بۆیە :"بیرەوەری سەرۆك مام جەلال هەمیشە لە مێژوودا زیندوە و ئەگەر ئێستا لەناوماندا بوایە تەئكیدی لە سیاسەتی چەپكە گوڵەكە دەكردەوە". هەروەك دەڵێت:" خەسڵەتە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی مام جەلال،  وەك سەرمایەیەكی گەورەی رەمزی بەجێماوەن بۆمان، سەرمایەك مایەی شانازی و شاھیدی دۆست و دوژمنن".

د. بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق لە مەراسیمی یادی پێنجەمین ساڵەی ماڵئاوایی شكۆی نەتەوەو نیشتمان وتارێكی پێشكەشكرد لە هۆڵی مامۆستا سەعد لە هەولێر ، كە ئەمە دەقەكەیەتی:

بەناوی خوای گەورە

مەرگ و ژین میسلی سێبەر و تاوە ئەوەی باقی بمێنێ ھەر ناوە

ناوی مام جەلال پێگەی لەمێژوو یادەوەری لە دڵی گەل هەمیشە زیندوو شەكاوەیە.

بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كاك مستەفا كازمی

بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان كاك نێچیرڤان بارزانی

بەڕێز سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كاك مەسرور بارزانی

بەڕێز كاك بافڵ مام جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەڕێز كاكە قوباد

ئامادەبووانی خۆشەویست، نوێنەرانی حزب و لایەنە سیاسییەكان، هەڤاڵانی بەڕێز و خۆشەویستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان.

تێكۆشەرانی دێرین، مایەی سەربەرزیمانە ئەمڕۆ پێكەوە لە حزوری رۆحی بەرزەفڕی ئەو سەركردە مەزنەی گەلەكەمان كۆبووینەتەوە.

لە راستیدا مام جەلال بەتەنھا سەرۆك و بیرمەندێكی سیاسی نەبوو بەڵكو رێبەرێكی ھەرە درەوشاوەی داهێنەری شۆڕشی نوێ و لەھەمانكاتدا پێشمەرگەیەكی دێرین و دانەبڕاوی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان و دیموكراتیخوازێكی ھەرە راسگۆی ناو بزوتنەوەی ئازادیخوازی عیراقیش بوو.

مام جەلال بۆ خوێندكارەكانی مامۆستاو بۆ ھاوڕێكانی سایە و سێبەری وەفا بوو، لەگەڵ شۆڕشگێڕەكان پێشمەرگە بوو، لەگەڵ نووسەران و روناكبیران داكۆكیكارێكی نەگۆڕی رای سەربەست و ئازادی بیركردنەوە و بیروباوەڕ بوو، نمونەیەكی ھەرە باڵابوو كە نەریتی وشە بە وشە و نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوەی كە لەم ڤیدیۆیەدا بینیتان چۆن باسی دەكات.

خەسڵەتە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكانی مام جەلال، لێبوردەیی و دادپەروەری، جوامێری و مرۆڤدۆستی، بەھاناوە چوونی ھەژاران و بێ نەوایان و داڵدەدانی ئاوارە و دەربەدەران، خەسڵتگەلێكی زیندوون كە وەك سەرمایەیەكی گەورەی رەمزی بەجێماوەن بۆمان، سەرمایەك مایەی شانازی و شاھیدی دۆست و دوژمنن.

ئەم كۆبوونەوەیەش ئامادەبووانی خۆشەویست لە كاتێكدا دەبەستین كە كوردستان و عیراق بەدۆخێكی ئێجگار ھەستیار و پڕ كێشمەكێشدا تێدەپەڕێ، دۆخێك كە لەھەر كات و ساتێك زیاتر پێویستی بە وردبینی لە بڕیار و ھۆشمەندی لە ھەنگاونان ھەیە، پێویستی بە یەكھەڵوێستی و یەكئیرادەیی و ھەماھەنگی ھێزە سیاسی و نیشتیمانییەكان و تەواوی رۆڵەكانی گەلەكەمان ھەیە.

كێشەكانی ئەمڕۆ كە بەرۆكی یەك بەیەكی ھێزەكان و تاك بەتاكی خەڵكی ئەم وڵاتەی گرتووە پێویستیان بە ھەنگاویی كردەیی و ھاتنە مەیدانی دەمودەست ھەیە بۆ چارەسەركردنیان وە دابینكردنی ماف و چاوەڕوانییەكانی خەڵكە.

لەم مینبەرەوە و لە حزروی روحی زیندوی مامی رێبەر و مامۆستاماندا و بەئەوپەری ھەستكردن بە بەرپرسیارێتییەوە دووپاتی دەكەینەوە، كە ئەم دۆخە دژوارە و ئەگەری باھۆزی گۆڕانكارییەكان پێویست ئەكات چاوەڕوانی گەلەكەمان بە ئەمڕۆ و سبەینێ نەسپێرین، ناكرێت ھەر لەڕوانگەی بەژەوەندی ئاڕاستەكراوی ئەمڕۆوە لەگەڵ پێویستییەكانی گۆڕانكاری سەرانسەری كۆمەڵگاكەمان مامەڵە بكەین وە پێویستمان بە هاوكاری و هەماهەنگی نێوانمان هەیە.

دەبا پێنجەمین ساڵیادی مامی مەزنمان كەیادی چەند دەیەیەكە لەخەباتی سیاسی و تێكۆشانی ھەمەچەشنەی راست و رەوا تۆماری پڕ سەروەری گەلێكە، یادەوەری سەركردایەتیكردنی پڕ لە حیكمەتی گیانبازی رووبارێك خوێنی شەھیدانە، یادی گەورە رێبەرێكە كە لەڕەوتی خەباتێكی سەخت و جیاوازدا سەردەمی مەحاڵ و سەختییەكانی شۆڕشی گۆڕی بۆ سەردەمی سەركەوتن و ئازادی و سەرۆكایەتییەكی مێژوویی، با ئەمە ھاندەرمان بێت بۆ بەبەدیھێنانی حوكمڕانییەكی باشتر و دادپەروەر، ئیلھامبەخشمان بێت بۆ ھێنانەدی خەونی لاوەكانمان، دەرفەتێكی دیكەی نوێكردنەوەی پەیمان و دەستەبەری ھیوای یەكێتی و هێزە نیشتمانییەكانی تر بۆ رەواندنەوەی دڵەڕاوكێی رۆڵەكانی گەل لە ئایندەی خۆیان و نیشتیمانەكەیان هەیانبێت.

سڵاو لە روحی بێگەردی مامی گەورەمان،
سڵاو لە تێكۆشەرانی دێرینی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان گشت هێزە شۆڕشگێڕەكانی تری كوردستان و هێزە دیموكرات خوازەكانی عیراق.

وە هیوادارم هەموومان بە یەكڕیزی هەموو هێزە دڵسۆزو پەرۆشەكانی وڵاتەكەمان ئەركەكانی ئەم قۆناغەمان بەجێبهێنین.

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket