riklam

سەرۆك بافڵ: بەڵێنە یەكێتییەكەت وەك چاومان دەپارێزین

کوردستان 10:21 PM - 2022-10-03
 بافڵ جەلال تاڵەبانی  سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

هەڤاڵ بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ساڵیادی ماڵئاوایی شكۆی نەتەوە ونیشتمان سەرۆك مامجەلال دا دەڵێت:"بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵكە دڵسۆزەكەماندا یەكێتییەكەت وەك چاومان بپارێزین، ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچكە تەندروستەكە" و "ئێستاش دوای ساڵێك بەویژدانێكی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان ئەنجامدا كە لێمان چاوەڕێدەكرا، رێگریمان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی كردووە و رووبەڕووی نایەكسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەكارهێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە كردووە".

 سەرۆك بافڵ جەلال تاڵەبانی لە پەیامێكی كورتی بە ناوی " بۆ باوكم"  لە پەیجی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاوكردەوە و  دەنوسێت:" بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك رێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەكەمان دا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد".

ئەمە دەقی پەیامەكەی سەرۆك بافڵە..

باوكی ئازیزم
پێنج ساڵی تەواوە لێرەنیت و دەمەوێت بە ئەوپەڕی راستگۆیی، دڵێكی پڕ لە هیوا و ویژدانێكی ئاسوودەوە لەبارەی گۆڕانكارییەكانی ئەمدواییەی یەكێتی، كوردستان و عیراقەوە بۆت بنووسم.
دەمەوێت بگەڕێمەوە بۆ شەست ساڵ لەمەوبەر، ئەوكاتەی بە ورەیەكی پۆڵایین و هێزێكی لەبن نەهاتووەوە وەك رێبوارێكی رێگای ئازادی و شكۆمەندی، خەمی كورد و كوردستانت كردە كۆڵ و ژیانت كردە قوربانیی ئەو ئامانج و بەها پیرۆزانەی هەرگیز سازشت لێنەكرد. ئامانجێك كە خۆی لە بەدیهێنانی مافە رەواكانی گەلی كورد، دادپەروەری، دیموكراسی، تەبایی و پێكەوەژیاندا دەبینییەوە. دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش لەگەڵ هاوخەبات و هاوڕێكانتدا هەر لەوپێناوەدا بوو.
لای هەمووان روون و ئاشكرایە پاراستنی یەكێتی ناو یەكێتی و دەستگرتن بە سیاسەتی چەپكەگوڵەكەوە خەمی گەورەی تۆ بوو. دەتویست یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەنگەرێك بێت بۆ بەرگری لە خاكی كوردستان و دۆزە رەواكانی گەلی كورد. وێستگەیەك بێت بۆ كۆكردنەوەی جیاوازییەكان و بونیادنانی كۆمەڵگەیەكی دیموكراسی و تەندروست. بەڵام بەداخەوە لەم دواییەدا كەسانێك رێگەكەیان ونكرد و چەپكەگوڵەكەیان بەرەو وشكبوون دەبرد. ئاراممان گرت و پشوومان درێژ، بەڵام لەكۆتاییدا بڕیارە دروست و مێژووییەكەمان دا و یەكێتیمان بەرەو ڕێگە راستەقینەكە ئاڕاستەكرد. بەڵێنمان بە رۆحی تۆ و خەڵكە دڵسۆزەكەماندا یەكێتییەكەت وەك چاومان بپارێزین. ژیانی حزبایەتیمان خستەوە سەر رێچكە تەندروستەكە و هەموو ئۆرگانەكانمان كردووەتە ناوەندێك بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان. ئەمەش هەر ئەوەبوو كە تۆ دەتویست.

دەمانەوێت لەگەڵ خوا و خەڵكەكەمان راستگۆبین. لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بین كە وەرمانگرتووە. یەكێتی هەڵگری سیاسەتێكی حەكیمانە و تەندروست بێت وەك ئەوەی خۆت پەیڕەوت دەكرد. بەدیدگایەكی نیشتمانییەوە كار بۆ بەرژەوەندییە گشتی و باڵاكان بكەین و خزمەتی خاك و خەڵكە خۆشەویستەكەمان بكەین. هەوڵ بۆ بەدیهێنانی دادپەروەری بدەین و پەرە بە گیانی تەبایی و پێكەوەژیان بدەین. رێز لە جیاوازییەكان بگرین و دەرگامان بەڕووی رەخنە و گلەییەكاندا كراوە بێت. دەمانەوێت ژینگەیەك فەراهەم بكەین كە تاكەكان هەست بە ئارامی و پارێزراوی بكەن. دەزانین رێگەكەمان سەختە و بەربەستەكان زۆرن، بەڵام بەڵێنێكە و داومانە (نەسرەوتن تا سەركەوتن).

ساڵی رابردوو و لە چوارەمین ساڵیادی كۆچتدا بۆم نووسیت هەر بڕیارێك داومانە و دەیدەین لەپێناو چاكەی گشتیدا بووە و دەبێت. ئێستاش دوای ساڵێك بەویژدانێكی ئارامەوە بۆت دەنووسم هەر ئەوەمان ئەنجامدا كە لێمان چاوەڕێدەكرا. رێگریمان لە بەهەدەردانی سامانی گشتی كردووە و رووبەڕووی نایەكسانی و نادادی وەستاوینەتەوە. بەكارهێنانی پلە و پۆستمان بۆ بەرژوەندی تایبەت و دەستبردن بۆ مافی گشتی قەدەغە كردووە. یاساشكێنانمان داوەتە دادگا و ئارامی و ئاسایشمان لەپێشینەی ئەركەكانمان داناوە. لەبوارەكانی تەندروستی، پەروەردە و ژینگە خزمەتی زۆرمان پێشكەشكردووە و بەردەوامیش دەبین.

لە ماوەی رابردوودا عیراق، ئەو وڵاتەی تۆ سەرۆككۆماری بوویت، بەدۆخێكی هەستیار و تەنگژەیەكی قووڵی سیاسیدا تێپەڕی. ڕوانینێكی سادە بۆ دۆخەكە ئەو راستییەی دەردەخست كە كۆچی تۆ چ بۆشاییەكی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دروستكردووە. بەڵام نائومێد نەبووین، بەسوودوەرگرتن لە ئەزموون و گەنجینەی پڕ گەوهەری تۆ لە هەوڵەكانمان بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكە و كۆكردنەوەی لایەنەكان لەپێناو هاوبەشیی راستەقینە و سازان بەردەوام بووین. یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتی حەكیمانەی تۆی پەیڕەوكرد و هەمووان شاهیدی ئەو راستییەمان بۆ دەدەن كە بەشێك بووین لە چارەسەر نەوەك ئاڵۆزی. بۆ ئەمەش خۆمان بە قەرزار و سوپاسگوزارت دەزانین.
یادت بەخێر شكۆی نەتەوە و نیشتمان
مێژوو بەشانازییەوە ناوت دەهێنێت

كوڕی خۆت
بافڵ

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket