riklam

جارێكی تر سەرۆك مام جەلال لایەنە سیاسییە کوردستانی و عیراقییەكانی كۆكردەوە

کوردستان 06:09 PM - 2022-10-03
پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال

پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال

سەرۆك مام جەلال جارێكی دیكە زۆربەی سەرۆك و سەركردەی لایەنەسیاسییەكانی هەرێم و عیراق و دیپلۆماتكارانی كۆكردەوە، وەكچۆن هەموویان كۆكن لەسەر ئەوەی كە "سەرۆك مام جەلال چەتری كۆكەرەوەی هەمووان بووە، بە جیاوازییەكانەوە".

جارێكی تر مام كۆیكردنەوە

ئەم كۆكردنەوەیە، لە رۆژی 3/10/2022ە، كە پێجەمین ساڵیادی ماڵئاوایی شكۆی نیشتمان ونەتەوە سەرۆك مام جەلال  بوو، كە دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی لە هۆڵی مامۆستا سەعد لە هەولێر رێكیخست و تێیدا ژمارەیەكی زۆر لە وەزیرانی حكومەتی هەرێم و عیراق و سەرۆك و نوێنەری لایەنەسیاسییە عیراقی و كوردستانی وباڵیۆز و دیپلۆماتكارانی بیانی و هاوڕی و هاوسەنگەرانی سەرۆك مام جەلال ئامادەیبوون.

سەرۆكی دامەزراوەی مام: ماڵئاوایی مام خەسارەتی گەورە بوو

لەو یادەدا باڵیۆز د.محەمەد سابیر سەرۆكی دامەزراوەی سەرۆك جەلال تاڵەبانی وتاری  بەخێرهێنان و دامەزراوەكەی پێشكەشكرد و رایگەیاند:" كۆچی دوایی مام جەلال خەسارەتێكی بێ ئەنداز گەورەبوو بۆ هەموان و پڕكردنەوەی شوێنەكەی ئەستەمە".
"ئامانجێكی دامەزراوەكەش كاركردنە لە سەر فكرد و تێزەكانی مام جەلال  و بەهیوای پشتیوانی و هاوكاریتانین بۆ سەرخستنی كارەكانی دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال".

كورتە فیلمێكی دۆكیۆمێنتاری لەسەر چەند هەڵوێست و وتەیەكی گرنگی سەرۆك مام جەلال پیشان درا، دواتر د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق پێشكەشكرا و باسی لە خەسڵە باڵاكانی سیاسیەت و دەوڵەتداری سەرۆك مام جەلا كرد.

سەرۆك كۆمار: خەسڵەتی مام دادپەروەریی بوو

د. بەرهەم ئەحمەد ساڵح رایگەیاند :"خەسڵەتی سەرۆك مام جەلال دادپەروەری بوو، وردبین بوو لە بڕیاردان" بۆیە :"بیرەوەری سەرۆك مام جەلال هەمیشە لە مێژوودا زیندوە و ئەگەر ئێستا لەناوماندا بوایە تەئكیدی لە سیاسیەتی چەپكە گوڵەكە دەكردەوە".

"مام جەلال رێبەر و داهێنەری شۆڕشی نوێیەو رێبەرێكی درەوشاوەی ناو بزوتنەوەی رزگاریخوازی عیراق بوو ، داهێنەری نەریتی وشە بەوشە وەڵامدەدرێتەوە بوو" سەرۆك كۆماری عیراق وایوت.

دامەزراوەی سەرۆك مام جەلال نزیكەی 600-700 كەسایەتی بانگهێشتكردووە بۆ پێنجەمین ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال.

مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق لە ئامادەبووانی مەراسیمی ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال بوو، لەو تەیەكدا ستایشی سەرۆك مام جەلالی كرد كە ئێستا جێگای ئەو بە پرۆسەی سیاسیی و حكومڕانییەوە دیارە.

سەرۆكوەزیرانی عیراق: پێویستمان بە حیكمەتی سەرۆك مام جەلالە

سەرۆك وەزیرانی عیراق دەڵێت:"مام جەلال هەمیشە بۆ ئاشتی و ئازادی دەجەنگا و عیراق ئەمڕۆ زۆر پێویستی بە كەسایەتی سەرۆك مام جەلالە و جێگای زۆر دیارە".

"سەرۆك مام جەلال بۆ نیشتمان و بۆ خۆشگوزەرانی عیراقییەكان كاریدەكردو مام جەلال چەتری كۆكەرەوەی هەموو عیراقییەكان و سەرجەم لایەنەكان بوو".سەرۆكوەزیرانی عیراق وایوت.

سەرۆكوەزیرانی عیراقیش وەك زۆرێكی دیكە باسی لە پەرۆشی مام جەلال كرد كە خەباتی ئەو بۆ گەل و بۆ هەمووان بوو.

مستەفا كازمی رایگەیاند:"ماڵئاوایی مام جەلال كاریگەری زۆری لەسەر عیراق داناوە"

پەیامی سەرۆكوەزیران لەبارەی دۆخی عیراق ئەوەبوو، كە دۆخەكە بەگشتی پێویستی بەیەكتر قبوڵكردن هەیە.

سەرۆك وەزیران دەڵێت:" پێویستمان بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك مام جەلالە بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكان و مام جەلال هەمیشە هەوڵیدەدا بە گفتوگۆ كێشەی لایەنەكانی چارەسەر دەكرد".

سەرۆكی هەرێم: مام جەلال بەشێكی گرنگی مێژووی هاوچەرخە

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان وتارێكی پێشكەش كرد و بە بایەخەوە باسی هەوڵ و هەڵوێستەكانی سەرۆك مام جەلالی كرد و وتی :" مام جەلال پۆستی سەرۆككۆماری گەورە كرد"  و "مام جەلال پەرۆشی پەیوەندی نێوان یەكێتیی و پارتیی بووە، هەمیشە پەرۆشی ئاشتی و یەكتر قبوڵكردن بووە" و دەڵێت:" رێككەوتنی ستراتیژی یەكێتیی و پارتیی دەستكەوتی باشی بۆ گەلەكەمان تێدابوو" بۆیە پێویستە:" پارتی و یەكێتی وەك دوو هێزی سەرەكی لە هەرێمی كوردستان و عیراق، ئێستاش جارێكی دیكە پێویستییان بە ڕێككەوتنێكی تازەی هاوبەشە بە گوێرەی ئەم قۆناغە".

نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان یەكێك بوو لە و سیاسیانەی نێوانی لەگەڵ سەرۆك مام جەلا دا خۆشبووە و لە یادی ماڵئاواییدا وتەیەكی پێشكەشكرد و چەند هەڵوێست و دەستپێشخەرییەكی مام جەلالی باسكرد.

سەرۆكی هەرێم دەڵێت:"لە دوای دوركەوتنەوەی هەستمان بەو بۆشاییە كردوە كەسەرۆك مام جەلال بەجێی هێشتوە و مێژووی مام جەلال بەشێكی گرنگی مێژووی هاوچەرخی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستانە".

" مام جەلال بۆ من سەركردەو یادگاری پێكەوە كاركردنە و رێز و خۆشەویستی هەمیشە لای ئێمە بە زیندووی دەمێنێتەوە" نێچیرڤان بارزانی وایوت.

 

نێچیرڤان بارزانی: مام جەلال بەپەرۆشی تەبایی نێوان یەكێتی و پارتی بوو

سەرۆكی هەرێم باسی لەو قۆناغەكرد كە یەكێتیی و پارتیی رێككەوتنی ستراتیژیان هەبوو، هەم سەرۆك مام جەلال و هەم سەرۆك مەسعود بارزانی پرس و راوێژیان پێكەوە دەكرد.

سەرۆكی هەرێم رایدەگەیەنێت:"مام جەلال هەمیشە بەپەرۆش بوو بۆ تەبایی نێوان یەكێتی و پارتی" و "هەموو لایەك بیر لەو رۆژانە بكەنەوە كەمام جەلال بەدڵێكی پاكەوە هەموانی كۆدەكردەوە، بۆیە پێویستە وەك ئەو كاتە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین".

تۆنی بلێر: مام جەلال لەرووی نێودەوڵەتییەوە نرخێكی تایبەتی خۆی هەبوو

تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا بە پەیامێكی ڤیدیۆیی بەشداربوو لە پێنجەمین ساڵیادی ماڵئاوایی سەرۆك مام جەلال و تێیدا باسی لە كاریزمایی مام جەلال كرد.

تۆنی بلێر دەڵێت:"مام جەلال سەركردەیەكی گەورە بوو بۆ هەموو عیراقییەكان و لەرووی نێودەوڵەتییەوە نرخێكی تایبەتی خۆی هەبوو".

سەرۆكوەزیرانی پێشووی بەریتانیا: مام جەلال سەركردەیەكی بەهێز بوو

"لەتەمەنی كاركردنیدا یەكێك بوو لە سەركردە گەورەكان و سەركردەیەكی بەهێز بوو كەتوانی بەهەڵبژاردن ببێت بەسەرۆك كۆماری عیراق" تۆنی بلێر وادەڵێت.

تۆنی بلێر سەرۆك وەزیرانی پێشووی بەریتانیا وەك هەر سەرۆكێكی دیكەی جیهان پەیوەندییەكی توندوتۆڵی سیاسیی و دیپلۆماسیی لەگەڵ سەرۆك مام جەلال باش و بەهێزبوو، بۆیە وەبیری هێنایەوە كە مام جەلال بۆ ئەو "ئیلهام بەخش بووە".

تۆنی بلێر رایدەگەیەنێت:"مام جەلال هەمیشە بە ئەرێنی بیری لە كێشە و چارەسەرەكان دەكردەوە و هەمیشە ئامۆژگاری باشی پێبوو بۆ هەموان و لە راستییەكان تێدەگەیشت و بەلێپرسراوانە كاری دەكرد"

"هەمیشە هەوڵیدەدا لەچارەسەركردنی كێشەكاندا یەكەم كەس بێت و بەدەستهێنانی یەكێتی لەناو عیراقدا كارێكی ئاسان نەبوو كەئەو هەوڵی بۆدەدا و بەدەستی دەهێنا و هەوڵی دەدا حكومەتێك پێكبهێنێت كە یارمەتیدەری هەموو لایەك بێت" تۆنی بلێر وایوت.

قوباد تاڵەبانی: مام رێبازێكی بۆ بەجێهێشتوین، لەسەختیەكاندا رێنیشاندەرە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وتاری بنەماڵەی بە زمانی عەرەبی و كوردی پێشكەش كرد و بەناوی سەرۆك بافڵ و خاتوو هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەدەوە سوپاسی هەموانی كرد.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاند:"ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان و بیستمان رێز و خۆشەویستی بوو بۆ تێكۆشەرێك كەهەموو ژیانی تەرخانكرد بۆ بەدیهێنانی ئازادی و مافی مرۆڤ و یەكسانی و دیموكراسی".

"مام خەباتی رێبازێكی بۆ بەجێهێشتوین، رێبازێك كەئەگەر خوێندنەوەی بۆ بكەین لە كاتە هەرە سەختەكاندا رێنیشاندەرمانە بۆ چارەسەری هەموو ئەو كێشانەی كە هەمانە دەتوانین سود لە هەنگاوێك لەهەنگاوەكانی سەرۆك مام جەلال وەربگرین" جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم وایوت.

قوباد تاڵەبانی: گرژییەكان بە نوكتەیەكی مام پوچەڵدەكرێنەوە

زۆرجار سەرۆك مام جەلال بە نوكتە یان بەسەر هاتێكی خۆش گرێیەكی ئالۆزی سیاسیی دەكردەوە و یەكێك بوو لە شێوازە دیپلۆماسییەكانی سەرۆك مام جەلال.

قوباد تاڵەبانی دەڵێت:" بۆ پوچەڵكردنەوەی هەموو گرژییەك كە هەمانە نوكتەیەكی مام جەلالمان دێتەوە یاد و بە پێكەنینەوە گرژییەكان تێپەڕێنین بۆ وەڵامدانەوەی هەر پرسیارێكی سەخت كەهەمانبێت دەتوانین وەڵامەكان لە وتار و نوسین و لێدوانەكانیدا بدۆزینەوە ، كەواتە بۆ زۆربەمان مام جەلال ئەزمونە، مەدرەسەیە، رێنیشاندەرە".

"ئەمڕۆ رووبەرووی چەندین كێشە بوینەتەوە، كێشەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتی، ئایا ئەگەر سەرۆك جەلال تاڵەبانی ئەمڕۆ لەگەڵمان بوایە چی دەوت، ئەمڕۆ لەهەموو كاتێك زیاتر پێویستە بگەڕێینەوە بۆ بنەماكانی گفتوگۆ، سازان. كۆدەنگی و پێكەوە ژیان، كە ئەو بنەمایانەن كە مام جەلال پەیڕەوی دەكرد " قوباد تاڵەبانی وایوت.

یەكریزی و یەكگرتوویی هێزی سەركەوتن دەبەخشێت و ئەوەش بەرپرسیارێتییە.
قوباد تاڵەبانی لە وتارەكەیدا رووی لە ئامادەبووان كرد و وتی:"دڵنیابن بەیەكگرتووی بەسەر زۆربەی كێشەكانماندا زاڵ دەبین بە پرتوبڵاوی شكست دەهێنین" هیوایخواست كە :"ئەم یادە نزیكمان بكاتەوە لەیەكتری چونكە بەرپرسیارییەتیەكی مێژوویمان لەسەر شانە".

PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket