riklam

كەسایەتییە سیاسییەكان: سەرۆك مام جەلال سایەی عیراقییەكان بوو

کوردستان 10:09 AM - 2022-10-01
وێنەی سەرۆک مام جەلال پێشمەرگە و یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراق

وێنەی سەرۆک مام جەلال پێشمەرگە و یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراق

لەگەڵ نزیكبوونەوەی پێنجەمین ساڵیادی كۆچیی دوایی پێشمەرگە و یەكەمین سەرۆكی هەڵبژێردراوی عیراق و رابەری پرۆسەی ئازادی و ئەزمونی دیموكراسی و دەستوری لەكوردستان و عیراقدا، كەسایەتییە سیاسییە عیراقییەكان بەپەرۆش و گرنگییەوە باس لەجوامێری و  رۆڵی سەرۆك مام جەلال دەكەن، هەمووان كۆكن لەسەر لێهاتوویی و دانایی و دەوڵەتمەداریی سەرۆك مام جەلال و بە "سایەی عیراقییەكان" وەسفی دەكەن، هەندێكی تریان دەڵێن:" مام جەلال لە هەمووان رۆیشت و زیانەكەی بە تەنها بۆ كوردستان نییە، بەڵكو  بۆ عیراق و ناوچەكەشە بەگشتی".

عەباس بەیاتی: سەرۆك مام جەلال بەلێهاتوویی كێشەكانی چارەدەكرد
عەباس بەیاتی، سەركردە لەدەوڵەتی قانون دەڵێت: "سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی سیاسی دەگمەن بوو، لەسەردەمی مام جەلال دا كێشەو گرفتی زۆر هەبوون، بەڵام بەلێهاتویی و دانایی و ئەزموونی گەورەی سیاسی خۆی چارەسەری دەكرد". هاوكات "سەرۆك مام جەلال لەگۆڕپانی سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێگەی دیاربوو، جێگری سەرۆكی رێكخراوی ئینتەرناسیۆنالی جیهانی بوو، جێ دەس و كاریگەری لەو بوارەدا بەڕوونی دیاربوو، هەركات كێشەیەك دروست دەبێت و چارەسەری قورس دەبێت، ئەو كات هەست بە بۆشایی سەرۆك مام جەلال دەكەین" عەباس بەیاتی بەم جۆرە مام جەلالی بینیوە.


ئامۆژگارییەكانی بەتێڕوانینی نیشتمانییانەبوو
گوڵشەن كەمال، ئەندامی پێشوی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق دەڵێت: " مام جەلال هەمیشە پێشنیارو راسپاردەكانی لەدیدگای نیشتمانییەو پێشكەش دەكرد و بەگرنگیی بۆ داهاتووی عیراق دەیخستنەڕوو، سەرۆك مام جەلال یەك لەپایە گرنگەكانی عیراق بوو، وێستگەی ئاشتەوایی بوو لەنێوان عیراقییەكاندا".


سایەی عیراقییەكان
غالب شابەندەر سیاسەتمەداری ناسراوی عیراق دەڵێت: "سیستانی بەوە ناسراوە سایەی روحی عیراقییەكانە، سەرۆك مام جەلال سایەی سیاسی هەموان بوو، مام جەلال ئەو كەسایەتییە بوو فێری كردین سەرەڕای جیاوازییەكانمان لەگەڵ بەرانبەردا، بەڵام دەرگامان كراوەبێت، مام جەلال پیاوی رێكەوتنە راستەقینەكان بوو".


بەدانایی چارەسەری كێشەكانی دەكرد
بەها ئەعرەجی، سیاسی و جێگری سەرۆك وەزیرانی پێشوتری عیراق لەبارەی رۆڵی سەرۆك مام جلال دەڵێت: "كۆچیی دوایی مام جەلال كاریگەری و زیانێكی گەورە بوو، لەو سەردەمەدا كێشە زۆربوون بەڵام مام جەلال بەردەوام چارەسەری بەدەستەوەبوو، كۆچی مام جەلال كاریگەری گەورەی لە پرۆسەی سیاسی عیراق دروستكرد".


رەمزی عیراقییەكان بوو بەبێ جیاوازی
لیوا سەعد مەعن، بەرێوەبەری پەیوەندییەكان و راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆی عیراق دەڵێت: "بێگومان مام جەلال رەمزی هەموو عیراقییەكان بوو، بەدانایی و لێهاتوویی چارەسەری سەرجەم كێشەكانی دەكرد، خۆشەویست و جێگەی رێزی هەموو عیراقییەكان بوو".


سەرۆكی هەموو عیراقییەكان بوو
پەرلەمانتاری عیراق عادل رەكابی، پێوایە: " مام جەلال سەرۆكی هەموو عیراقییەكان بوو لەو سەردەمەدا كێشەی زۆر لەرووی سیاسیی و ئەمنی و لەپەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانیش روویاندەدا، بەتوانای گەورەی خۆی چارەسەری كێشەكانی دەكرد، جێگەی رێزی عیراقییەكانبوو.
"ئەو كێشانەی دوای كۆچیی دوایی مام جەلال روویاندا، دروستی بۆچونەكانمان لەبارەی كاریگەری سەرۆك مام جەلال دەردەخەن، مام جەلال بۆ هەموو عیراقییەكان كاری دەكرد و نمایندەی هەموو عیراقییەك بوو" عادل رەكابی وایوت.


خۆشەویستی هەموو عیراقییەكان بوو
سیاسەتمەداری عیراقی رەحیم موسەوی دەڵێت: " سەرۆك مام جەلال كەسایەتییەكی دیار و كاریگەربوو، عیراقی خۆشدەویست و خەڵكیش زۆریان خۆشدەویست، خەندەی دەخستە سەر لێوی هەموان و هەمیشە رووناكییەكی درەوشاوبوو بۆ گەلانی عیراق".
باڵیۆزی فەلەستین: كۆچی مام جەلال، زیان بوو بۆ هەموان
ئەحمەد عەقل، باڵیۆزی فەلەستین لە عیراق لەساڵیادی كۆچی سەرۆك مام جەلال دەڵێت: " كۆچیی دوایی مام جەلال زیانەكەی تەنها بۆ كوردستان و عیراق نەبوو، بەڵكو زیانی بۆ ناوچەكە بەگشتی هەبوو، هەمیشە پردی پەیوەندی و خۆشەویستی بوو لەنێوان كوردستان و عیراق و فەلەستیندا ".
"كاتێك پۆستی سەرۆك كۆماری پێسپێردرا، بەدانایی و لێهاتویی و ئەزموونی گەورە و دەوڵەمەندیی، چارەسەری سەرجەم كێشەكانی دەكرد و كۆكەرەوەی هەموو ركابەرەكان بوو، ئەگەر لەژیاندابوابە بەدڵنیایی ئەو كێشانەی دروستبوون روویان نەدەدا، مام جەلال پەیوەندی توندوتۆڵی لەگەڵ وڵاتە عەرەبییەكاندا هەبوو، بەردەوام كێشەی فەلەستینی بەبیر دەهێنانەوە" سەفیری فەلەستین ئەمەی وت.


گرێ سیاسییەكان بە مام جەلال دەكرانەوە
رائد فەهمی، سكرتێری حیزبی شیوعی عیراق دەڵێت: " مام جەلال تایبەتمەندی و توانای كۆكردنەوە و چارەسەركردنی كێشەی لایەنە ناكۆكەكانی هەبوو، رووبەڕووی زۆر قەیران وەستا و چارەسەری كرد و گرێ سیاسییەكانی دەكردەوە، زۆربەی كاتیش بارودۆخەكەی لەتەقینەوە دەرباز دەكرد".

"مام جەلال لەسەرەتاوە بەكارایی لە پرۆسەی سیاسی عیراقدا بوو، یەكێك بوو لە پێكهێنەرە سەرەكییەكانیش، لەو سەردەمەدا سەركردایەتییەكی یەكگرتوو نەبوو، بەڵام مام جەلال توانی رۆڵی گەورە لە كۆكردنەوەی لایەنە سیاسییەكان دا ببینێت و خاڵی هاوبەش لە نێوان ركابەرەكاندا بدۆزێتەوە، رۆڵی گرنگی لە تێپەڕاندنی قەیرانەكانیشدا دەبینی" سكرتێری حزب شیوعی وایوت.



PUKMEDIA

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket