riklam

قوباد تاڵەبانی: رۆتین، ئاستەنگی وەبەرهێنانە

کوردستان 03:43 PM - 2022-09-26
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت

رۆتین كێشەی سەرەكی وەبەرهێنەرانی كوردستانە و كاریگەریی لەسەر مۆڵەت و وەبەرهێنان كردووە، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمیش نایشارێتەوە  و دەڵێت: "رۆتین ئاستەنگی گەورەی بۆ وەبەرھێنان دروستكردووە و روون نییە بۆچی رێگری لە وەبەرهێنان كراوە؟".

 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران راشكاوانە لە بەردەم ژمارەیەكی زۆر لە وەبەرهێنەرانی ناوخۆیی و بیانیی و باڵیۆز و كونسوڵی وڵاتان باسی رۆتینی بەردەم وەبەرهێنەرانی كرد لە یەكەمین كۆڕبەندی وەبەرهێنان و ئابووری كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو.
بەگوێرەی زانیارییەكانی پیوكەی میدیا 1500 كەس لە كۆڕبەندەكەدا ئامادەبوون و لەو ژمارەیە 1000 كەسیان وەبەرهێن و سەرمایەدار و خاوەنكاری بیانیی و ناوخۆیی بوون و گرێبەستی زۆریش ئیمزاكراوە كە هەلی كار دەستەبەر دەكەن.

قوباد تاَلەبانی جێگری سەرۆك وەزیران  لە كۆربەندەكەدا موژدەی ئەوەیدا كە "2023 دەبێتە ساڵی وەبەرهێنان دەڵێت:" دەبێت تەواوی دامەزراوەكانی حكومەت كارابكرێنەوە بۆ خزمەتی خەڵك و كاری لە پێشینەش بۆ ئەو پڕۆژانە دەبێت، كە زۆرترین ھەلی كار دەڕەخسێنێت".

بەپێی نوێترین داتا كە ئەمساڵ لە زاری وتەبێژی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستانەوە بڵاوكرایەوە  10 ملیاردێرو نزیكەی هەشت هەزار ملیۆنێری دۆلار لە كوردستان دا هەن.

"دەبێت حكومەت ئاسانكاری تەواو بكات بۆ كەرتی تایبەت و كەرتێكی تایبەتی بەھێزمان ھەبێت بۆئەوەی ئابووری ھەرێمی كوردستان گەشە بكات و دەتوانرێت بەشێك لە كەموكورتییەكانی حكومەتیش لە رێگەی كەرتی تایبەتەوە پڕبكرێنەوە" جێگری سەرۆك وەزیران وایوت.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لەلایەن وەزیر و وەبەرهێن و بەرپرسانی بەشداربووی كۆربەندەكەوە خرایەڕوو، كە 11 كارگەی بەرهەمهێنانی قارچك و 10 كارگەی وشككردنەوەی گەنمەشامی لە هەرێمدا هەن كە بایەخی گەشەی كشتوكاڵیەو لە هەمانكاتیشدا سوودوەرگرتنە لە پیشەسازی كشتوكاڵی و وەبەرهێنانی سەرمایەگوزاریی.

د.هاوكار گەڵاڵی رێكخەری كۆربەندەكە بە پیوكەی میدیای وت:" گرێبەستی باش ئیمزاكراوە و تێیدایە بەهاكەی 500 هەزار دۆلارە، بە دەیان گرێبەستی گەورەش ئیمزا كراون و 400 هەلی كارمان رەخساندووە".

لەكۆربەندی وەبەرهێنان و ئابوورییەكەی سلێمانی دا گرنگی بە رەخساندنی هەلی كار و دەستی ناوخۆیی كرایەوە و بەگوێرەی زانیاری و ئاماری دەستەی وەبەرهێنان 1612 پرۆژەی پەسندكراو لە بەردەستدان.

موحەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەرانی كوردستان دەڵێت:" گرنگی زیاتر بە وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار و پیشەسازی دا دراوە"

ناوچەی پیشەسازی بایەخی بۆ وەبەرهێنەران و پیشەسازیی كشتوكاڵی و بەرهەمهێنانی ناوخۆیی هەیە و لە پلاندایە 16 ناوچەی پیشەسازی دروست بكرێن، سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنەران ئەو ژمارەیەی دروستكردنی ناوچەی پیشەسازییەی لە كۆڕبەندەكەدا ئاشكراكرد.

گەشەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ و وەبەرهێنان لە بەرهەمەكانیدا و گەشەپێدانی پیشەسازیی كشتوكاڵی بابەتێكی كۆڕبەندەكە بوو.

بە گوێرەی زانیاریی بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵی حكومەتی هەرێم كە لە  كۆربەندەكەدا خستیەروو" ژمارەیەك بەنداو لە هەرێم دروستكراون و 8 بەنداوی دیكەش لە داهاتوودا دروست دەكرێن".

وەزیری كشتوكاڵ دەڵێت:"پلانی ئاودێری دەگۆرین و وشكەساڵی هەرەشەیەكی مەترسیدارە و ئاستی ئاووی ژێر زەوی بۆ 700 مەتر دابەزیوە".

كۆربەندەكە رۆژی 17ی 9ی 2022 لە سلێمانی و بەچاودێری قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان دەستیپێكرد.

 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket