riklam

مامۆستایەکی زانکۆ: هیچ پرۆسەیەک نابێتە جێگرەوەی سەرژمێری دانیشتوان

عیراق 01:36 PM - 2022-07-06

لەئەنجامی نەبوونی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، لەماوەی رابردوو لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق روپێویەکی لەبارەی  ئاستی بێکاری لەتەمەنە جیاوازەکان ئەنجامدا، لەماوەی رابردووش هەمان پڕۆسەی لەبارەی رێژەی هەژاری بەرێوەبردو ئەنجامەکانی خستەڕوو، لەو بارەیەوە مامۆستایەکی زانکۆ رایدەگەنێت ئەنجامدانی روپێوی بۆ بابەتێکی دیاریکراو ناچارییە و نابێتە جێگرەوەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان.

 

د.خەلیل ئیسماعیل مامۆستای زانکۆو پسپۆڕی بواری جوگرافیاو سەرژمێری بە PUKmediaی راگەیاند: ئەنجامدانی روپێوی لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عیراق بۆ دیاریکردنی ئاستی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و پۆلینکردنی چین و توێژەکان لەرووی رەگەزو تەمەن، کارێکی پێویستە تاکو حکومەت بەرچاوی رونبێت و لەسەر  ئەنجامەکانی ئەو پڕۆسەیە پلان و بەرنامەکانی جێبەجێ بکات.

وتیشی: زۆرجار ئەنجامدانی پڕۆسەی لەو جۆرە  بەناچاری  دەکرێت، بەتایبەتی ئەو کاتانەی سەرژمێری گشتی دانیشتوان دوادەکەوێت، وەک ئەوەی لە عیراق روودەدات، بۆیە رووپێوی بۆ بابەتێکی دیاریکراو دەکرێت، وەک لەم دواییە لەبارەی رێژەی بێکاری لەعیراق ئەنجامدرا، ئەویش بەوەرگرتنی بۆچوونی ژمارەیەک لە چینو توێژەکان وەک سەمپڵ لەبارەی  بابەتی بێکاری لەناو کۆمەڵگا.

راشیگەیاند: هەرچەندە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی ئامانجەکانی روپێوی بۆ شێوازو چۆنیەتی بەرێوەبردنی پڕۆسەکە دەگەرێتەوە، واتە تاچەند بەزانستی دەکرێت، لەگەڵ ئەوەش نابێتە بەدیلی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، کە لەساڵی1987ەوە لە عیراق نەکراوە.

د.خەلیل  ئیسماعیل رونیشیکردەوە: ئەگەرچی ساڵانە لەلایەن حکومەتە یەک لەدوایەکەکانی عیراق  دووپاتی ئەنجامدانی سەرژمێری دانیشتوان دەکەنەوە و پلان و بەرنامەی بۆ دادەنێن، بەڵام بەهۆکاری جیاواز دوادەخرێت، ئێستا ئاماژەبەوەکراوە کە لەساڵی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

دڵنیاشیکردەوە: بەگشتی  سەرژمێری  دانیشتوان چەند مەرجێکی هەیە تاکو سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، لەوانە پێویستە لەسەرتاسەری وڵات بێت، واتا نابێت لە پارێزگایەک یان هەرێمێک بەتەنیا ئەنجام بدرێت، هەروەها پێویستی بەتەرخانکردنی بودجەو توانایەکی بەهێزی مرۆیی هەیە، ئەمەجگە لەوەی پێویستە لەکەشوهەوایەکی ئاسایی بکرێت و لەرووی ئەمنیەوە سەقامگیری هەبێت.

PUKmedia تەها عەبدوڵڵا

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket