riklam

دوکان.. ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن دەکرێت

کوردستان 10:41 AM - 2022-07-06

ئەمرۆ چوار شەممە لایەنە پەیوەندیدارەکانی قەزای دوکان کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا تایبەت بە ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن، قائیمقامی قەزای دوکانیش لەو بارەیەوە راگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا رۆڵی هێزە ئەمنییەکان و لایەنی تەندروستیش دیاریکراوە لە پێناو سەلامەتی گیانی ئەو گەشتیار و هاووڵاتیانەی کە روو لە قەزاکە دەکەن.


سیروان سەرحەد قائیمقامی قەزای دوکان بە PUKmedia ی راگەیاند  : بە ئامادەبوونی سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گەشتوگوزار و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی شەهید غەریب هەڵەدنی بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ رۆژانی جەژن کۆبونەتەوە، لەگەڵ هاتنی هەر بۆنەیەکدا لیژنەی ئەمنی و لایەنە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکان ئامادەکاری دەکەن بۆ پێشوازی لەهاوڵاتیان و گەشتیاران، کە بەڕێژەیەکی بەرچاو روو لە ناوچە گەشتیارییەکانی سنوری قەزای دوکان دەکەن.

ئەوەشی خستەڕوو: لە کۆبوونەوەکەدا جگە لە جەخت کردنەوە لە رۆڵی هێزە ئەمنییەکان و ئامادەکارییان، لایەنە خزمەتگوزاری و تەندروستییەکانیش رۆڵیان دیاری کراوە و لە خزمەت هاوڵاتیان و گەشتیاراندا دەبن، هاوکات سەرۆکایەتی شارەوانی راسپێردرا وەک چۆن لە رابردووداو بەتایبەت لە بۆنەکاندا رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە خزمەتکردن و پاککردنەوەی شووێنە گەشتیاریەکان، لەم بۆنەیەشدا لە رێگەی تیمەکانیانەوە سەردانی ناوچە گەشتیارییەکان بکەن و گرنگی بە پاک راگرتنی شوێنە گەشتیاریەکان بدەن .

 

وتیشی: هێزەکانی بەرگری شارستانی و تیمی مەلەوانیش لەئەرکدادەبن لە پێناو سەلامەتی گەشتیاران و پێدانی رێنمایی پێیان، بەتایبەت لەسەر رۆخی زێی دوکان و دەریاچەی دوکان، تا بەدوور بن لە رووداوەکانی خنکان، هەروەها پۆلیسی دارستان و ژینگەی قەزاکەش هەماهەنگ و هاوکاری هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس دەبن .

 

ئاماژەشی بەوەدا: لیژنەی هاوبەشی قائیمقامیەت و لیژنەکانی گەشتوگوزاریش بۆ رۆژانی جەژن لە ئەرکدادەبن، چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەکان دەکەن و بەدواداچوون بۆ ئەو رێنماییانە دەکەن کە پێشتر جەختیان لێکراوەتەوە .

ئەوەش وت: داوا لە هاوڵاتیان و گەشتیاران دەکەین پابەندی رێنماییەکان بن و رێز لە سروشت و ژینگەی ناوچەکە بگرن و گرنگی بە پاکوخاوێنی شوێنە گەشتیارییەکان بدەن.

 

PUKmedia بێستون شارەستێنی

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket