riklam

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی: پۆستەكانی عیراق و هەرێم بەرامبەرن

ی ن ک 06:09 PM - 2022-01-26

پەڕلەمانتارێكی یەكێتی رایدەگەیەنێت، پۆستەكانی عیراق و هەرێم بەرامبەرن و پارتی لە كاندیدەكەی سەرۆك كۆماردا هەڵە‌ی كردووە و ئەگەر ئەوان لە بەغدا شەڕی پۆست دەكەن یەكێتیش دەتوانێت لە كوردستان وەك دووەم حزب داوای ئیستحقاقی خۆی بكات.

شیرین یونس ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی بە PUKmedia ی رایگەیاند: بەشاهێدی دۆست و نەیارەكانیشمان یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەمیشە بەشی لەخۆی كردوەتەوە و داوێتییە لایەنەكانی دیكە، وەك هەمووشمان دەزانین یەكێتی لەپێناوی كۆمەڵێك باوەڕ دروستبووە و تا ئێستاش لە مەبدەئە نیشتیمانییەكانی خۆی لای نەداوە هەر بەهۆی ئەم هەستی نیشتیمانییەش رێز لەلایەنەكانی دیكە دەگرێت و نایەوێت پێداگری تەواو لەسەر مافەكانی بكات، بەڵام بیرمان نەچێت لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك لایەنی بەرامبەر نابەرپرسیارانە ئەو هەستە نیشتیمانیانەمان بەكاربهێنێت ئەوا سنووری بۆ دادەنێین و ناهێڵین سنوور ببەزێنێت.

وتیشی: دواهەمین بابەتیش بابەتی سەرۆكایەتی كۆمارە، كە نابێت لەبیرمان بچێت سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران مافی عەرەبی سونەیە و سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانیش هی عەرەبی شیعەیە، بەڵام بەداخەوە پارتی دەستی داوەتە یارییەكی ترسناك ئەوەش بچووككردنەوە و بەحزبی كردنی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراقە، ئەگەر بۆ پارتی بچێتەسەر خولێكی دیكە عەرەب ئەو پۆستە لەپارتیش وەردەگرێتەوە و ئیتر هەیبەتی كورد لە عیراق ژێر پێ دەكەوێت.

شیرین یونس راشیگەیاند: هەڵەیەكی دیكەی پارتی دیموكراتی كوردستان، كاندیدكردنی كەسێكە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كە پێشتر لەسەر گەندەڵی لە پۆستەكەی لە حكومەتی عیراق دورخراوەتەوە و متمانەی لێوەرگیراوەتەوە و بەلای عیراقییەكانەوە شایستەی ئەو پۆستە نییە.

ئەوەشی راگەیاند: دەبێت پارتی ئەوەش بزانێت ئەگەر ئەوان لە بەغدا شەڕی پۆست دەكەن یەكێتیش دەتوانێت لە كوردستان وەك دووەم حزب داوای ئیستحقاقی خۆی بكات.

PUKmedia تایبەت 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket