riklam

هەرێم و لوبنان لە بواری دادوەریدا هاوكاری یەكدەبن

کوردستان 10:37 AM - 2022-01-24

بەیانیی ئەمڕۆ دوو شەممە 2022/1/24 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە دادوەر هنری خووری، وەزیری دادی لوبنانی و وەفدێكی یاوەری كرد كە لە سەرۆكی ئەنجومەنی دادوەریی لوبنان، یاریدەدەر‌ی ئەمنیداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی و ژمارەیەك لە راوێژكاران پێكهاتبوو و بە بانگهێشتێك بۆ بەشداری لە یادی رۆژی دادوەریی عیراقدا، سەردانی بەغدایان كردبوو.

لە دیدارێكدا كە وەزیری دادی هەرێمی كوردستان ئامادەی بوو، تیشك خرایە سەر سیستم و دۆخی دەسەڵاتی دادوەری و دادگاكان و لێكچوونیان لە لوبنان و عیراق و هەرێمی كوردستان و بواری هاریكاریی نێوان دەسەڵاتی دادوەریی لوبنان و عیراق و سوودوەرگرتن لە ئەزموونەكانی یەكتر خرایە بەر باس، هەروەها جەخت لە گرنگیی سەربەخۆییی دەسەڵاتی دادوەری كرایەوه و هەردوولا هاوڕا بوون كە سەربەخۆییی دادوەری بنەمای دەوڵەتدارییە.

دوایین پێشهاتەكانی دۆخی سیاسی و ئەمنی لە عیراق و لوبنان تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو. لەمبارەیەوە وەفدی لوبنانی پوختەیەكیان دەربارەی‌ هەوڵەكانی حكوومەتی لوبنان بۆ تێپەڕاندنی دۆخی سەختی ئێستای ئابووریی وڵاتەكە و قەیرانەكان خستەڕوو، هەروەها باسیان لە دەسپێشخەرییەكی كۆمكاری عەرەبی بۆ پشتیوانیی دەسەڵاتی دادوەریی لوبنانی لە دۆخی ئێستایدا كرد.

نێچیرڤان بارزانی سەردانی وەفدەكەی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان بە گرنگ لە قەڵەم دا و هیوای خواست هاریكاریی عیراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ لوبنان لە بواری دادوەریدا پتەوتر بكرێت و ئاماژەی بە ڕۆڵی ڕەوەندی لوبنانی لە هەرێمی كوردستان كرد بەتایبەتیش لە بوارەكانی ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری و بانكداریدا.

دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی كوردستان و لوبنان و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.

PUKmedia راگەیاندنی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket