riklam

بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی: یه‌كێتی مافی خۆیه‌تی پۆستی سه‌رۆككۆمار به‌ ئیستیحقاقی كوردو یه‌كێتی بزانێت

کوردستان 07:54 PM - 2022-01-23

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٣/١/٢٠٢٢ له‌ هۆڵی كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌ن له‌شاری سلێمانی، ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی خۆی به‌ست. كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی هه‌ڤاڵ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی به‌ڕێوه‌چوو، تایبه‌ت بوو به‌ تاوتوێكردنی بارودۆخی سیاسی عێراق و ئیستیحقاقه‌ ده‌ستوورییه‌كانی گه‌له‌كه‌مان له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق.

‎كۆبوونه‌وه‌كه‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی جددی له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ كرد و پێی وابوو كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان تاكڕه‌وانه‌ و له‌ ده‌ره‌وه‌ی ویست و ئیراده‌ی یه‌كڕیزی گه‌لی كورد و هێزه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان هه‌نگاویناوه‌ و رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندیك لایه‌نی سیاسی واژۆ كردووه‌ و له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و رێككه‌وتنه‌یان كاندیدێكی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆككۆمار پێشكه‌شكردووه‌.

‎له‌وباره‌یه‌وه‌ هه‌ڤاڵ بافڵ به‌ووردی رووناكی خسته‌سه‌ر پێشهاته‌كانی ئێستا و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ ماده‌م لایه‌نی دیكه‌، دوور له‌ پرینسیپی ته‌وافق كاندیدی خۆیان پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، یه‌كێتیش مافی خۆیه‌تی كه‌ پۆستی سه‌رۆككۆمار به‌ ئیستیحقاقی كورد و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بزانێت، بۆیه‌ داكۆكی له‌ مافی خۆی ده‌كات و سازشی له‌سه‌ر ناكات.

هه‌روه‌ها ئه‌و قسه‌وباسانه‌ی كه‌ ده‌گوترا پارتی دیموكراتی كوردستان ته‌نها كێشه‌ی له‌گه‌ڵ كاندیدی یه‌كێتی هه‌بوو و ئه‌گه‌ر ئاڵوگۆر به‌و كاندیده‌ بكرایا پارتیش كاندیدی خۆی ده‌كشانده‌وه‌ دووربوون له‌ راستییه‌وه‌، ده‌ریشكه‌وت ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆ چاوبه‌سته‌كی بووه‌ و ئامانجی سه‌ره‌كی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سه‌رۆككۆماره‌، دوور له‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هێزه‌ كوردستانییه‌كان به‌تایبه‌تی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و له‌ چوارچێوه‌ی رێككه‌وتنیان له‌گه‌ڵ هه‌ندێك له‌ لایه‌نه‌كانی تری عێراق.

‎ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی به‌قووڵی بژارده‌كانی به‌رده‌م یه‌كێتی بۆ خاڵه‌ گرنگه‌كانی به‌رنامه‌ی حكومه‌تی داهاتووی عێراق و پۆستی سه‌رۆككۆمار تاوتوێ كرد و جه‌ختیكرده‌وه‌ كه‌ له‌م قۆناغه‌دا پێویسته‌ داكۆكی ته‌واو له‌م ئیستیحقاقه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان بكرێت و بپارێزرێت. له‌مباره‌یه‌وه‌ ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی، بڕیاریدا كه‌ پشتگیری ته‌واو بكات بۆ سه‌رخستنی كاندیدی یه‌كێتی بۆ ئه‌و پۆسته‌، كه‌ هه‌ڤاڵ دكتۆر به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح-ه‌.

‎هه‌روه‌ها كۆبوونه‌وه‌كه‌ جه‌ختیكرده‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌كده‌ستی یه‌كێتی بۆ سه‌رخستنی ئه‌ركه‌كانی داهاتوو.

PUKmedia تایبه‌ت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket