riklam

عیراق.. كۆڕبه‌ندێك بۆ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت

عیراق 04:27 PM - 2022-01-22

وه‌زاره‌تی نه‌وتی حكومه‌تی فیدڕاڵ ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 22-1- 2022 رایگه‌یاند: سبه‌ینێ یه‌كشه‌ممه‌ له‌به‌غدای پایته‌خت كاره‌كانی كۆڕبه‌ندی عیراق بۆ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌ بۆ ساڵی 2022 به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

وه‌زاره‌ته‌كه‌ له‌راگه‌یه‌نراوێكدا كه‌له‌ جێگری سه‌رۆك لیژنه‌ی وزه‌ی وه‌زاری  ئیحسان عه‌بدولجه‌بار وه‌زیری نه‌وته‌وه‌ گواستیه‌تییه‌وه‌ رایگه‌یاند: كۆڕبه‌نده‌كه‌ له‌ژێر دروشمی (وزه‌ی نوێبوه‌وه‌ دیارییه‌كی سروشته‌و كۆتایی نایه‌ت) به‌ڕێوه‌ده‌چێت و ئه‌وه‌ش له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئاراسته‌یه‌یه‌ كه‌ حكومه‌ت و وه‌زاره‌ت كاری بۆ ده‌كه‌ن به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردن له‌سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ریی و هه‌وڵانه‌ بۆ گۆڕانكاری پله‌به‌پله‌ له‌وزه‌ی نه‌ریتیی بۆ وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌ له‌ڕێگه‌ی پرۆژه‌ هاوكارییه‌كانی نێوان كۆمپانیا نیشتمانییه‌كان و كۆمپانیا جیهانییه‌ ره‌سه‌نه‌كانی پسپۆڕی ئه‌م بواره‌.

راشیگه‌یاند: به‌شداریكردنی هه‌ریه‌ك له‌وه‌زاره‌ته‌كانی نه‌وت و كاره‌باو ژینگه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌و كۆمپانیا نیشتمانیی و جیهانییانه‌ی له‌عیراق كارده‌كه‌ن هه‌نگاوێكی گرنگه‌ كه‌ئامانج لێی بۆ ئاگاداربوون و ناسینی نوێترین ئه‌زموون و پراكتیكه‌ كردارییه‌كانی ئه‌م بواره‌.

عه‌بدولجه‌بار روونیشی كرده‌وه‌، له‌نێو كارنامه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا هه‌روه‌ها گفتوگۆ ده‌كرێت له‌باره‌ی ئه‌و ته‌وه‌رو به‌رنامانه‌ی كه‌په‌یوه‌ستن به‌ په‌ره‌دان به‌كه‌رته‌كانی وزه‌ی نوێبوه‌وه‌ له‌عیراق و جیهان ئه‌وه‌ش له‌میانی ئه‌و بابه‌ته‌ زانستی و توێژینه‌وه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌وه‌ كه‌له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زایان و پسپۆڕانی بواری وزه‌ی نوێبوه‌وه‌و ژینگه‌وه‌ پێشكه‌ش ده‌كرێن له‌باره‌ی گرنگترین ئه‌و هه‌نگاوانه‌وه‌ كه‌نراون بۆ دامه‌زراندنی پرۆژه‌كانی وزه‌ی خاوێن و نوێبوه‌وه‌، هه‌روه‌ها دیدگاو ئاسۆكانی ئایینده‌و  ئه‌زموونه‌ هاوشێوه‌كان له‌وڵاتانی پێشكه‌وتوو و هه‌روه‌ها گرنگترین و دیارترین هه‌نگاوه‌ كردارییه‌كان كه‌له‌م بواره‌دا نراون.

جێی ئاماژه‌یه‌، پێش ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌رو له‌ساڵی رابردوودا هه‌ردوو وه‌زاره‌تی نه‌وت و كاره‌با و ده‌سته‌ی نیشتمانیی وه‌به‌رهێنان كۆمه‌ڵێك گرێبه‌ست و رێككه‌وتننامه‌یان ئه‌نجامدا به‌ئامانجی به‌رهه‌مهێنانی وزه‌ی نوێبوه‌وه‌و راگرتنی سووتانی غازه‌كان.

PUKmedia ئاژانسه‌كان

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket