riklam

كازمی بانگهێشتنامه‌یه‌كی له‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا پێده‌گات

عیراق 05:54 PM - 2022-01-16

مسته‌فا كازمی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 16- 1- 2022، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا تاوتوێی پرسی هاووڵاتیانی عیراقیان كرد كه‌ له‌سه‌ر سنووره‌كانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا گیریان خواردووه‌و هه‌وڵه‌كان بۆ سووككردنی ئێش و ئازاره‌كانیان.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی فیدڕاڵ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی ده‌ست PUKmedia كه‌وتووه‌ راشیگه‌یاندووه‌، كازمی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ پێشوازیكرد له‌ گابریلیوس لاندسپێرگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری لیتوانیاو وه‌فدی یاوه‌ری، روونیشی كردۆته‌وه‌، كه‌ له‌میانی دیداره‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ر دوو وڵات و شێوازه‌كانی پته‌وكردنیان و به‌هێزكردنی هاوكاری هاوبه‌ش له‌چه‌ندین سێكته‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ولاَتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپا خراوه‌ته‌ڕوو.

راشیگه‌یاند: له‌دیداره‌كه‌دا تاوتوێی چه‌ندین رووی هاوكارییان له‌سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كاندا كردووه‌ له‌سه‌روویشیانه‌وه‌ لایه‌نی ئه‌منی و بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆرو تاوانی رێكخراو، سه‌رۆك وه‌زیرانیش جه‌ختی له‌سه‌ر په‌رۆشی عیراق كردۆته‌وه‌ له‌پێناو بنیاتنانی باشترین په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ لیتوانیاو به‌تایبه‌تیش له‌ڕووی لایه‌نه‌كانی ئابووری و وه‌به‌رهێنان و ئه‌وه‌ش له‌دوای بڕیاری یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌هه‌ڵگرتنی ناوی عیراق له‌لیستی ولاته‌ یه‌كجار مه‌ترسیداره‌كان كه‌په‌یوه‌ندار بوو به‌دارایی دانی تیرۆرو شتنه‌وه‌ی پاره‌وه‌.

هه‌روه‌ها به‌گوێره‌ی به‌یاننامه‌كه‌، هه‌ر دوو لا گفتوگۆیان كرد له‌باره‌ی په‌ره‌دان به‌هاوكاری له‌كه‌رتی خوێندن و به‌ دامه‌زراوه‌یی كردن و هه‌روه‌ها گفتوگۆكردن له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی، له‌و باره‌یه‌شه‌وه‌ كازمی جه‌ختی كردۆته‌وه‌ له‌سه‌ر بڕوای عیراق به‌پێویستی پشتبه‌ستن به‌ دایه‌لۆگ و چاره‌سه‌ری ئاشتییانه‌ بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان.

هه‌روه‌ها گفتوگۆیان كردووه‌ له‌باره‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ سووككردنی ئێش وئازاری هاووڵاتیانی عیراقی گیرخواردوو له‌سه‌ر سنووره‌كانی وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌وروپاو دۆزینه‌وه‌ی باشترین رێگا بۆ كۆتایهێنان به‌و پرسه‌.
لای خۆشیه‌وه‌، گابریلیوس لاندسپێرگ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی لیتوانیا سڵاوی حكومه‌ته‌كه‌ی گه‌یانده‌ كازمی و بانگهێشتنامه‌یه‌كیشی ئاراسته‌كرد تاوه‌كو سه‌ردانی لیتوانیا بكات و خۆشحاڵی حكومه‌ته‌كه‌شی بۆ هه‌نگاوه‌كانی عیراق ده‌ربڕی له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی ئاڵنگارییه‌كانی كۆچی نایاسایی.

گابریلیوس لاندسپێرگ ئاماژه‌ی بۆ په‌رۆشی لیتوانیا دا بۆ به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی هاوكاری نێوان هه‌ردوو وڵات له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان.

PUKmedia نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی سه‌رۆك وه‌زیران 
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket