riklam

كەشناسی چەند رێنماییەكی خۆپارێزی بڵاودەكاتەوە

کوردستان 09:14 AM - 2022-01-16

كەشناسی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا پێشبینی بەفر بارین دەكات و رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەرێم دەكەوێتە ژێر كاریگەری بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەرییەوە  و چەند رێنماییەكی خۆپارێزیشی بۆ هاووڵاتیان بڵاوكردەوە.

دەقی راگەیەنراوەكە:

 پێشبینی دەكرێت كەوا لەماوەی چەند رۆژی داهاتوودا، هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی درێژەی بارستە هەوایەكی ساردی جەمسەریی كە دەبێتە هۆی دابەزینی تەواوی پلەكانی گەرما و كەوتنی بەفر و شەختە بە شێوەیەكی بەرچاو، بە تایبەتیش لە ناوچە شاخاوییەكان، جا لە پێناو پاراستنی گیان و ماڵ، پێویستە بە پێی توانا ئەم هەنگاوە خۆپارێزیانەی خوارەوە بنرێن، لەسەر ئەو بنەمایەی كە خۆپارێزیی لە چارەسەریی باشترە: 

• پۆشینی جل و بەرگ و گۆرەوی و كڵاو و دەستەوانەی ئەستوور و لەپێكردنی پێڵاوی شیاو كە لەگەڵ كەش و هەوای داهاتوودا بگونجێ، بە تایبەتیش بۆ منداڵان و بەساڵاداچووەكان. 
• پێویستە لەسەر سەرجەم شوفێران، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان، تا بكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێ دەرنەچن و  ئۆتۆمبێلەكانیان لێنەخوڕن و ئەگەر ناچاریش بێت، ئەوا زنجیر لە تایەكاندا ببەسترێت، بە تایبەتی لەكاتی كەوتنی شەختەدا تا لە خزین و خلیسكان خۆت و ئۆتۆمبیلەكەت بپارێزی.
• تا زووە، پشكنینی بوونی ئاستێكی گونجاوی مادەی (ئەنتی فریز – دژە بەستان) لەنێو (رادێتەر) ی ئۆتۆمبێلەكان بكرێت. 
•پێش دەرچوونیان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە، جگەر گۆشەكان ئامۆژگاری بكرێن كە لە كاتی كەوتنی شەختە بە هیچ شێوەیەك بەسەر ئەو بارستانەدا نەڕۆن و خۆیان لێ بە درووبگرن و لە رۆیشتنیش هەنگاوی خێرا نەهاوێژن و رانەكەن لە پێناو سەلامەتیان و دووركەوتنەوەیان لەهەر رووداوێكی نەخوازروی خزین و خلیكسان و بەربوونەوە بەهۆی شەختەوە.  
• تا بكرێت شلەمەنیی گەرم بخورێتەوە، چونكە پارێزگاریی لە گەرمیی لەش دەكات و بڕی پێویستی یەكەی كایلۆریشی پێ دەبەخشێ بۆ پاراستنی لەش لە دابەزینی پلەكانی گەرمای.
• بەهیچ شێوەیەك نابێ هاوڵاتیان بیر لە ئەنجامدانی گەشت لەكاتی بارینی بەفر بكەنەوە، بە تایبەتیش بۆ ناوچە شاخاوی و تەنانەت زوورگییەكانیش، چونكە گۆڕانی دڕاماتیكی و خێراو هەرگیز چاوەڕوان نەكراو لەو ناوچانەدا روودەدەن و هیچ دەرفەتێك بە رزگاربوون نادات و تەنانەت تیمەكانی فریاكەوتنیش بە سانایی ناگەنە ئەو ناوچەو شوێنە سەخت و دژوارانە.
ئەگەرنا، ژیانی خۆت و خانەوەداو هاوڕێكانت دەخەیتە نێو بازنەیەكی یەگجار زۆر مەترسیدارەوەو ئەوكاتەش پەشیمانی هیچ سوودێكی نییە. 
• برایانی جووتیار و بەخێوكارانی ئاژەڵەكان بە تایبەتی، ئامادەكاریی پێشوەختەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی تا پێیان بكرێ بەرووبووم و ئاژەڵەكانیان لە نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما بپارێزن. 
• خاوەن نەمامگەو خولیایانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان پێویستە تا بكرێت دارو درەختە ناسكەكان و قەفەسی گیاندارەكانیان بە شێوەیەكی تەندروست دابپۆشن یان ئەگەر دەكرێت دووریان بخەنەوە لەو شوێنانەی كە كراوەن یان زۆر زوو سارد دەبنەوە تا لە هەڕەشەی بەستانیان بپارێزن. 
• بۆ ئەو ماڵانەی كە دەكەونە نێو ناوچە شاخاوییەكان كە بێگومان پلەی گەرمیی زۆر تیایدا نزمتر دەبێتەوە، پێویستە بڕێك ئاوی پاكی خواردنەوە لە ژوورەوە دابنێن كە لایەنی كەم بۆماوەی 2 تا 3 رۆژی خواردنەوەو پێداویستی سەرەكی ئەندامانی خێزان دابین بكات تا شەپۆلەكە كۆتایی پێدێت و ئەگەر بكرێت تانكییەكانی ئاو و بۆڕییە دیارەكانی تۆڕی ئاو بەهەر چ شێوەیەك بێت دایبپۆشن تا لە هەڕەشەی بەستان و درز تێكەوتن و تەقینیان بپارێزرێن.
• تیمەكانی تایبەت بە راماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدابن.
• تیمەكانی شاخەوانی بەهیچ جۆرێ بیر لە ئەنجامدانی گەشتی تایبەتی خۆیان نەكەنەوە ئەگەر بۆ مەودایەكی نزمیش بێت لەكاتی چالاكبوونی بەفربارین.

PUKmedia راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket