riklam

حزبە كوردستانییەكان و یەكڕیزی نێوماڵی كورد، بەرەو حكومەتێکی نوێ‌

کوردستان 07:44 PM - 2021-12-30

دوای ئەوەی رۆژی دووشەممە 27ی كانونی یەكەمی 2021 دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی هەڵبژرادنە پێشوەختییەكەی رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی پەرلەمانی پەسەندكرد، لەئێستادا وتووێژو دانوستاندنەكان لەنێوان هێزو لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بەردەوامی هەیەو هەر دوێنێ‌ چوارشەممە 29ی كانونی یەكەم، د.بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عیراق ئیمزای لەسەر مەرسومێكی كۆماری كردو بەپێی مەرسومەكە رۆژی یەكشەممە 9ی كانونی دووەمی 2022 دیاریكرد وەك وادەی یەكەم دانیشتنی پەرلەمانی نوێ.

هەرچەندە تا ئێستا هێزو لایەنەكانی نێو ماڵی شیعە نەگەیشتوونەتە هیچ رێككەوتنێكی رەسمی لەبارەی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، گفتوگۆو دانوستاندنەكانیش لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و موقتەدا سەدر بەردەوامە بۆ دەستنیشانكردنی شێوەی حكومەتی داهاتوو كەئاخۆ بەڕێككەوتن دەبێت یاخود بەزۆرینەی نیشتمانیی.

هاوتەریب لەگەڵ ئەو جموجۆڵە سیاسییانەی لەبەغداو نەجەف بەڕێوەدەچن و راگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 2021 كە گرژی و ئاڵۆزی و خۆپیشاندانی لێكەوتەوەو تاوەكو پێش پەسەندكردنیشی لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە بەردەوام بوو، لایەنە كوردستانییەكانیش لەبەر رۆشنایی بەركەوتەكانیان لەهەڵبژاردنەكاندا وتووێژ گفتوگۆكانیان دەستپێكردوەو دەیانەوێت پێش كۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە براوەكاندا یەكڕیزی نێو ماڵی كوردو مافەكانی كورد لەپرۆسەی سیاسیی نوێدا دەستەبەر بكرێت.

یەكێتی پێشوازی لەپەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان دەكات

وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رۆژی دووشەممەی رابردوو پێشوازی لەبڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی كرد لەبارەی پەسەندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی رۆژی 10ی تشرینی یەكەمی رابردوو.
لەراگەیەنراوەكەی وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستاندا هاتووشە:

بەناوی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پێشوازی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی عیراق دەكەین لە پەسەندكردنی دەرەنجامی كۆتایی هەڵبژاردنە پێشوەختەكەی ئەنجومەنی نوێنەران كە لە رۆژی ١٠-١٠-٢٠٢١ رابردوو لە سەرتاسەری عێراق بەرێوەچوو.
وێڕای هەر تێبینییەك لەسەر پرۆسەكە، پیرۆزبایی سەركەوتنی هەڵبژاردن و دەرەنجامی بەدەستهاتووی هێزە براوەكان دەكەین.

كاتێتی هەموو لایەنەكان لەوڵاتەكەماندا هیمەتی سیاسیی دەست پێبكەن بۆ ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران بە پێكهاتەی نوێیەوە و قەوارە و هێزە سیاسییەكانیش  رێوشوێنە دەستورییەكانی پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستپێبكەن. بۆ ئەم مەبەستەش بەگیانی پەرۆشی  و دەربەستی نیشتمانییەوە گفتوگۆ و راوێژی پێویست بكەن لە پێناو پارێزگاری لە پرۆسەی سیاسیی عێراق كە تەحەددیاتی زۆری لە پێشە بۆ پاراستنی رەوتە دیموكراتییەكەی.

وەكو هێزەكانی كوردستانیش ئەركی سەرشانمانە بەیەك هەڵوێستی كوردستانییەوە  ریزەكانمان پتەو بكەین بەرەو بەدەستهێنانی ئیستحقاقە نەتەوەییەكان و داكۆكی كردن لە شایستە دەستوورییەكانی گەلەكەمان لەبەغدا.

قۆناغی نوێ كۆششی نوێ دەخاتە ئەستۆی هەموومان و وەكو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانییش هەنگاوەكانی داهاتوومان دەخەینە خزمەتی ئەو ئەركە پیرۆزەوە.

خاڵی هاوبەش بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ بەغدا

ستران عەبدوڵڵا ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان روونیكردەوە كە یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی كوردستان خاڵی هاوبەشیان دەبێت لەسەر چۆنێتی مامەڵەكردن لەگەڵ بەغداو تەئكیدیشی كردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان ئامادەییان كردووە بۆ كاری پێكەوەیی لەقۆناغی داهاتوودا لەسەر ئەو بنەمایانەی لەدواین كۆبوونەوەدا رێككەوتنیان لەبارەوە كرابوو، ئاماژەی بەوەشدا، هەردوو حزب لیژنەی هاوبەش دروست دەكەن بۆئەوەی بتوانن بگەنە خاڵی هاوبەش و لایەنە كوردستانییەكان هەڵوێستێكی یەكگرتوویان لەبەغدا هەبێت، واش چاوەڕوان دەكەم كە ئەوە هەنگاوێكی زۆر باشی لێ دەربچێت لەچاو ئەو لێكدابڕانەی لەماوەی رابردوودا روویاندا.

سەبارەت بەشایستەكانی كوردیش لەبەغدا، ستران عەبدوڵڵا رەتیكردەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەكۆبوونەوەی لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان پرسی سەرۆكایەتی كۆمارو پۆستەكانی تر لەبەغدا یەكلایی كردبێتەوەو راشیگەیاند: لەكۆبوونەوەی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی وپارتی دیموكراتی باس لەپۆستی سەرۆكایەتی كۆمار نەكراوە، بەڵكو ئەو پرەنسیپانەی هەردوولا لەسەری رێككەوتوون رێخۆشكەر دەبن  بۆگەیشتن بە شایستەكانی كوردستان و لەنێویشیاندا سەرۆكایەتی كۆمار.

وتیشی: سووربوونی یەكێتیی نیشتمانیی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار بەو مانایە نییە كە ئەو بابەتە ببێتە خاڵی ناكۆكی لەنێوان یەكێتیی و پارتی دیموكراتی،  بابەتەكە گونجاویشە كە دەكرێت هەردوولا  لەبارەیەوە بگەنە رێككەوتن.

 بوونی شەراكەتی راستەقینە لەپرۆسەی سیاسیدا

عەدالەت عەبدوڵڵا نووسەرو شرۆڤەكاری سیاسی باس لەو بنەمایانە دەكات كە پێویستە بۆ دانوستاندنێكی سەركەوتووی نێوان وەفدی حزبە كوردستانییەكان و لایەنە سیاسییەكان، جەختیش دەكاتەوە لەبارەی گرنگی شەراكەتی راستەقینە لەپرۆسەی سیاسیدا.

عەدالەت عەبدوڵڵا بە PUKmediaشی راگەیاند: پێویستە ئەو حزبە كوردستانییانەی لەم هەڵبژاردنەی دواییدا براوەن لەزووترین كاتدا دانوستاندنی نوێ‌ و جددی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ دەستپێبكەن و روونیشی كردەوە، كە پێویستە بنەمای دانوستاندنەكان لەسەر چەند پرسێك چڕببێتەوە كە گرنگترینیان شەراكەتی راستەقینەیە لەحكومەتی داهاتوودا، هەروەها زۆربەی ئەو كێشانەشی لەرابردوودا لەنێوان هەردوولادا دروست دەبوو سەرچاوەكەی بۆ پابەندنەبوون بەبەندەكانی دەستوورەوە دەگەڕێتەوە.

راشیگەیاند: ئەو وەفدە كوردییەی كە دەچێتە بەغدا ژمارەیەك دۆسیە هەیە كە پێویستە یەكلاییان بكاتەوە، لەوانە دۆسیەی ناوچە دابڕاوەكان و ماددەی 140ی دەستوور،بودجەی پێشمەرگە، زامنكردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەبودجەی نوێدا، ئاماژەی بەوەشدا، كە پێویستە لەدانوستاندنەكاندا پشكی كورد لەپۆستە سیادییەكان و وەزارەتەكانی تر یەكلایی بكرێتەوە.

جەختیشی كردەوە، بەو 50 كورسییەی حزبە كوردستانییەكان هەیانەو رێككەوتنی نێوان حزبە سیاسییەكان لەسەر پێكهێنانی وەفدێكی یەكگرتوو بۆ چوونە ناو دانوستاندن لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان لەبەغدا ئەمانە هەموو كاردانەوەی ئەرێنییان لەسەر دانوستاندەكان دەبێت، هیواشی خواست كەهەماهەنگی زۆرتر هەبێت بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی كورد لەپرۆسەی سیاسی نوێدا.

سەردان و تووێژەكان

هەروەها لەچوارچێوەی سەردانەكانی بۆ لای هێزو لایەنە سیاسییەكان و بەئامانجی یەكخستنی دیدو و بۆچوونەكان لەبارەی رەهەندی پرسە نیشتمانییەكان و توندتۆڵكردنی پێگەی كورد لەناو پرۆسەی سیاسی لەبەغدا، وەفدێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێكهاتوو لەد.سۆران جەمال تاهیرو رزگار حاجی حەمەو ستران عەبدوڵڵا،  رۆژی پێنجشەممە 23ی كانونی یەكەمی 2021 بەجیا سەردانی هەریەك لەبزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتوویی ئیسلامیان لەشاری سلێمانی كرد.

لە مەكۆی سەرەكی بزووتنەوەی گۆڕان لە سلێمانی ژمارەیەك لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی گۆڕان لە پێشوازیدا بوون و پێكەوە گفتوگۆ لەسەر یەكخستنی هەڵوێستی كوردستانی لە بەغدا لەسەروبەندی دانووستانەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق كرا، دوابەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمان كە لە 10/ی ئۆكتۆبەری رابردوو، بەڕێوەچوو.

د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەكتەبی پەیوەنییەكانی یەكێتی بەكەناڵەكانی راگەیاندنی وت: گفتوگۆكان لەگەڵ هاوڕێیانی بزووتنەوەی گۆڕان ‌و ئینجا یەكگرتووی ئیسلامیش بۆ تەواوكردنی هەماهەنگی و گفتوگۆكانی رابردوومانە لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بۆ راوێژ و یەك گوتاری كورد لە بەغدا.

وتیشی: پێویستی یەك  تیمی كوردمان لە بەغدا تەئكیدكردەوە بۆ داكۆكی لەمافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان، هەروەها بۆ لەیەكگەیشتن سەبارەت بەهاوهەڵوێستی لەیاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان وەك دەستپێك بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی داهاتوودا. 

لە سەردانی وەفدەكە بۆ لای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، ژمارەیەك لە ئەندامانی سەركردایەتی یەكگرتوو لە پێشوازی وەفدی مەكتەبی سیاسی یەكێتیدا بوون و هەردوولا پێكەوە تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەمنی و ئاڵانگارییەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ و پاراستنی یەكڕیزی لایەنەكان و یەكخستنی تیروانینەكانی نێوان یەكێتیی و یەكگرتوو سەبارەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان.

لە تەوەرێكی تری كۆوبەنەوكەدا بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان وئامادەسازیەكان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان، و گەیشتن بە تیڕوانینی هاوبەش لەنێوان یەكێتیی ویەكگرتوو  وسەرجەم لایەنەكان وتوندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان بەگرنگ دانرا.

لەپێناو هێنانەئارای هاوسەنگی سیاسیی

پێش چەند رۆژێكیش هەریەك لەقوباد تاڵەبانی و عیماد ئەحمەد ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشوازییان لە وەفدی چوارچێوەی هەماهەنگی بەسەرۆكایەتی نوری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كرد.
لەمیانی كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی دواین پێشهاتە سیاسییەكان و قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكان و هەوڵەكان بۆ پێكهێنانی حكومەتی فیدڕاڵی داهاتوو كرا.

لەم بارەیەشەوە، وەفدی سەردانیكەر دیدی چوارچێوەی هەماهەنگییان روونكردەوە بەئامانجی هێنانەئارای هاوسەنگی سیاسی پێویست لەپێناو دەستەبەربوونی گەڕانەوەی سەقامگیری سیستمی سیاسی لەعیراق. هەردوو لایەن هەروەها جارێكی تر جەختیانكردەوە لەسەر پێویستی بەردەوامی هەوڵەكان بۆ لێكنزیكردنەوەی بۆچوونی لایەنە سیاسییەكان لەپێناو هێنانەدی بەرژەوەندییە گشتییەكان كەئەوەش بەحكومەتێكی خزمەتگوزار دێتەدی كە بتوانێت داواكارییەكانی گەل بهێنێتە دی، هەروەها تەئكید لەسەر شەراكەت و هاوسەنگی كرایەوە لە ئیدارەی دەوڵەتدا.

لای خۆشیەوە وەفدی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەمیانی كۆبوونەوەكەدا بەوەفدی چوارچێوەی هەماهەنگیان راگەیاند كە ئەوان وەك یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام دەبن لەسەر رێبازی ژیانئاوا سەرۆك مام جەلال و لەگەڵ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكاندان بەڕێگەی دایەلۆگ و یەكڕیزیی لەپێناوی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی عیراق بەگشتی.

ئەوەشیان ئاشكراكرد كە وەفدێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سەردانی بەغدا دەكات و بەمەبەستی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان سەبارەت بەپێكهێنانی حكومەتێكی كارا كەبتوانێت سەرجەم خزمەتگوزارییەكان پێشكەشی هاووڵاتیان بكات و بشتوانێت بەرەنگاری مەترسییەكانی تیرۆرستانی داعش ببێتەوەو گەندەڵی لەناوبەرێت وچاكسازیی راستەقینە بكات.

یەكێتیی نیشتمانی و پارتی دیموكراتی:  هاتنەپێشەوەی ژینگەیەكی نوێ‌ بۆ تەبایی و یەكڕیزیی

لە كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو مەكتەبی سیاسی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان بە میوانداری بافڵ جەلال تاڵەبانی، لە دەباشان گفتوگۆ لەسەر دۆخی سیاسی عیراق لە دوای هەڵبژاردنەكان كرا.

لە كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی 19-12-2021، بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لە سەر چەند تەوەرێكی گرنگ كرا تایبەت بە دۆخی سیاسی عیراقی دوای هەڵبژاردنەكانی 10 ی ئۆكتۆبەری رابردوو و ئیستیحقاقەكانی كورد و یەكخستنی كورد و یەكخستنی هەڵوێستی كوردستانی و سەرجەم دۆسیە گرنگە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان لە بەغدا.

 هەوڵدان بۆ گەڵاڵەی كۆتایی كارنامەیەكی هاوبەشی كوردستانی لە سەر بنچینەی شەراكەتی راستەقینە و تەوافوق و تەوازونی دەستوری، وەك لە عیراقی نوێدا لە سەری پێكهاتبووین، بەشێكی تر بوو لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە، هەردوولاش كۆكبوون لەسەر ئەوەی پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بكەن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە هەموو روویەكەوە بە تایبەتی لە رووی گوزەران و مووچە و شایستە داراییەكانی سەرجەم چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستان بە توێژی خوێندكارانیشەوە. 

كۆبوونەوەكە هەڵوەستەی لەسەر مەترسی ئەمنی و سەربازی تێهەڵچوونەوەی رێكخراوی تیرۆرستی داعش لە كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان كرد، لەم بوارەدا بە پێویست زانرا هەماهەنگی و پێكەوەیی هەردوولا هەبێت وەك بەشێك لە رووبەڕووبونەوەی ئەو مەترسیانەی لە سەر خاك و خەڵكی كوردستان لەو ناوچانەدا هەیە، هەروەك بەشێكیش لە پێویستی دابینكردنی ژینگەیەكی باشی تەبایی و یەكڕیزی نێوان هەردوولا و هێزە سیاسییەكانی تر بەرەو پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان بۆ خێر و خۆشی گەلەكەمان. لەم بارەیەشەوە میكانیزمی پێویست بڕیاری لێوەدرا.

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket