riklam

هه‌ولێر.. جیاوازییه‌كی زه‌ق له‌ مامه‌ڵه‌ی رۆژنامه‌نووساندا ده‌كرێت

کوردستان 07:09 PM - 2021-12-26

هۆکارەکانی پشت رێگریکردن لە میدیاکاران بۆ روماڵی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەران لە فرۆکەخانەی هەولێر نازانرێت و هیچ بەرپرسێکی فرۆکەخانە ئامادە نییە رونکردنەوەی پێویست لەو بارەیەوە بدات، لەکاتێکدا کەناڵەکانی نزیک لەدەسەڵات لە زۆنی زەرد بەشداری مەراسیمەکە بوون و هیچ رێگرییەکیان لێنەکراوە، سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسانیش سەرکۆنەی ئەو مامەڵەیەی دەزگا ئەمنییەکان دەکات، لەگەڵ میدیاکاران.

_بەرپرسێکی فرۆکەخانەی هەولێر:ئاگادار بوین و نەمانتوانیوە بەدواداچون بکەین

هەڵگورد ساڵەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی فرۆکەخانەی هەولێر لە لێدوانێکیدا بۆ PUKmedia وتی: ئێمە بەهۆی سەرقاڵیمان بە ئامادەکارییەکانی هێنانەوەی تەرمەکان و رێنمایی دان بەکەسوکاریان ئاگادار نەبووین چ راگەیاندنێک ئامادە بون و رێیان پێ دراوەو لەراستیشدا ئەم بابەتە کاری بەشی پەیوەندییەکانی دەرەوە نییە.

وتیشی: من لەدوای ئاگادار بوون لەو بابەتە بەرپرسانی فرۆکەخانەم ئاگادار کردوەتەوە، بەڵام بەهۆی ئەوەی زەختێکی زۆرمان لەسەر بوو بەهۆی ئامادەبونی کەسوکاری قوربانییەکان نەمتوانیوە بەدواداچونی بۆ بکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، کەئەوان هیچ کاتێک جیاوازی ناکەن لەنێوان کەناڵەکانی راگەیاندن و هەر رەنگ و دەنگێک بن بێ جیاوازی بانگهێشتی ناو فرۆکەخانە دەکرێن و ئەمە لەهەموو فرۆکەخانەکانی دنیاش هەمان رێکاری هەیە و ئەوەشی خستەروو کە کەناڵەکانی راگەیاندن شایەتی ئەوە دەدەن کە ئێمە وەک بەشی پەیوەندییەکان هەماهەنگییەکی باشمان لەگەڵ میدیاکاران هەیە.

_بەرپرسانی فرۆکەخانە وەڵام نادەنەوە

PUKmedia پەیوەندی بەچەند بەرپرسێکی جیاوازی ناو فرۆکەخانەی هەولێر کرد، هەتا هۆکاری رێگریکردن لە میدیاکاران بۆ روماڵی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەران ئاشکرا بکات، بەڵام هیچ زانیارییەکی وردی دەست نەکەوت و هەریەک لەبەرپرسانی فرۆکەخانە خۆی لە لێدوان دان لەسەر ئەو بابەتە بەدور دەگرت و لەو پەیوەندیانەشدا بەڕێز سەعد بەرپرسی فەرمانگەی میدیا و زانیاری فرۆکەخانەی هەولێر بۆ PUKmedia وتی: من لەکاتی ئەو مەراسیمە لەناو فرۆکەخانە نەبوم و ئاگاداری هیچ کام لەو رێگری و رێکارانە نەبوم، بەڵام ئەگەر رێگری لەرۆژنامەنوسان کرابێت ئەوە جێگای داخە.

_کەناڵەکانی نزیک لەپارتی چی دەڵێن؟

هاوکات PUKmedia لەهەوڵی زانینی رێپێدان تەنها بەچەند کەناڵێکی نزیک لەدەسەڵات لە زۆنی زەرد پەیوەنديی کرد بە کەناڵی روداوەوە، لەگەڵ ئەوەی ئامادە نەبون هیچ لێدوانێک لەو بارەیەوە بدەن، بەهۆی هەبوونی رێنمایی و بەڵێننامە، ئاماژەیان بەوەکرد، کە ئەوانیش رێگرییان لێکراوە بەڵام خۆیان کۆڵیان نەداوەو پێداگرییان کردوە لە چونە ژورەوەو بەردەوام بوون لەروماڵ و گواستنەوەی زانیاری.

_پەیامنێری کوردسات: هاوڕێ میدیاکارەکانمان لەکەناڵەکانی نزیک لەدەسەڵات بەبەرچاومانەوە دەچونە ژورەوە

لەبەرامبەر ئەو لێدوانەی کەناڵی روداو قارەمان جەوهەر پەیامنێری کەناڵی ئاسمانی کوردسات لە شاری هەولێر بۆ PUKmedia وتی: ئێمە و چەند کەناڵێکی تری راگەیاندن وەک ئەرکی پیشەیی خۆمان بۆ روماڵی هێنانەوەی تەرمی کۆچبەران چوینە فرۆکەخانەی هەولێر، کەپێشتر بانگهێشت کرابوین بۆ بەشداریکردن لەو مەراسیمە، بەڵام لەبەردەم فرۆکەخانە بەبیانوی ئەوەی ناومان لەو لیستەدا نییە کەلەبەردەستیاندایە نەیانهێشت بچینە ژورەوەو رێگریمان لێکرا.

وتیشی: لەگەڵ ئێمە کەناڵەکانی روداو و K24 و کوردستان تیڤی ئامادەبون و رێگرییان لێنەکرا و چوونە ژورەوە، ئاماژەی بەوەشکرد، کەهەر لەو کاتەدا هەوڵیانداوە لەرێگای بەشی پەیوەندییەکانی فرۆکەخانە و فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە کێشەکەیان چارەسەر بکرێت و بتوانن روماڵ بکەن، بەڵام دوای ئەوەی پەیوەندیان پێوەکردن و بەڵێنی ئاسانکاری و چارەسەرکردنی کێشەکانیان دراوە، تەلەفۆنەکانیان داخراوەو پەیوەندییان پیوە نەکردونەتەوە.

_سەندیکای رۆژنامەنوسان سەرکۆنەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ میدیاکاران دەکات

سمکۆ عەبدولکەریم سەرۆکی لقی هەولێری سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستانیش وتی: ئێمە وەک سەندیکا سەرکۆنەی مامەڵەی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ کەناڵەکانی میدیا دەکەین و ئەوە پێشێلکردنی یاساکانی رۆژنامەگەرییە کەتەنها رێگا بەچەند کەنالێکی راگەیاندن دەدرێت و رێگری لەوانی تر دەکرێت.

وتیشی: یاسای بەدەستهێنانی زانیاری و یاسای مافی رۆژنامەنوسی رێگا بەهەموو کەناڵەکان دەدات بەبێ جیاوازی تا بتوانن زانیاری بەدەست بهێنن و وتیشی، پێویستە لیژنەی داکۆکی لەمافی رۆژنامەنوسان جدیتر لەسەر ئەم بابەتە بێتە دەنگ، چونکە ئێمە لەم سنورە هەمووکات رووبەروی گلەیی رۆژنامەنوسان دەبینەوە کەتەنها رێ بەکەناڵەکانی نزیک لەدەسەڵات دەدرێت و ئەوانەی تر رێگرییان لێدەکرێت بۆ بەجێگەیاندنی ئەرکی خۆیان.

 

PUKmedia هاژە باست

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket