riklam

عیراق و دەرهێنانی لەژێر بەندی شەشەم

عیراق 05:58 PM - 2021-12-23

شارەزایەكی یاسایی ئەمڕۆ پێنجشەممە 23ی كانونی یەكەمی 2021 جەختیكردەوە لەسەر پێویستی بزاڤی نێودەوڵەتی لەپێناو هێنانەدەرەوەی عیراق لەژێر بەندی شەشەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان.

 

بانكی ناوەندیی عیراق رۆژی سێشەممە 21ی 12ی 2021 رایگەیاند تەواوی قەرەبووە داراییەكانیان دایەوە بەكوەیت كەلەلایەن  نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خرابوونەسەر عیراق لەدوای داگیركردنی لەساڵی 1990 لەلایەن عیراقەوەو كاتی خۆشی سەرجەم بڕی ئەو قەرەبووە بە 52 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار مەزەندە كرابوو.

 

 بانكەكە لەبەیاننامەیەكدا راشیگەیاند كەكۆتا پاشماوەی قەرەبووەكانی كوەیتی دایەوە كە بڕەكەی 44 ملیۆن دۆلار بوو.

 

راشیگەیاند: ئومێدەوارن بەدانەوەی كۆتا قەرەبووەكان بەكوەیت بتوانرێت سیستمی بانكی لەعیراق ببەسترێتەوە بەسیستمی بانكی جیهانیی و عیراق سوودمەند بێت لەو دەستكەوتە داراییانەی بەدەستی دەهێنێت.

 

لەو بارەیەوە د.عەلی تەمیمی لەمیانی لێدوانێكدا بۆ PUKmedia رایگەیاند: عیراق لەپاش ئەوەی لەساڵی 1990 وڵاتی كوەیت داگیركرد، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بەگوێرەی بڕیاری 666 لەساڵی 1990 سزای ئابووری بەسەر عیراقدا سەپاندو عیراقی خستە ژێر بەندی حەوتەمی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان و بڕیارەكە كاریگەری نەرێنی گەورەی لەسەر عیراق دروستكردو كەسایەتی عیراقی تەواو لاواز كردو چیتر رێگەی پێنەدرا رێككەوتن و گرێبەستی ئابووری لەگەڵ وڵاتاندا ببەستێت و هەموو هاوردەكردن و هەناردەكردنێكی لێی قەدەغە كراو وایلێهاتبوو وەك حكومەتێكی كاربەڕێكەر سەیر دەكرا.

 

راشیگەیاند: عیراق لەساڵی 2017 دا بەپێی بریاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی 23/90 لەژێر بەندی حەوتەمدا دەرهێنرا، بەڵام لەژێر بەندی شەشەمدا هێڵرایەوە چونكە چەند بابەتێك هەبوون پەیوەست بوون بەداگیركردنی كوەیت و ئەو قەرەبووە داراییانەی لەسەری هەبوون كە بڕەكەی دەگەیشتە 4 ملیار دۆلار، هەمدیسان عیراق لەبەرامبەر بەندی شەشەمیشدا پابەندییەكانی خۆی جێبەجێكرد، بۆیەپێویستە حكومەتی عیراق ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەوە ئاگادار بكاتەوەو پێی رابگەیەنێت كە سەرجەم پابەندییەكانی بەرامبەر بەكوەیت جێبەجێ‌ كردووە.

 

تەمیمی جەختیش دەكاتەوە كە پێویستە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بزاڤێك دروست بكرێت جا چ لەڕێگەی نوێنەرایەتی عیراقەوە بێت لەنەتەوە یەكگرتووەكان یاخود لەڕێگەی رێكخراوو كۆمەڵە نێودەوڵەتییەكانەوە بێت لەپێناو دەركردنی وڵات لەژێر بەندی شەشەم كە سەرەنجام رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت لەسەر ئابووری و ئابووری عیراق بەهێزتر دەكات.

 

جێی ئاماژەیە، ساڵی 1991 لیژنەیەكی نێونەتەوەیی بۆ دیاریكردنی بڕی قەرەبووەكان پێكهێنرا، لەبەر رۆشنایی بڕیارەكانی ئەو لیژنەیە بەغدا پابەندكرا كە بڕی 52 ملیارو 400 ملیۆن دۆلار قەرەبووی ئەو زیانانە بكاتەوە كەبەر خەڵك و كۆمپانیاكان و حكومەت كەوتوون لەدەرئەنجامی ئەو هێرش و پەلامارو داگیركارییەدا كەهەر لەو ساڵەدا لەلایەن رژێمی رووخاوی پێشوەوە كرایە سەر كوەیت.

 

بەڵام عیراق لەساڵی 2014دا بەهۆی جەنگی دژ بەرێكخراوی تیرۆرستی داعش كە توانیبووی یەك لەسەر سێی خاكی وڵات كۆنترۆڵ بكات ماوەیەك دانەوەی قەرەبووەكانی راگرت، بەڵام لەساڵی 2018دا هەمدیسان دەستی بەپێدانەوەی قەرەبووەكان كردەوە.

 

PUKmedia تایبەت

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

app دابەزێنە

Play store app store app
The News In Your Pocket