}

شاره‌زایه‌كی یاسایی: یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی ئه‌نجامی تانه‌كان مانگێكی ده‌وێت

عیراق 07:01 PM - 2021-12-05

شاره‌زایه‌كی یاسایی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 5ی 11ی 2021 رایگه‌یاند كه‌ پێده‌چێت دادگای فیدڕاڵی كۆتایی مانگی كانوونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ 2021 بڕیار له‌سه‌ر تانه‌كان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بدات.

واش پێده‌چێت كه‌ هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح له‌و دانیشتنه‌دا ئاماده‌ بێت كه‌ له‌لایه‌ن دادگای باڵای فیدڕاڵییه‌وه‌ رێكده‌خرێت كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ پێشكه‌شكردنی تانه‌كان له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.
عه‌لی ته‌میمی شاره‌زای بواری یاسایی تایبه‌ت به‌ PUKmedia ی راگه‌یاند: یاساییه‌ كه‌سی پێشكه‌شكاری داوا خۆی یاخود بریكاره‌كه‌ی ئاماده‌ی دانیشتنه‌كه‌ ببێت و ئاماده‌بوونیشیان له‌ناو هۆڵی دادگا هیچ گرفتێكی یاسایی تێدا نییه‌.

راشیگه‌یاند: واده‌ی دواخستنی دانیشتنه‌كه‌ له‌لایه‌ن دادگای فیدڕاڵییه‌وه‌ ده‌ستنیشان نه‌كراوه‌ هه‌روه‌ها ناشزانرێت چه‌ند جار دواده‌خرێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ مانگێكی ده‌وێت تاوه‌كو ئه‌و پرسه‌ یه‌كلایی ده‌كرێته‌وه‌و بڕیاری له‌باره‌ ده‌رده‌كرێت، چونكه‌ ئه‌و پرسه‌ پێویستی به‌ئاماده‌بوونی داوا له‌سه‌ركراوان و شاره‌زایان هه‌یه‌.

شاره‌زاكه‌ی بواری یاسا مانگێكی داناوه‌ بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی تانه‌ له‌ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان و پێشبینیش ده‌كات دادگای فیدڕاڵی له‌كۆتایی ئه‌م مانگه‌دا كانوونی یه‌كه‌م كۆتایی به‌م پرسه‌ بهێنێت.

جێی ئاماژه‌یه‌ پێشترو هه‌ر ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كی دادوه‌ری رایگه‌یاند دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دواخستنی سه‌یركردنی ئه‌و داوایه‌ی داوه‌ كه‌ له‌لایه‌ن هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تحه‌وه‌ پێشكه‌شكراوه‌ له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان.

هه‌ر ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ به‌ئاژانسێكی ره‌سمی راگه‌یاندووه‌، دادگای فیدڕاڵی ئه‌مڕۆ بڕیاریدا به‌دواخستنی سه‌یركردنی داوایه‌كی هادی عامری سه‌رۆكی هاوپه‌یمانی فه‌تح بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان بۆ 13ی ئه‌م مانگه‌.

عامری دوێنێ شه‌ممه‌ له‌میانی كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: تانه‌یان له‌به‌رامبه‌ر ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان پێشكه‌ش كردووه‌، راشیگه‌یاند كه‌ئه‌وان به‌گوێره‌ی نه‌ریتی یاسایی به‌ڵگه‌ی ته‌واویان له‌سه‌ر ساخته‌كاری هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌لایه‌ هه‌روه‌ها 6 راپۆرتیان له‌سه‌ر دۆسیه‌ی ساخته‌كاری و سه‌رپێچییه‌ یاساییه‌كانی كۆمسیۆن هه‌یه‌.

روونیشی كرده‌وه‌، ته‌نانه‌ت كۆمسیۆن سه‌رپێچیشیان له‌یاساكه‌ی خۆشیان كردووه‌ له‌راگه‌یاندنی ئه‌نجامه‌كان و بڵاویانكرده‌وه‌ كه‌ له‌94%ی ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كانیان راگه‌یاندووه‌، به‌ڵام له‌واقیعدا ئه‌وه‌ی رایانگه‌یاند له‌ 79%ی ئه‌نجامه‌كان بوو.

PUKmedia تایبه‌ت
 

ئەمانەش ببینە

زۆرترین خوێنراو

هەواڵەکان دەنێرین بۆ مۆبایلەکانتان

ئەپڵیکەیشنی

دابەزێنە

The News In Your Pocket